یادێک لە خوشکانی میراباڵ و لێکەوتەی ٢٥ ی نۆڤێمبر و… حەسەنی حاتەمی

لە ٢٥ ی نۆڤێمبری ١٩٦٠ دا، لە کۆماری سەرەڕۆی ژێنڕاڵ “رافائل تورخیو”ی دۆمێنیکێن لە ئەمریکای ناوەندی دا، سێ خۆشکی تێکۆشەری رێی ئازادی، گەلی و یەکسانیخوازیی بنەماڵەی میراباڵ بە ناوەکانی پاتریلا ٣٨ سالە، کە ماوەی سێ ساڵ لە قوتابخانەیەکی کاتۆلیکی ڕۆژانە و شەوانە خوێندبووی. مینروا ٣٣ ساڵە، کە خوێندنی زانستگایی هەبوو، ماریا ترێسا ٢٤ ساڵە،کە لە رشتەی متماتیک یا ڕیازی دا، خوێندنی باڵای تەواو کردبوو؛ لە لایەن مەئموورانی دەسەڵاتدارانی ماف پێشێلکاری ئەو ڕێژیمە، لە کاتی گەڕانەوە لە چاوپێکەوتن (ملاقات)ی هاوژین (مێرد)ەکانی ماریا ترێسا و مێنورا، لە زیندان بۆ ماڵەکانیان ، لە نێو ماشین دایاندەبەزێنن. بە شۆفیرەکەشەوە کە خانمی “رافینو دلا کروز” بوو، لێکیان جیا دەکەنەوە. سەرەتا وەبەرباتوومانیان دەدەن و دواتر بە شکەنجە و ئازار گیانیان لێدەستێنن. ئاماژە بە خنکاندنیشیان دەکرێ. پاشان کۆیان دەکەنەوە یەک جێ، لە ماشێنە جیبەکەیان داوێن و لە ڕێگەیەکی کوێستانی و شاخاوی ڕا بەریاندەدەنەوە، هەتا وا بنوێنێ ماشێنەکەیان هەڵدێراوە!!!!؟؟؟
ئەو کارەساتە، کارێگەرییەکی زۆر گرینگی لەنێو کۆمەڵگە و بەتایبەتی خەباتکاران بۆ ئازادی و دێمۆکراسی لە نێو دۆمینیکێن دانا. ” بە پێی وتەکانی مێژووناس “برنارد دید ریچ”، “تێڕۆڕی خوشکانی میراباڵ” پتر لە جینایەتەکانی دیکەی “تورخیو” خەڵکی دۆمێنکێنی دڵگران کرد.” و ڕێگەی بۆ “تێڕۆر”ی “تورخیو” کە ٦ مانگ دواتر ڕووی دا، خۆش کرد. ئەو خوشکانە کە پێشتر لەگەڵ هاوژینەکانیان گیرابوون، و بەهۆی “ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمریکایی” ئازاد کرابوون. ئەوان لەگەڵ گرووپێک، ڕێکخراوێکیان بە ناوی ١٤ ی ژوئن دژی سەرەڕۆیی “تورخیو” دامەزراندبوو کە ئامانجیان لادانی سەرەڕەویی و جێگێرکردنی ئازادی، دێمۆکڕاسی و یەکسانی بوو. دواتر ئەو سێ خوشکە دەبنە سیمبولی خەباتی گەلیی و فێمینیستی”. ئەو سێ خوشکە لەنێو گرووپی خۆیان دا، ناوی خۆیان نابوو “پەپوولەکان”، کە لە ناوی نهێنی مینڕویا وەرگیرابوو.
٢١ ساڵ دوای جینایەت گیانلێئەستاندنی خوشکانی میراباڵ، لە بۆگۆتا پێتەختی کۆلۆمبیا، خۆپێشاندانێک بە بەشداریی پشتیوانان مافی ژنان لە ئەمریکای لاتین و دەریای کارائیب چێ دەبێ. لەوێ ڕۆژی کوشتنی خوشکانی میراباڵ وەک، ڕۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، پێشنیار دەکرێ. لە ساڵی ١٩٩٩ زایینیش کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی ٢٥ ی نۆڤێمبری وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی خەبات لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان دیاری دەکا.
ئەمساڵ کە ٦١ ساڵ بەسەر کارەساتی دڵتەزێنی ئەو سێ خۆشکە تێدەپەڕێ؛ و ٢٢ مین ساڵە وەک ڕۆژێکی جیهانی خەبات لەگەڵ توندتیژی دژی ژنان ڕێزی ڵێدەگێری و ڕێوڕەسمی جۆراوجورلە دونیا دا، بەڕێوە دەچن. ماڵپەڕێک کە بۆ بیرەوەریی لە خوشکانی میراباڵ پێک هاتبوو نووسی: گرینگ نییە “تورخیو” چەند جار ئەوانی زیندانی کرد. گرینگ نییە چەند جار دەستی بەسەر ئیمکانات و دااراییەکانیان داگرت، مینورا، پاتریلا و ماریا ترێسا، هیچکات تەسلیم نەبوون و لە بەرپرسایەتییان بۆ پێک هێنانی دێمۆکڕاسی و ئازادییە مەدەنییەکان بۆ خەڵکی ئەو دووڕگەیە دریغیان نەکرد.
پێویستە ئەوش باس کرێ کە بنەماڵەی میراباڵ کچێکی دیکەشیان هەبوو، بە ناوی بلژیکا ئادێلا (دێدێ)، ا مارس ١٩٢٤- ١ فوریە ٢٠١٤،. ناوبراو لە فێبڤیریی ٢٠١٤ لە تەمەنی ٩٠ ساڵی دا، ژیانئاوایی کرد.بەڵام نەخشێکی زۆر مەزنی بۆ منداڵەکانی خۆشکەکانی و پارێزگاریی لە یادگارەکانی ئەوان کرد. بۆ وێنە:
بارهێنان و ئاگا لێبوونی ٦ کەس لە منداڵی خۆشکەکانی وەئەستۆ گرت. بەتایبەتی کاری پتری لەسەر “مینووتڕواڕێس” میراباڵ – کچی مینورا- کرد. ناوبراو، لە ساڵی ١٩٩٦ هەتا ٢٠٠٢ جێگری وەزیری دەرەوە بوو. لە سڵی ٢٠٠٢ دا، جێگری حەوزەی نەتەوەیی مەجلیسی ناوچەیی (سفلی) کۆنگرەی دۆمینیکن بوە. یەکێک لە منداڵەکانی دێدێش بە ناوی “جیم دیوید فرناندز” میراباڵ، ماوەیەک وەزیری ژینگە و کانگە سرووشتییەکان و جێگری سەرکۆماری دۆمینیکن بوو.
لە ساڵی ١٩٩٢ دا، دێدێ بونیادی خوشکانی میراباڵی دامەزراند. لە سالی ١٩٩٤ دا، مووزەی خوشکانی میراباڵی لە “سالکدو”، شوێنی لە دایکبوونیان دروست کرد. لە ٢٥ ی ئاگۆستی ٢٠٠٥ کتێبێکی بە ناوی “لە باغچەی هەمیشە زیندووی ئەوان دا” چاپ و بڵاو کردەوە. دێدێ هەتا دوا ساتەکانی ژیانی لە ماڵەکەی “سالکدو”، ئەو ماڵەی خوشەکانی لێ لە دایکبوون ژیا.
میرات و یادگارەکانی خوشکانی میراباڵ
لە ڕۆژی ٢٥ ی نۆڤێمبری ١٩٩٩دا، کە ڕۆژی نێونەتەوەیی لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دیاری کرا، دەستپێکی مەودای ١٦ ڕۆژێکە، کە بۆنەی جۆراوجۆری چالاکی دژی توندوتیژی جنسی بەڕێوە دەچن. دوایین ڕۆژەی ئەو ماوەیە ١٠ دێسامبرە لە ڕۆژی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤە. لە ٢١ی نۆڤێمبری ٢٠٠٧ دا، پارێزگەی” سالکدو” بە ناوی خوشکانی میراباڵ دەکرێ. لەسەر سکەی ٢٠٠ پێزۆی دۆمێنیکنی کاغەز (اسکناس)، وێنەی خۆشکانی میراباڵ کێشراوەتەوە و تەمری نامەشیان بە یادیان چاپ کراوە.
هێمای شانازی ١٣٧ فووتی کە بە دەستووری “تورخیو” لە ساڵی ١٩٣٥ بۆ بۆنەی گوڕینی ناوی “سانتو دومینگو” بە “سویدا تورخیو” ساز کرابوو، بە نیگارکێشی دیواریی بە شانازیی خۆشکانی میراباڵ گۆڕا. لە ساڵی ٢٠١١ “بانگ پروس” بوو بە سپانسیر و پشتیوانی ئیجرایی ئەو وێنەیە بە هۆی “داستین مونیز”؛ وەک: هێمایەکی جیهانی بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتیی و فێمینیسم. خوشکانی میراباڵ بوون بە هۆی ئەوەی ڕێکخراوگەلێک دامەزرێن و ئاگایان لە میراتەکانیان بێ . یەکێک لەو ڕێکخراوانە، ناوەندێکی فەرهەنگیی خوشکانی میراباڵە کە “غەیرە انتفاعی” (بێ سوو وەرگرتن) ە و بۆ باش بوونی وەزعی بنەماڵەی پەنابەران هەوڵ دەدا.
کاریگەریان لە فەرهەنگیی گشتی دا
لە مێژووی وانەی قوتابخانە دەوڵەتییەکان دا، خوشکانی میراباڵ وەک: کەسایەتیی نەتەوەیی ناسێندراون. پێشانگایەک بەشێک لە کەل و پەلەکانیان لە مووزەی مێژوویی و جوغرافیایی “سانتو دۆمینگو” بۆ تەرخان کراوە. لە جێگەی وێنەی “تورخیو” لەسەر دیواری، وێنەی خوشکانی میراباڵ کێشراونەتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٤ دا، نووسەری ئەمریکایی “دومنیکن خویی آلوارز” ڕۆمانێک بە ناوی “پروانەها” (پەپوولەکان) چاپ و بڵاوکردوە؛ کە ژیانی خوشکانی میراباڵ بە شێوەی داستان دەگێڕێتەوە. بە پێی ئەو ڕۆمانە لە ساڵی ٢٠٠١ فیلمێک هەر بەو ناوە بەرهەم هێنرا. خوشکانی میراباڵ لە ڕۆمانی “زندگی شگفت انگیز” (ژیانی جێی سەرنج) ” اسکاروائو” نووسراوی “خونات دیاز” نووسەری ئەمریکایی- دۆمینکێنیش دا، باسیان کراوە. داستانی سێ خوشک لە قەوارەی کتێبی منداڵ بە ناوی “چگونە پروانەها بال در می‌آورند” (چۆن پەپوولەکان هەڵدەفڕن) بە وێنە کێشراونەتەوە.
“سیسیلیا دمیکو” ، فیلمسازی شیلیایی فیلمێکی دێکۆمێنتاری بە ناو و ڕەمزی “پەپوولەکان”، بەرهەم هێنا. ئەو فییلمە لەگەڵ دێدێ و ئەندامەکانی دیکەی بنەماڵەی میراباڵ ئەنجام دراوە. “میشلیە روودیگرز” ی ئەکتەر کە لە بەهەرهەمهێنان و یاری لە فیلمی “خون گرمسیری” (خوێنی گەرمەسێری) بەشدار بووە، باسی ژیانی ئەو سێ خوشک دەکا. ناوبراو لەو فیلمە دا، نەخشی “مینروا” یاری دەکا. دێدێ لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دا، بەشدارە.
“ماریوس وارگاس یوسا” ساڵی ٢٠٠٠ لە ڕۆمانی “سوریز ترور تورخیو” و کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵکی دۆمێنیکێن، ئاماژە بە خوشکانی میراباڵ دەکا. “مایکل – ری پالارس گونزالز” یاریزانی بەناوبانگی دۆمێنیکێنی، ئاموزای خوشکانی میراباڵە.
وێڕای یادی ئەو خوشکانە و شۆفیرەکەیان و بەهێندگرتنی خەبات و تێکۆشان لە هەموو جیهان بۆ نەهێشتنی توندو و تیژی دژی ژنان و کچان، پێویستە پتر هەوڵ بدرێ لەو وڵات و شوێنانەی کەمتر مافی ئینسانی، بەرانبەریی و دێمۆکراسی لەبەرچاو دەگیرێن، کە بەداخەوە، ئێران و کوردستانیش هەموو بەشەکانی دەگرێتەوە؛ خەباتی ژنان و پیاوانی – یەکسان خواز- ببێتە بەشێکی زۆر گرینگ لە هەڵسوکەوت و فەرهەنگیی ژیان، بەتایبەتیی لەنێو کۆمەڵگەکانی کوردستان دا.
بەڕێز و گشتگیر بێ، بیری بەرزی ٢٥ ی نۆڤێمبر.
یادی خوشکانی میراباڵ و هەموو ئازادیخوازانی گیان فیدا، بەرز و هەرمان بن.
حەسەنی حاتەمی
٢٥ ی نۆڤێمبری ٢٠٢١ (٤ ی سەرماوەزی ١٤٠٠)
سەرچاوەکان:
گووگل، یوتیووب و ویکی پیدیا.