کۆچی دوایی مام حەسەن فەلاحی ناسراو بە حەسەن دیواڵی پێشمەرگەی پێشووی دێموکرات

کۆچی دوایی مام حەسەن فەلاحی ناسراو بە حەسەن دیواڵی پێشمەرگەی پێشووی دێموکرات

کاتێک چاو بە مێژووی پڕشنگداری حیزبی دێموکراتی کوردستان دا دەخشێنی و شانازی بە ڕابردووی ئەم حیزبەوە دەکەی، دەبێ و پێویستە کە هەموو لایەکیش ببینی و لە هەمانکاتدا ناکرێ چاوپۆشی لە هەندێک ڕووداو و کارەسات و هەروەها گەورەیی و سەخاوەتمەندی تێکۆشەرانی دێموکراتیش بکەی.

ئەو مێژووە پڕشنگدارەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هیچ کەس و لایەنێک خەوشدار ناکرێ و کەسیش ناتوانێ نکۆڵی لە خەبات و تێکۆشانی دیار و بەرچاو و شوێندانەری ئەو تێکۆشەرانە بکا، چوونکە بە هەزاران کەس لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ڕێگای ئازادی دا ژیان و تەمەنیان بۆ گەورەیی ئەو حیزبە تەرخان کردووە و حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کردۆتە پێشەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

یەکێک لەو تێکۆشەرانەی کە خزمەتێکی دیار و بەرچاوی بە بزووتنەوەی کورد بە گشتی و بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کاک حەسەن فەلاحی ناسراو بە حەسەن دیواڵی‌یە. کاک حەسەن دیواڵی ساڵی ١٩٥٤ی زائینی لە بنەماڵەیەکی هەژار و وەرزێری گوندی دیواڵان لە کوێستانی بە ناوبانگی لانک و گیارەنگی سەربەرزی سەردەشت لە دایک بووە.

کاک حەسەن بە هۆی هەژاری و دووری گوندی دیواڵان لە شار و لە گوندە گەورەکانی ناوچە، بە داخەوە نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە، بەڵام نەخوێندەواری کاک حەسەن نەبوو بە هۆکار کە نەتوانێ ئاشنایی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد و شوناسی نەتەوەیی هەبێ، هەر لە هەڕەتی لاوەتی دا تێکەڵ بە شۆڕشگێرانی ساڵەکانی ٤٧ و ١٣٤٦ ی هەتاوی دەبێ و دواتر کاتێک دەبینێ کە شەهید مەلا ئاوارە لە گوندی دیواڵان بە دەستی سیخوران و جاش سفەتان تەسلیمی ژاندارم دەکرێ ، هەر لەم قۆناخە دا بیری تۆڵەکردنەوە و پێشمەرگانەی لە ژیانیدا زیاتر چەقەرە دەکا و بیری ئازادیخوازی دەبێتە بەشێک لە ژیانی کاک حەسەن دیواڵی.

لەگەڵ یەکەم چەخماخەی ڕاپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران، مام حەسەن دەگەرێتەوە نێوخۆی وڵات و ئەوجار ڕاستەوخۆ وەک پێشمەرگەی دێرین لە بنکەی حیزب لە گوندی ئاڵەوتان و هێز و کۆمیتە شارستانی سەردەشت درێژە بە ئەرکی پێشمەرگایەتی دەدا و دواتر لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبدا و لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێراندا خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی دەکا. لە هەموو قۆناخەکان دا شان بە شانی هێزی پێشمەرگە و ڕێبەری حیزب بەشداری ئەم شۆڕشە دەبێ و دوای ماوەیە لە بەشی خەدەماتی حیزب دا بەوپەری لێهاتوویی و شارەزای‌یەوە کارەکانی بەڕێوە دەبا، مام حەسەن دیواڵی پێشمەرگەیەکی سادق وڕاستگۆ، پێشمەرگەیەکی بوێر و بە هەڵوێست و خەمخۆر بوو، لە بەشی تداروکاتی حیزب و نانەواخانەی حیزب دا کاری دەکرد و کەم کەس هەیە کە نانی دەستی مام حەسەنی نەخوارد بێ.

مام حەسەن کەسێکی ئەمانەتدار و ئەمین و هێمن و دەم بەخەندە و قسەخۆش بوو، خزمەتەکانی مام حەسەن هێند زۆرن کە بەم چەند دێرە ناتواندرێ باس لە هەموویان بکرێ، بەڵام هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین مام حەسەن بە مانای وشە پێشمەرگە بوو، پێشمەرگەیەکی سادق، ئەمین و جێگای متمانەی ڕێبەری حیزب و هەموو لایەک بوو، لە کاتی تەنگانەدا تفەنگ بەدەست سەنگەری بەرگری دەگرت، لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی دا کاتێک رژێمی ئێران بە مەبەستی گرتنی دەفتەری سیاسی حیزب هەزاران کەسی وەک گاڕان هێنابوون کە قەڵای دێموکرات بگرن ، ئەوە مام حەسەن بە تفەنگی شانی و بە ورەی بەرزی لەگەڵ کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەنگەری لە هێزی زۆر و بۆری دوژمن گرت بوو و ئامادەی گیان فیدایی بوو.

مام حەسەن لەگەڵ هاوسەری ژیانی دادە گوڵێ، خەمخۆری بنەماڵەکان و کادر و پێشمەرگەکان بوون، بەردەوام لە هەموو بوارێکدا خزمەتیان دەکرد و ژیانیان تەرخانی ئاوەدانی و پاکی و خاوێنی و جوانی کەمپەکانی حیزب کرد بوو، بەردەوام دوای ئەرکی پێشمەرگانەیان خزمەتی گشت لایەکیان دەکرد و ماڵیان ماڵی هەموو پێشمەرگەیەک بوو.

بەداخەوە بە هۆی درێژ بوونەوەی شۆڕش و وەزعیەتی باشووری کوردستان مام حەسەن بە ناچاری ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر و ماوەی ١٤ ساڵ بوو کە لە وڵاتی هولەند دەژیا و هەمیشە بیر و هۆشی هەر لە کوردستان بوو، مخابن ئەو ماوەیە مام حەسەن بە هۆی نەخۆشی زۆر بێ تاقەت ببوو، سەرەرای چاوەدێری چڕی نەخۆشخانە و دوکتورەکان، بەداخەوە کاک حەسەن ئەمرۆ ٠٤ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی لە وڵاتی هولەند کۆچی دوایی کرد و بەم کۆچە هەموو لایەکمانی خەمبار کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی مام حەسەن لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە دادە گوڵێ، منداڵەکانی چیمەن، شنە ، بەهار و ئاوات و گشت خزمانیان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم وخۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و هیوادارم کە تەمەن درێژ و ساخ  وسەلامەت بن.

رووحی مام حەسەن شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٠٤ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی