ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مروڤ

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مروڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی
هاونیشتمانییان!

ناوەند و کۆمەڵە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ!

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ (۱۹ی دێسامبری ٢٠٢١ز) زیندانیی سیاسیی کورد “حەیدەر قوربانی” لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێک تۆمەتی بێ‌بنەما و نەسەلمێنراوی دیکە بەنهێنی و بەبێ ‌ئاگاداریی پارێزەر و بنەماڵەکەی لە سێدارە درا.
ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ حەیدەر قوربانی، تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی عەلی قوربانی، خەڵکی گوندی “بزوەش”ـی کامیاران لە گەڵ ژن‌براکەی بە ناوی “مەحموود سادقی” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەسبەسەر دەکرێن. ئەو دوو هاونیشتمانییە دوای گرتنیان دەکەونە بەر ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر هەتا “حەیدەر قوربانی” ناچار دەکەن لەبەرچاوی کامێرا لە تەلەڤیزیۆنی “پڕێس تیڤی” دان بە تاوانی نەکردەی دابنێ. ئەوە لە حاڵێکدایە بە پێی بەدواداچوون و قسەی پارێزەرەکەی و خەڵکی ناوچەکە، حەیدەر قوربانی هیچ پەیوەندییەکی بەو تاوانەوە نەبووە و بەپێی هەموو پێوەرە یاساییەکان کە لە زاری وەکیلی “حەیدەر قوربانی” باس کراون، ئەوپەڕی سزا بۆ ناوبراو لەو پەیوەندییەدا “هاوکاری” لە کوشتنە نەک “بەشداری”، کەوابوو ئەوەی لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێ پابەندنەبوونی دەزگای قەزاییی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە تەنانەت بەو یاساوڕێسایانەی کە بۆخۆی نووسیونییەتەوە.
بە چاوخشاندن بە پەروەندەی “حەیدەر قوربانی” و لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ئەشکەنجە و ئازارانەی کە لە زاری خۆیەوە دەیگێڕێتەوە، دەبینین کە ناوبراو بەبێ تاوان و بە نایاسایی حوکمی سێدارەکەی لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا بەسەردا سەپا و جێبەجێ کرا. بێ‌باکیی ئەو ڕێژیمە و دەمەلاسکەی بەرامبەر جیهانی ئازاد کە چەند ڕۆژ لەوە پێش لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان سەبارەت بە پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆڤ مەحکوم کرا، سەلمێنەری ئەوەیە کە مەخابن ئەم ڕێژیمە پێبەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئینسانی و جیهانی و تەنانەت ئیسلامییش نییە.

ئێمە لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو تاوانە قیزەونە و دوور لە یاسایە مەحکووم دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین کە زۆر بە جیددی بەدواداچوون بۆ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا بکەن، بە تایبەت چاوەدێریی ڕەوشی ئەو بەندکراوە سیاسییانە بکەن کە هەر ئێستا لە ژوورە تاکەکەسییەکان و لەژێر ئەشکەنجە و مەترسیی سزای ئێعدام دان.

٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی

٢٠ی دێسامبری ٢٠٢١ی زاینی

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان