ئاغای بەنی سەدر ژیانئاوایی کرد. حەسەن حاتەمی

هەواڵدەرییەکان ئەمڕۆ شەمە ٩ ی ١٠ ی ٢٠١٢ بەرانبەر بە ١٨ ی ڕەزبەریی ١٤٠٠، ئاغای ئەوبولحەسەنی بەنی سەدر، یەکەم سەرکۆماری مێژووی کۆماری ئیسلامی لە تەمەنی ٨٨ ساڵی دا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پاریس، پێتەختی فەڕانسە، ژیانئاوایی کرد.
ئاغای بەنی سەدر، لە دوای دیەی ٤٠ وە بەجۆرێکی لە سێ گۆشەی “شبب” یانی شەریعەتی، بەنی سەدر، بازرەگان دا، لە نێوخۆی ئێران خەباتی دژی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی دەکرد. لە دەرەوەش بە تایبەتی کاتی نیشتەجێ بوونی ئایەتوڵڵا خومەینی لە نووفێل لووشاتۆی دەرووبەری پاریس، سێ گۆشەی “بیق” یابی بەنی سەدر، یەزدی و قوتبزادە، زۆرترین کاریگەرییان لە بەڕێوەبەریی دا، هەبوو. بەنی سەدر لە دوای ئاگر بەستی شەڕی سێ مانگەدا، سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئەو کات خودموختاریی بوو، هەڵویست و بۆچوونی ئەرێنی و موسبەتی هەبوو.
بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، لە کتێبی نێوسەدە تێکۆشان، بەرگی یەکەم، لە لاپەڕەی ٢١٣ هەتا ٢٢٤ ، سەبارەت بە نامەی کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ ئا‌غای بەنی سەدر و چاوپێکەوتنی هەئیەتێکی ڕێبەراتیی حیزب لە تاران لەگەڵ سەرکۆمار بەنی سەدر دەدوێ. بەشدارانیش بریتن لە بەڕێزان: “غەنی بلووریان و عەبدوڵڵا حەسەنزادە (دەفتەری سیاسی)، فەوزیە قازی و نەوید موعینی (کۆمیتەی مەرکەزی) ئەحمەدی قازی (دۆستێکی حیزب لە تاران دەژیا).” ل٢١٨.
بە پێی قسەی ئاغای داریوشی فرووهەری، یاد بەڕێز، کە لە دەفتەریی “حیزبی میللەتی ئێران” لەگەڵ ئەندامانی هەیئەتی حیزبی دێمۆکڕات، لە ڕۆژی دواتر باسی کردبوو:” ئاغای بەنی سەدر بە ڕوونی و ڕاشکاوی داخوازییەکانی قبووڵ کردبوو. ” ل. ٢٢٣…. سەرکۆمار لەسەر قسەکانی خۆی ماوە و گەڵاڵەکەی – کە ٦ مادەی ئەسڵی و ٨ مادەی پاشکۆ بوون- بە تەواوی قبووڵ بوو. بەڵام کاتێک دای بە “شورای انقلاب” هەر بێ سێ و دوو ڕەتکرایەوە. ل. ٢٢٤
ئاغای بەنی سەدر سەبارەت بە رووداوێکی خاکەلێوەی ١٣٥٩، لە پێگەیەکی ژاندارمێری کە لە ناوچەی باکووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگیرێ، لە ١٥ ی ئەو مانگە دا، باسی “پۆتینەکانی پێی نیزامییەکان دەکا …” کە بەجۆرێک بۆ هێرشی سەرانسەریی بۆ کوردستان دەقەبڵێندرێ.
ئاغای بەنی سەدر، لە تیمی خومەنییستییەکان نەبوو. قسەکانی لە ١٤ ی ڕەشەمەی ١٣٥٩ و هەڵوێستەکانی بەرانبەر حیزبی جمهووری ئیسلامی دا، بە تایبەتیی ڕاوستانی لە ڕووی، ئایەتووڵڵا محەممەد حوسێنی بەهێشتی، دکتور حەسەنی ئایەت، کە پێشنیاری وێلایەتیی فەقیە لە رێبەریی حیزبی جمهوریی ئیسلامی دابوو و خودی دیاردەی شومی ولایت فەقیه، لە مەجلیسی خیبرەگانی یاسای بنچینەیی و ژێر کۆ نیزامی، فەرهەنگیی و خوێندکارییەکانیان، بوون بە هۆی ئەوەی کە ئاغای بەنی سەدردوای نزیک ساڵ و نیوێک بە دووجار، یەکەم لێسەندنەوەی فەرماندەریی هێزە چەکدارەکان بە هۆی ئەیەتوڵڵا خومەینی و دوویەم، متمانە سەندنەوەی پۆستی سەرکۆماریی بە هۆی زۆرینەی حیزبی جمهووری ئیسلامی لە مەجلیسی شووڕای میللی ، کە بە ئیسلامی کرابوو، و پەسندی خومەینی دەنگی پتر لە ١٠ میلیۆنی گەلانی بەشدار لە هەڵبژاردنی، سەرکۆماریی لێوەرگیراوە و گیان و ژیانی لە مەترسی کەوتن.
ئاغای بەنی سەدر، دوای هاتنە دەری لە ئێران، ماوەی ٤٠ ساڵ شێلگیرانە بە دژی دەسەڵاتدرانی کۆماری ئیسلامی خەباتی کرد و لە قاو دانی فێڵ و تەڵەکەنیان ساتێک سڵی نەکردەوە. ئەو نازناوی “ملاتاریا”ی بۆ دەسەڵاتداران دانا. نووسراوەیەکی زۆری لەو ماوەیەدا، نووسی و دیمانە و لێدوانێکی پتری دژی رێژیم و مافەکانی مرۆڤ بە پێی بۆچوونی جیایی دین لە دەوڵەت لەگەڵ میدیاکان ئەنجام دا.
ئاغای بەنی سەدر لە دادگای موئابێتی ئاڵمان سەبارەت بە کەیسی کارەساتی میکۆنۆس، چ لە کاتی لێکۆڵینەوەکان و چ وەک، شاهید زۆر جێی متمانەی دادگا، و کاریگەریی زۆری هەبوو. هێنانی شاهیدی تایبەتیی سی (ابوالقاسمی میسباحی)، بە پێی نووسراوەی کتێبی “پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە”، نووسینی ڕۆئیا حەکاکیان و وەرگێڕانی بۆ کوردی مامۆستا حەسەنزادە، هەراوهوریا و ملهوڕییەکانی کازمی دارابیی جینایەت کار لە تیمی تێڕۆڕێسمی دەوڵەتی کۆماریی ئیسلامی کپ کرد.
ئاغای بەنی سەدر، بە پێی نووسراوەێک لە ماڵپەڕی “شۆڕشی ئیسلامی لە تاراوگە” دا، لە کۆنگرەی ئەمریکاش نهێنی گەلێکی پێوەندییەکانی ڕێگان و خومەینی لە قاو دان، کە بە “ئێران کۆنتڕا” ناوبانگی دەرکردبوو. کارێکی زۆرگرینگیی دیکەی نووسینی یاسای بنچینەیی بۆ داهاتوویی ئێران و جیهانە کە لەگەڵ گرووپێکی هاوبیری بەرهەمیان هێناوە، کە پێنج ماف بۆ هەر تاکێک لە خۆ دەگرێ. ئاغای بەنی سەدر لە دوایین ڕۆژەکانی تەمەنەنی دا، خەریکی نووسینی کتێبیک لەسەر نەهێشتنی توند و تیژی بوو. و…
یادی بەڕێز بێ.
حەسەن حاتەمی

٩/١٠/٢٠٢١ (١٨/٧/١٤٠٠).