بۆ یادی پۆلێک هەڵۆی چنگ بەگڕ و باڵ خوێناوی کوردستان و شەهید کەریم عەلی فەرامەرز

شەهیدان ڕەمزی خۆراگرین
بۆ یادی پۆلێک هەڵۆی چنگ بەگڕ و باڵ خوێناوی کوردستان و شەهید کەریم عەلی فەرامەرز

لە ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی پۆلێک لە باشترین ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد دا لە هێرشێکی بوێرانە بۆ سەر پایەگای حوسێن مامە لە نێوان بۆکان و میاندواو دا شەهید بوون.

ئەمرۆ ٤٠ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی ئەو قارەمانانەدا تێپەر دەبێ، بەڵام نە ساڵەکان و نە درێژبوونەوەی شۆڕش نەیانتوانیوە یاد و ناوی ئەو قاەرمانە شۆڕشگێرانەی دێموکڕات لە یاد و بیرەوەری خەڵکی کوردستان دا بسرێتەوە و بەڵکوو تا دێ گەورەیی ئەوان و جێگای ئەوان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دا زیاتر دەدرەوشێتەوە.

لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دوژمن لە چەند قۆڵەوە بە هێز و ستوونێکی زۆری ماشێن و زرێپووش و تانگ و تۆپەوە و بە پشتیوای هێزی هەوایی بەرەو قوڵایی ناوچەی بۆکان مەغوول‌ئاسا هێرشی کردبوو بۆ ئەوەی شاری بۆکان بگرێتەوە، لەو ماوەیەدا پێشمەرگەکانی دێموکرات لە چەند شەڕگەدا شەریان دەکرد و لە ئاکام دا پێشمەرگەکان توانیبوویان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو هێزە ڕابگرن، بەڵام دواتر هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و دانیشتووانی شاری بۆکان بە گشتی پاشەکشەیان بۆ گوندەکانی دەوربەری بۆکان کرد.
هەر لەو ماوەیەدا پێشمەرگەکان لە چەندین شوێن زەربەی زۆر قورس و کاریگەریان لە دوژمن دابوو و دەستە و لکەکان لە گەڕان و جەولە دابوون و نەیاندەهێشت هێزەکانی ئەرتەش و سوپا و بەسیجی هاتووچۆی زۆریان بۆ شارەکانی سەقز و میاندواو و دەوروبەری هەبێ.

پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات لە هێزەکانی بەیان و شەهید پێشەوا لە هێرشێکی لە پێش دا دارێژراودا لە ئێوارەیەکی درەنگ وەختی پاییزی دا بە فەرماندەیی کاک کەریم عەلی فەرامەرز یەکێک لە فەرماندە ناسراوەکانی حیزبی دێموکرات، هێرشیان کردە سەر پایەگای شاخە ڕەش لە ئاوایی حوسێن مامە لە ناوچەی بۆکان و لە ماوەی نزیک بە ٤٠ خولەک دا توانیان هێزی زۆرو بۆری دوژمن تێک بشکێنن و دەرسێکی لەبیرنەکراو بە دوژمنانی گەلەکەمان بدەن و بە خوێن و فیداکاری خۆیان، لەشکری بەناو فیدایانی ئیسلام کە پێک هاتبوون لە ئارتەش و سوپا و بەسیجی تەنبێ بکەن و بە سزای خۆیان بگەیێنن و پایەگای دوژمن وێران و خاپوور بکەن و ٢٧ کەس لە هێزەکانی دوژمن بکوژن و چەندین کەسی دیکەش بە دیل بگرن و دواتر پایەگای دوژمن ئاگر بدەن و بە دیل و دەسکەوتەوە پاشەکشە بکەن.
عەمەلیاتی ئاوایی حوسێن مامە بە ڕادەیەک کاریگەری هەبوو کە دوژمن لە ناوچەکانی نێوان بۆکان و میاندواو بۆ ماوەیەکی زۆر تاسا بوو و هاوکاتیش ئەو عەمەلیاتە لە سەرتاسەری کوردستان و ئێراندا دەنگدانەوەی تایبەت بە خۆی هەبوو.
بەداخەوە لەم عەمەلیاتە گەورەیەدا پێنج تێکۆشەری گەلەکەمان شەهید بوون، کە لە نێو ئەو پۆلە شەهیدانەدا کاک کەریم عەلی فەرامەرز یەکێک لە سیما درەوشاوەکانی نێو بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات شەهید ببوو، خەڵکی کورد بە شەهید بوونی ئەو پۆلە شەهیدە و بە تایبەت شەهیدی فەرماندە کاک کەریم خەمبار و نارەحەت بوون، بەڵام گەلی کورد هەمیشە لە ئاست ئەو خەمە گەورانەدا توانیویەتی پشت ڕاست بکاتەوە و لەم دەڤەرە ڕەنگینەدا و بە گشتی لە کوردستان دا، بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئەو شەهیدانە بە سەدان و بگرە بە هەزاران کچ و کوڕ و گەنج و لاو ڕوویان لە ریزەکانی شۆڕش و حیزبی دێموکڕات کرد و نەیان هێشت چەکی شانی ئەو شەهیدانە لە عەرز دابندرێن، بەڵکوو ئەو چەکانە بوونە دەنگی دلێر و نەبەزی شەهید کەریم عەلی فەرامەرز و هەموو شەهیدانی گەل.

شەهیدانی ڕۆژی ٠٣ـ٠٨ـ١٣٦٠ی هەتاوی لە گرتنی پایەگای شاخەڕەش لە گوندی حوسێن‌مامە له ناوچەی بۆکان بریتی‌بوون لە: شەهیدان، کەریم عەلی فەرامەرز، سەید ئەنوەر بەدەوی خەڵکی سوێناس (مەهاباد)، ناسر محەممەدپوور، کەریم ئەحمەدی و ئەحمەد ئەحمەدی
یاد و ناوی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی گەل لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
ڕێگای خەبات و تێکۆشانیان پڕ ڕێبوار بێ.
ڕووڕەشی بۆ کۆماری پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٢٥ـ١٠ـ٢٠٢١ی زائینی
٠٣ـ٠٨ـ١٤٠٠ی هەتاوی