کۆچی‌دوایی هاوژین و یاری وەفاداری نەمر جەلیل گادانی

خاتوو ئامینە شێخە دێگەیی هاوژین و یاری وەفاداری کەسایەتیی ناوداری کورد، نەمر جەلیل گادانی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو ئامینە شێخە دێگەیی، هاوژین و یاری وەفاداری کەسایەتیی ناوداری کورد، نەمر کاک جەلیل گادانی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
خاتوو ئامینە ژنێکی نیشتمانپەروەر و وەفادار بە بەها نەتەوەییەکانی گەلی کورد بوو.
ناوبراو لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و تێکوشەری باشووری کوردستان لە دایک بووە و لە ئامیزی باوکی ” شێخە دێگەیی”، کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەی باشووری کوردستان پەروەردە کراوە.
خاتوو ئامینە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ کەسایەتیی ناوداری کورد، نەمر کاک جەلیل گادانی، ژیانی هاوبەشی پێک‌هێنابوو و تێکەل بە شۆڕشی حەقخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببوو.
خاتوو ئامینە کەسایەتییەکی دڵسۆز و خەمخۆری هەموو بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بوو کە بەداخەوە پاش کۆچی‌دوایی نەمر کاک جەلیل گادانی خاتوو ئامینە تووشی نەخۆشی دەبێ و بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە شاری هەولێر بەیەکجاریی ماڵاوایی لە تێکوشەران وهاوسەنگەرانی نەمر کاک جەلیل گادانی دەکات.
جێگای ئاماژەیە کە کەسایەتیی ناوداری کورد نەمر کاک جەلیل گادانی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی پاش چەندین دەیە خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای گەلی کورد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچی‌دوایی خاتوو ” ئامینە شێخە دێگەیی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورە و کوردپەروەری شێخە دێگەیی و هەروەها بنەماڵەی ناوداری گادانی دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.