وڵامێک بۆ پەروانە ( حەسرەتێک و وەڵامێک) بەشی دوو. نووسینی: پەروانە ئەحمەدێن

مامۆستا ژیرەکەم! دێمەوە دەبمە مەلاحوسێن و مامڵی، هەوای بارگەی مەنیجێ و بازی بیریان و چیرۆکە بەرز و رێئالیەکەی “پیرۆت”ی سەرلەنوێ بە هەوا و ڕەنگ و بۆیەکی دیکە وەسەرێک دەنێمەوە جا سەر دەنێمەوە.
نازدارەکەم. دێمەوە لە جیاتی وردە قامی شەوکۆڵانان، کۆنە حەیران و سوارۆ و بەیتی دم دم دەڵێمەوە.
سۆمای چاوە بێ‌سۆماکەم! بۆیە دێمەوە ئەگەر رەسووی نادری بۆ پەروانە فەرمانی لێدانی تەپڵ و دەهٶل دەدات و شایی گەرم دەکات، من بە هێدی و هێوری و بە بێ درۆ، لەسەرخۆ بە هەوایەکی تازە چیرۆکی ڕاستەقینەی مەم و زین و ئایشەگوڵ و خەج و سیامەند و لاس و خەزاڵەکانی سەردەمتان بۆ دەبێژم.
هەموو کەسەکەم! لە جیاتی رەسووی نادری و حەسەن تووزەلە خۆم دەبمە شایەر و شار بەشار و سپێدە و ئێوارە ڕەشبەڵەكێ دەگێڕم و ئەوەی دەێڵێم ناێڵێمەوە، پەروانە باڵابەرزەکان بەو هەوایەیان هەڵدەپەڕێنم کە هەوای خۆماڵی بێ. وایان لێدەکەم نوێژ و ڕۆژوویان لە بیر دەبەمەوە و گەڕی ڕەشبەڵەکیان لێ خاو ناکەمەوە.
کەسی بێکەسیم! دێمەوە پرێسکەی بن هەنگڵی شەوکار لە حەمامێ ناکەمەوە و پرێسکەی پڕ لە هەنیسکی هەناو و گرێ پووچکەی دڵی کۆلاوم لە چوارڕێیان لە بازاران… دەکەمەوە و بەسەرهاتی ئەوڕۆ و دوێنێتان وەها بۆ دەگێرمەوە کەس نەیگێڕابێتەوە و هەتا هەتایە لە بیر نەچنەوە.
ئارامی حەسرەتەکان! حەسرەت مەخۆ بۆ نەمانی شێتەکان، من زۆر لە بارام و بیلی بیلی وسولەیمانە شێت… شێت ترم ، زۆریش واوەترم، شێتێکی شرۆڵ و شڕ و شووڕ و بێ سنوور، بەزمی وا دەگێڕم هەموو خەڵکی وەربگێڕم.
نازدارەکەم! دیمەوە دەبمە سەیدە لووشە و کەف هەڵنالووشم، شەکرۆکان بۆ زارۆکان دێنم بە دیاری و لە قوڵایی دڵیان وەپێکەنینیان دەخەم.
بینایی چاوانم! مینەگەزۆی چیییی! من سەت ئەوەندەی مینە مینەترم، مینەیەکی ژیان بێزراو و زیزم، ناتەمیزم، بە خۆ هەڵمیزم، لە گەزۆش شیرینترم. دێمەوە و ئەوجار من بە دوای فاتێ دا دەگەڕێم و لە شەقامان، لە کۆڵانان، لە بن دەرکان، لە کۆڵبەران، لە ڕێبواران لە نازداران لە دینداران لە بێعاران… لە پەپوولان، لە بولبولان، لە چاک و خێو ، ئەو لاوانەی هەن لەسەرکێو… دەپرسم ئەرێ فاتێی منتان نەدیوە؟ دەگەڕێم و دەگەڕێم، هەر دەگەڕێم هەتا فاتیلێ خۆم دەبینمەوە.
باوەشێک ڕێزو ئامێز
پەروانە ئەحمەدێن

سەرچاوە: فەیسبووکی پەروانە ئەحمەدێن