بەڕێوەچوونی سمیناری هاوبەشی کۆمیتەی سوید و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوید

سمیناری هاوبەشی کۆمیتەی سوید و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی نوامبری ٢٠٢١ کۆمیتەکانی دەرەوە و سویدی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٥ نوامبر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، سمینارێکیان بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە شاری “ئورێبروو”ی وڵاتی سوید و بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی وڵاتی سوید و نوێنەرانی وڵاتانی نۆروێژ، سویس و فینلاند پێک هێنا.
سەرەتای کۆڕەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ هاودڵی و هاوخەمی لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بوونەتە قوربانی توندوتیژی دەستی پێکرد.
پاشان لەلایەن بەڕێوەبەرانی سمینارەکە، خاتوو “پەروین شەکووری” و خاتوو “هاوناز کەریمی” بە هەر دوو زمانی کوردی و سویدی بەخێرهاتنی میوانان کرا و کورتەیەک لە مێژووی ٢٥ی نوامبر و ڕۆژی پرتەقاڵی خوێندرایەوە.
بەشی یەکەمی سمینارەکە بە گۆرانی “ئەی براکەم” دەستی پێکرد کە لەلایەن گرووپی موزیکی “شەوگار”ەوە ئامادە کرابوو.
پاشان دەروونناس،خاتوو “بێتی کۆهلێر”، باسێکی سەبارەت بە سڵامەتی ڕەوان و بە گشتی هۆکارەکانی یاریدەدەر بۆ سڵامەتی مرۆڤ بە زمانی سویدی پێشکەش کرد.
خاتوو بێتی لە باسەکەیدا ئاماژەی بەو خاڵانە کرد کە کاریگەرییان لەسەر سڵامەتی دەروونی مرۆڤ هەیە و باسی گرینگیی شێوەی ژیان و خواردن و خواردنەوە و هەروەها خەو و وەرزش کردن کرد.
گرینگی و پێویستیی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ لە کاتی خەمۆکی دا و شێوەی یارمەتیدان لەلایەن دەروونناس و کەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا بەشێکی دیکەی باسەکەی خاتوو بێتی بوو کە پاشان لەلایەن خاتوو “کەژاڵ ئەحمەدی” یەوە وەرگێڕایەوە سەر زمانی کوردی و دواتر لەلایەن خاتوو بێتی یەوە وەڵامی پرسیار و تێبینی بەشداربووان درایەوە.
لە درێژەی سمینارەکەدا، شاعیری هەست‌ ناسک “کوێستان عومەرزادە” بە چەند کۆپلە شێعر و بە هاوکاریی گرووپی موزیکی شەوگار زیاتر سمینارەکەیان ڕازاندەوە.
لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا، لەلایەن خاتوو “گوڵەڵە شەرەفکەندی” چالاکی سیاسی و چالاکی بواری مافی ژنان باسێک لەژێر سەردێڕی نۆڕماڵیرەبوونی توندوتیژی و نۆڕماڵیزەبوونی بێدەنگی، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
بەڕێزیان لە باسەکەیدا بە گشتی تیشکی خستە سەر واتای توندوتیژی و بە تایبەتی ئاسایی‌بوونی توندوتیژی و بێدەنگی کردن لەو پێوەندییە‌دا و هەروەها شێوەکانی توندوتیژی و سەرەتای دەستپێکردن و ڕاهاتن لەگەڵ توندوتیژی و مانەوە لە پێوەندییەکدا کە توندوتیژی تێدا ئەنجام دەدرێت.
خاتوو گوڵاڵە هۆکارەکانی قبووڵ‌کردنی توندوتیژی و مانەوە لەو چەشنە پێوەندییانەیدا بۆ بەردەوام گوێبیست‌بوونی توندوتیژی گەڕاندەوە و وتی کە ئەو نۆڕماڵ بوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کە وەک جاران پەرچەکردارمان دژی توندوتیژی نەبێت و بە ئاسایی و ئاسانی ئەو کردەوانە وەربگرین و قبووڵی بکەین.
شایانی باسە کە ئەو کۆڕە پاش چەند کاتژمێر کۆتایی ‌پێهات.