کۆچی دوایی کەسایەتی‌یەکی خۆشناوی سەردەشت مام ئەحمەد میرشێخ‌حەیدەری

مردن بەشێک لە سرووشتی ژیانە و هیچ کەس نازانێ کەی و چۆن دەمرێ، هەر بۆیە جیا لەوە کە هەموومان بیر لە ژیان دەکەینەوە، هاوکات چاوەروانی ئەوەشمان هەیە کە ڕۆژێک مردن بەر بینگمان پێ بگرێ و کۆتایی بە ژیانمان بێنێ.

ئەوەی لێرەدا دەمهەوێ بینووسم ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤ ناتوانێ پێش بە مردن بگرێ، بەڵام دەتوانێ بزانێ بۆچی دەمرێ و چ مردنێک بە نسیبی خۆی دەکا، زۆرن ئەوانەی کە دوای مردنیشیان هەروەک پێشوو کاریگەریان لە سەر ژیانی مرۆڤەکان هەیە و زیاتر دەچنە نێو دڵی مرۆڤەکانەوە، لە نێو گەلی کورد دا بە خۆشیەوە زۆرن ئەو مرۆڤانەی بۆ گەل دەژین و بۆ گەلیش دەمرن.

لە ساڵەکانی ١٣٥٥ ی هەتاوی‌یەوە مام ئەحمەدی میرشێخ‌حەیدەریم لە ڕێگای باوکی ڕەحمەتیمەوە دەناسی، ئەو کات سەردەشت وەک ئێستا گەورە نەبوو، خەڵکی ئاوایی و گوندەکانی دەوروبەری بۆ دابین کردنی شتوومەکی خۆیان ڕوویان لە سەردەشت دەکرد و بە فرۆشتنی بەروبوومی خۆیان ، کەرەسە و کەل و پەل و شتوومەکی ڕۆژانەی بنەماڵەیان دابین دەکرد. مام ئەحمەد زۆربەی حەوتووەکان سەردانی دووکانی ئێمەی دەکرد و زۆرجار لەگەڵ باوکم دەهاتنەوە ماڵێ و لەوێ ئیسراحەتی دەکرد و دواتر کارەکانی دیکەی ڕادەپەراندن، زەمان هاتو و ڕۆیشت و ساڵانێک مام ئەحمەدم نەدیتەوە، بۆشم پرسیار نەبوو بۆچی مام ئەحمەد دیار نییە، چوونکە کەسانی دیکەی وەک مام ئەحمەد ڕۆژانە دەهاتنە لای باوکم و هاتووچۆ کەم و زۆر دەبوو.

پاییزی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی مام ئەحمەدم لە مەقەری حیزب لە شاری قەڵادزێ دیت، ئەوەی لە راستی دابێ تەنیا ناوەکەم دەزانی و بیرەوەری دەورانی ١٠ ساڵ پێشووم لە بیر و مێشکم دا وەک فیلمێک لێدرایەوە، بە دەم چا خواردنەوە لە مەقەری حیزب، چەند بریندارێک و چەند پێشمەرگەیەک بیرەوەری خۆیان دەگێرایەوە و جارجار ئاوڕێکیان لە مام ئەحمەد دەدایەوە و ئەویش بە شێوەی خۆماڵی پشت گوێێ دەخستن.

مام ئەحمەد و کاک حەسەنی حاجی مەلا قەڵەڕەشێ بە یەکەوە باسی سەردەشتیان دەکرد، منیش هەروا گوێم لە باسەکانیان گرتبوو، مام ئەحمەد گووتی کە فڵان کەس لە سەردەشت پیاوی چاکە و کاک حەسەنیش دەیگووت نەخێر وا نییە و ئێستا پیاوی حکوومەتە و زۆریش خەراپە، باسەکەیان هەروا بەرەو ئاڵۆزی دەچوو و گووتم کاکینە، ئەوەی ئێوە باسی دەکەن ئەمن دەیناسم و ئەو کەسە پیاوێکی زۆر شەرم بەخۆیە و زۆریش شۆڕش و پێشمەرگەی خۆشدەوێ. بەو قسەی من هەر دووکیان گووتیان ئەتۆ چۆنی دەناسی؟!

گووتم: ئەمن خەڵکی سەردەشتم و دوای ئێوەش بوومە پێشمەرگە و تەنانەت ئەو کەسە بە ماڵ و منداڵەوە دەناسم و دواتر خۆم پێ ناساندن.

هەر کە خۆم ناساند، مام ئەحمەد هەستا و ڕێک تۆقەی لەگەڵ کردم و لاچاوی ماچ کردم و بە یەکەوە بووینە ئاشنا، ئاشنایەکی وا کە زۆرجار وەک باوکێک سەیرم دەکرد و ئەویش ڕێزێکی زۆری منی دەگرت، ئەوە سەرەتای ناسینی من و مام ئەحمەد لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دابوو.

هەموو ساڵێک لە یەکەم وەرزی بەهار را وێرای کادرو پێشمەرگەکانی هێزی زمزیران بەرەو قوڵایی ناوچە دەرۆیشتین و تا نیوەی پاییز و جارجار تا کۆتایی پاییز لە ناوچەدا جەولەمان لێدەدان.

پاییزی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و دواتریش هەموو پاییزەکانی دیکە کاتێک لە ناوچە و لە شەر و بەربەرەکانی لەگەڵ رژێم دەگەرێنەوە بۆ بنکە و مەقەرەکانمان، کۆمیتە شارستانی ڕەبەت ئەرکی دابین کردنی تداروکاتی گشتی بە من دەسپارد و دەبوومە هاوکاری بەشی تداروکات و لە ڕێگای بنکەی قەڵادزێ‌وە خواردن و پێداویستی‌یەکانی دیکەمان بۆ بنکەکانی حیزب و بنەماڵەکان دابین دەکرد.

لەم بەشەدا ببوومە هاوکاری کاک موعتەسەم نوورانی و مام ئەحمەد میرشێخ‌حەیدەری و بۆ ماوەی چەندین ساڵ پاییز و زستان بە یەکەوە لە ماشێنێکی تویوتا دا سەفەرمان بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان و سەر سنوور دەکرد و شەو و ڕۆژەکانمان بە یەکەوە تێپەر دەکرد، و دەیان مەئموریەتی قورسمان بۆ حیزبەکەمان بەرێوەبردن، بە تایبەت سەبارەت بە هاوکاری حیزبەکانی باشووری کوردستان کە ئەوە بە گەورەترین شانازی هاوکاری‌یەکانمان دەزانم. لەو ماوەیەدا کە بە یەکەوە بووین، مام ئەحمەدم چاکتر ناسی و زۆرجار دەردە دڵی بۆ دەکردین و لەگەڵ هاورێم کاک موعتەسەم گوێمان لێدەگرت.

مام ئەحمەد هاوسەری ژیانی و منداڵەکانی لە نێوخۆی وڵات بەجێ هێشتبوون و دەبوو وێرای ئەرکی پێشمەرگانە هاوکاری بنەماڵەکەشی بکات. هەر بۆیە جارجار لەگەڵ تداروکاتی خۆمان ئەویش بە چەند کیلۆ شەکر و چا و برینج و جارجاریش چەند میترێک قوماش بۆ منداڵەکانی پێداویستی‌یەکانی ژیانی بنەماڵەی دابین دەکرد.

مام ئەحمەد مرۆڤێکی سادە، خۆشەویست و لەبەردڵان بوو، جوان پۆش و خاوێن و قسە خۆش بوو، بەردەوام لەگەڵ کادر و پێشمەرگە و خەڵک لە پەیوەندی دابوو، بە قسەی کەس قەڵس نەدەبوو، هەمیشە دەم بەخەندە و شاد بوو، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی زۆر خۆشدەویستن، هەموو لایەک بۆ خۆشی و شادی ڕوویان لە مام ئەحمەد دەکرد و زۆرجار بە قسەکانمان دەمان بزاوتەوە بۆ ئەوەی قسەی خۆشمان بۆ بکات و جارجاریش بە جنێوێکی خۆماڵی مەجلیسەکەی وە قاقا و پێکەنین دەخست.

کەسایەتی مام ئەحمەد بۆ من و کاک موعتەسەم زۆر بەرز بوو، هیچ کات لێمان عاجز نەدەبوو، لە ماشێن دا قسەی خۆشمان لێ نەدەبران و زۆرجاریش لە زۆر بواردا نەسیحەتی دەکردین و ئەگەر ئێمەش قەڵس بایەن ئەوە ئەوە بە دوو قسەی خۆش تووڕە بوونەکەی لە دڵ دەر دێناین، کاتێک لە قەڵادزێ دەستەوەستان دەبووین  و گرفتی ماڵیمان دەبوو و تووشی بێ دیناری دەبووین، ئەوە مام ئەحمەد دەبوو بە کەفیلی ئێمە و لەگەڵ دووکاندارەکان دە سازا و بەم شێوەیە پشتی تویوتامان لە سەر ئێعتباری مام ئەحمەی پڕ دەکرد.

مام ئەحمەد کەسایەتی‌یەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، لەگەڵ پیرەکان، پیر بوو، لەگەڵ گەنجەکان، گەنج بوو و لەگەڵ گەورەکانیش گەورە بوو، بە ڕاوێژ و زمانی خۆی توانیبووی بچێتە نێو دڵی هەموو لایەک و هەر بۆیەش هەموو لایەک خۆشمان دەویست، لەگەڵ کاک موعتەسەم بیروەری یەکجار زۆر خۆشمان لەگەڵ مام ئەحمەد هەن، ئەو بۆ ئێمە جیا لە هاورێی حیزبیمان برا و پشت و پەنا بوو، هەر کات خەمێکمان هەبایە، ئەو دڵخۆشی دەداینەوە، تا خوا حەز بکا لەگەڵمان لەسەرەخۆ بوو.

ماشێنەکەمان تەنیا جێگای سێ کەس دەبوو، ئەگەر نەفەرمان لەگەڵ بایەن دەبوو لە پشتی تویوتاکە سوار ببان، پشتی تویوتا بۆ کوێستانەکانی سەر سنوور زۆر سارد بوو، چادری ماشێنەکەش تەنیا بای دەگێرایەوە، نەک ساردی و سەرما، زۆرجار ئەگەر نەفەرکانمان ژن و منداڵی ساوا بایەن و یا پیرێکی بە ساڵاچوو بایە دەبوو جێگامان بگۆرینەوە و ئێمەش بچینە دواوە دابنیشین، بۆ مام ئەحمەد لەو تەمەنە دا زۆر باش نەبوو، بۆیە جارجاریش لە قەڵادزێ بە جێمان دەهێشت بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی و سەرما نەبێ.

ساڵانێکی زۆر مام ئەحمەد وەک پێشمەرگەیەکی بە ئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستان خزمەتی کرد، بەرەبەرە تەمەنی مام ئەحمەد لە هەڵکشان دابوو، هەر بۆیە دوای ئەوە شۆرش و بزووتنەوەش دژوارتر بوو، مام ئەحمەد لە سەر ئیزنی حیزب لە بنکەکانی شیوەڕەز را لە کۆتایی‌یەکانی ساڵی ١٣٧٢ ی هەتاوی دا دەگرێتەوە نێو بنەماڵەکەی و تا کۆتایی ژیانی هەروا ئەمەگدارانە هاوکار و پشتیوانی شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستان مایەوە.

خزمەتەکانی مام ئەحمەد لەبیر هاورێ و هاوسەنگەرانی ناچنەوە، دڵسۆزی و خۆشەویستی و وەفای مام ئەحمەد بۆ لێ فێربوون دەبێ، دوایین جار لە کاتی پەتای کۆرۆنا دا بە تەلەفوونی قسەم لەگەڵ کرد و هەروا دڵگەرم و بە وەفا بوو، بە بوغزێکی گریاناوی و بە حەسرەتەوە گووتی بڵێی ئێوە لەبیرتان مابم، چوونکە هەمووی ئێوە لە نێو دڵم دان، خۆشم دەوێن و بیری هەموو ئەو ڕۆژانە دەکەم کە لەگەڵ ئێوە خۆشەویستان بووم.

مام ئەحمەد گیان بە دڵ بۆت بە پەرۆشم، بە کۆچی دواییت خەمبار و نارەحەت بووم، بەڵام یاد و بیرەوەری‌یەکانت هەرگیز لە بیر ناکەم و بۆ هەمیشە لە دڵمان دا دەمێنیەوە، ئەگەر مەجال هەبا چەندین بیروەری جۆراوجۆرم لەم نووسینە کرچ و کاڵەم دا دەنووسین.

ڕووحت شاد و یاد و ناوت لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

لە کۆتایی دا بە بۆنەی کۆچی دوایی مام ئەحمەد سەرەخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە مام ئەحمەدیان دەناسی و هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان و لە خزمان و ئاشنایانی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی گشت لایەک دەزانم.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٣٠ ـ ١٠ ـ ٢٠٢١