پیاوێک لە ڕەگەزی نەبەزی

پیاوێک لە ڕەگەزی نەبەزی

زۆر بەداخەوە کاک حەمەدەمین باڵەکی باوکی فەرماندەی بە توانای گەلەکەمان کاک عەلی باڵەکی و باوکی شەهیدی هەرگیز نەمر خالید باڵەکی لە تەمەنی ٨٣ ساڵی و بە هۆی بەساڵاچوویی و دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کاک حەمەدەمین باڵەکی یەکێک لە کەسە دیار و خۆشناوەکانی ناوچەی مەهاباد و شاری مەهاباد بوو، کەسێکی هەڵسوور و کاسب، مرۆڤێکی خاکی و نیشتمانپەروەر و کوردخۆشەویست بوو. کاک حەمەدەمین کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆز و بە هەڵویست بوو، ژیانی خۆی تەرخانی خزمەت بە گەل و نیشتمان کرد بوو، هەر بۆیەش دوای ڕووخانی پاشایاتی، بە بنەماڵە دەبنە پێشمەرگە و دواتر دوو کوڕی و برایەک و دوو برازای لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خزمەتی گەل و نیشتمان دەکەن، کوڕ و برازاکانی پلەکانی بەرزی بەرپرسایەتیان بڕی و لە کاتی هەڵسوورانی بێ‌وچان و بوێرانەیان دا بنەماڵەی باڵەکی بوونە چەقڵی چاوی دوژمن و کۆماری ئیسلامی ئێران.

هەڵسووران و خزمەتەکانی باڵەکی‌یەکان بۆ دۆست و دوژمن دیار بوو، کوڕەکانی کاک حەمەدەمین لە پێشەوەی شەڕگەکان دا لمبوزی جاش و خائین و خۆفرۆشانیان لە عەرز وەردەدا، حەماسە خوڵقێنی پێشمەرگەکانی هێزی شەهید پێشەوا و بەشداری چالاکانەی فەرماندە عەلی باڵەکی و کادری خۆشناوی گەلەکەمان شەهید خالید باڵەکی، وای لە دوژمن کرد بوو کە بۆ بە چۆک داهێنانی کاک عەلی و شەهید خالید و کاک عومەر باڵەکی تێکۆشەر، پەنا بۆ گرتن و ڕاودونانی ئەندامانی بنەماڵەی باڵەکی بە گشتی و کاک حەمەدەمین باڵەکی بە تایبەتی بەرن.

بۆ بە چۆک داهێنانی باڵەکی‌یەکان دوژمن لە هەموو شێوەیەک کەڵكی وەرگرت، بە دەیان جار کاک حەمەدەمین و هاوسەری ژیانی لە لایەن جاش و سیخور و ئیتلاعاتی و سوپای پاسدارانەوە بێ‌حورمەتیان پێکرا و ڕاپێچی گرتووخانە کران، لە ماڵ وەدەر نران و لە شار دەرکران و بەرەو چیاکانی کوردستان و باشووری کوردستان دەرکران، بەڵام هیچ کات کاک حەمەدەمین و هاوسەری ژیانی تەسلیمی ویست و داوخوازی‌یەکانی کاربەدەستانی سوپا و ئیتلاعات و جاش مەنگورەکان نەبوون، هەر کاتێکیش کاک حەمەدەمین چاوی بە کوڕ و برازاکانی کەوت بێ، داوای ڕاوەستاوی و بەردەوامی لە کار و ئەرکی حیزبی دا بۆ بە ئاوات خواستوون، خۆی گووتەنی بە هۆی هەڵسوورانی پێشمەرگانەی کوڕەکانی سەری لە نێو کۆمەڵگادا بە قەد هەموو شاخە بەرزەکانی کوردستان بەرز بووە و شانازی بە کوڕەکانی و گشت پێشمەرگەکانی کوردستانەوە کردوە.

مخابن کاک حەمەدەمین بە ئاواتی دڵی خۆی کە ئازادی کوردستان و گەرانەوەی سەربەرزانەی کوڕەکانی و برازاکانی بوو نەگەیشت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات بێ هیوا و بێ ئومێد نەبوو، لەگەڵ خەڵکی ناسیاو و دەوروبەری زۆر بوێرانە باسی لە ڕۆژانی ڕابردووی خۆی و بنەماڵەکەی و سەروەری‌یەکانی پێشمەرگە دەکرد و هاندەری برایەتی و تەبایی و کاری شۆڕشگێرانە بوو.

لە سەر هەڵوێستەکانی و لە سەر بوێری و چاونەترسی زۆرجار تووشی بە تووشی سوپای پاسدارنەوە دەبوو و بە هەموو شێوەیەک دەیان خستە ژێر چاوەدێری و زۆرجار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و بە تووندی لێکۆلینەوی لێکراوە. بەڵام هیچ کات لێپرسین و لێکۆلینەوەکان نەبۆتە هۆی ئەوە کە لە هەڵوێستەکانی پەشیوان ببێتەوە و یا ملکەچی دوژمن بووبێ، بەڵکوو بە پێچەوانە هەموو کات سوورتر لە پێشوو ، بە ئیرادە و ورەی زیاترەوە لە نێو خەڵک و کۆمەڵگا دا دەردەکەوتەوە.

زۆر بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێک بوو کاک حەمەدەمین بە هۆی بە ساڵاچوویی و نەخۆشی و بێ تاقەتی نەیدەتوانی هاتووچۆ بکات و ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبوو، دوای ئەوە کە دوکتورەکان لێی بێ هیوا بوون بەداخەوە ئەمرۆ ڕێکەوتی ٠٣ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەی دا کۆچی دوایی کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی مەزنەپیاوی بنەماڵەی گەورەی باڵەکی و کەسایەتی دیار و خۆشناوی ناوچەی مەهاباد، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاورێی فەرماندەی ڕۆژە سەختەکانم، برای هەموو قۆناخەکانی پێشمەرگایەتی و تاراوگەم کاک عەلی باڵەکی و ئەندامانی بنەماڵەی بەرێز و شۆڕشگێری باڵەکی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی کاک حەمەدەمینی ورە بەخش دەزانم.

ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.

یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ئاگاداری بنەماڵەی باڵەکی

٠٣ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی