بەیادی یاری کۆچکردوو ئەحمەدی کاکەمەمی، نووسینی: سەلاح گادانی

ئازیزان و خۆشەویستانی بەشدار لە کۆڕیادی کاک ئەحمەد کاکەمەمی!

کۆچی لە ناکاوی کاک ئەحمەد گشت لایەکی نەکاوگیر کرد و منیشی تاساند.
کاک ئەحمەد لە چل ساڵی ڕابوردوودا یەک لە هەرە نزیکترین دۆستانم بوو کە جیا لە هاوڕێیەتی پێگەی مامۆستاشی بۆ من هەبوو. لێی‌فێربووم، هانی‌داوم و هەڵەی بۆ ڕاست کردوومەوە. ئەو خۆشڕاوێژ و خۆشبێژ و تەژی زانست، منیش فێرخوازێکی تامەزرۆ. دیارە من تاقانە دۆست و هاوڕێ و هاوخەباتی کاک ئەحمەد نەبووم بۆیە ئیزنم بدەن سەرەخۆشی و هاودەردی ئەم خەسارە گەورەیە لە بەڕێزانی بنەماڵە، سورەیا خانم، ساکار، سۆما و سەنگەری خۆشەویست، لە براکان و تێکرای بنەماڵەی کاکەمی، خەڵکی مەهاباد، مەنگورایەتی، نەڵێن و بەری‌مێرگان بەتایبەتی بکەم، هەروەها سەرەخۆشی لە دانیشتووانی تێکرای مەڵبەندەکانی دیکەی کوردستان بکەم کە کاک ئەحمەد سەردەمانێکی زۆر لە نێویاندا کاری کردووە و بڵێم ئەگەر ئێوە چرای ماڵتان کووژایەوە، ئێمە و هاوڕێکانی ڕووناکی دڵمان.

ئینجا سەرەخۆشی لە گشت ڕێکخراوە سیاسی و ناوەندەکانی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی بکەم کە ئەندامێک و یارێکی بەتوانایان لە دەست داوە. دڵی هاوخەباتەکانی بدەمەوە کە نەرم و نیانترین هاوسەنگەریان لە کیس چوو. سەرەخۆشی لە تێکرای مامۆستایانی شۆڕش بکەم کە ئێستا ئیتر مامۆستا کرمانجیان نەماوە. شانم بکەمە لەمپەری خەمی قوتابییەکانی لە وڵاتی سوید، کە ئیتر مامۆستای قسەخۆش و لێو بەبزەیان لە ئارا دا نەماوە. لە کۆتاییدا سەرخۆشی لە خۆم بکەم کە بە تەنیا جێی هێشتم. ئێستا کە باسی کاک ئەحمەد دەکەم ئەم شێعرەی مامۆستا هەژارم لە بەرچاوە

زۆرزانی و بیر و وێژەوانی

پارچێکە بڕا بە بەژنی خانی

خانی وەکو ڕۆژ تیشکی داوێ

پێی ناوی بدەم پەسەندی تاوێ

ئەو باغی گوڵانە و من بژارم

بیر لەو دەکەم و دەڵێم هەژارم

کاک ئەحمەد ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی سیاقۆڵ لە مەنگورایەتی سەر بە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی سامانداری مەڕداردا لە دایک بووە. هەر لە هەرەتی لاوەتییەوە کاک حەمەڕەش کوڕی ئاغای گوند، میرخاس و ڕەزاسووکی تێکەڵاو لە گەڵ نیشتمانپەروەرانی سەردەم کە خزمایاتی وتێکەڵاوی نزیکی لەگەڵ کاک سولەیمانی موعینی هەبوو، دەبێتە هاندەر و ڕێ پێشاندەری. کاک ئەحمەد خۆی گوتەنی: ئەوە کاک حەمەڕەش بوو کە بۆ یەکەم جار مامۆستای بۆ گوندی سیاقۆڵ هێنا و دەرگای زانستی بە سەر ناوچەدا کردەوە. لە سەرەتاوە لە بەر هەژاری و بیری چەوت کەس مناڵی خۆی بۆ فێرگە نەدەنارد، نەکا کافر بن. بەڵام کاک ئەحمەد لەگەڵ سێ لە کوڕەکانی ئاغا دەچیتە فێرگە. مامۆستا ئازەری، کتێب فارسی، قوتابی کورد.

پاش ساڵێک ئەوکات کە کاک حەمەڕەش بە هۆی چالاکی سیاسییەوە لە زیندانی شا دایە، کاک ئەحمەد لە قوتابخانە دەردەکرێ چونکە لە جێژنی لەدایک بوونی شادا جێ‌ماوە و بەشداری نەکردووە، بۆیە دەچیتە گوندی هەمزاوا و درێژە بە خوێندن دەدات. پاشان لە مەهاباد دیپڵۆم وەردەگرێ، دانشیسەرای ورمێ تەواو دەکات و لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی مەهاباد لە بەشی بنەبڕکردنی نەخوێندەواریدا، دادمەزرێ.

بەهۆی کارەکەیەوە، هامووشۆی بەردەوامی دیهات و ناوچە جۆراوجۆرەکانی سەر بە مەهاباد و بۆکان دەکات. هێمن گوتەنی: دەرگای زانکۆی گەلی بە ڕوودا کرایەوە. بەم چەشنە کوڕە مەنگوڕی زمان خاوێن و پاراوی بناری قەڵاتی شا، دەبێتە مەلەوانی دەریای بێ‌کەناری زمانی کوردی.

هەستان و دانیشتن لە کۆڕی نیشتمانپەروەرانی سەردەم بیریان بە کوردایەتی گۆش دا و تیکەڵاوی لەگەڵ خەڵک و مانەوەی لە “زانکۆی گەل”دا، بوون بە ڕێباز و هەوێنی کەسایەتی ئەدەبی و سیاسی کاک ئەحمەد.

پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران، کاک ئەحمەد بوو بە ئەندامی شوڕای بەڕیوەبەری شاری مەهاباد. لەو کاتدا پێشنیارێک دەداتە بەرپرسی شوڕا کە بۆ بنەبڕکردنی نەخوێندەواری لە کوردستاندا ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ نووسینی کتێبی خوێندنی زمانی کوردی. لەسەر بنەمای ئەم پێشنیارە یەکەم کۆبوونەوەی نوێنەرانی بەشی پەروەردەی شارەکانی کوردستان لە مەهاباد بەڕیوە دەچێ. لێژنەیەک پێک دێ. بەهۆی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان کارەکە دەوەستێ. لە کۆتاییدا کاک ئەحمەد، مەحمەد ئادەمی و سەید ساڵحی ئەیوبیانی مەرکەزی، کتێبەکە ئامادە دەکەن. بەڵام لە فریای چاپ کردنی ناکەون. ساڵی ١٩٨٠ کاک ئەحمەد کتێبەکە لە شاخ تەسلیمی ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەکات کە لە ساڵی ١٩٨٢ لە سەر ناوی کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی حیزب، لە دەرەوەی وڵات چاپ کرا و لە قوتابخانەکانی شوڕش دەرسیان لێ گوترایەوە.

کاک ئەحمەد یەکەم دەورەی پەروەردی مامۆستایانی شۆڕشی لە گەلاوێژی ١٩٨٢ لە لاچین بەڕێوەبرد و پاشان چەند دەورەی دیکەی فێرکاری مامۆستای لە ماژگە وگردشیلان، کامەم، دێگە و گەڵالەی بەڕێوەبرد. کە تێیدا بە سەدان لاوی دڵپاک و چاک هاتن لە کۆڕی پەروەدە وەک مامۆستای شۆڕش دەستیان بەکار کرد و قوتابخانەی شۆڕشیان لە سەرانسەری ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان ئاوەدان کردەوە کە مامۆستایانی شۆڕش ئەرکی نیشتمانی و نەتەویی خۆیان بۆ ڕاماڵینی نەخوێندەواری لە کوردستاندا بەرپرسانە بەڕیوە برد.

هاوینی ساڵی ١٩٨٠ لە یەکەم دەورەی ئاموزشی کادری سیاسی حیزب لە خڕەجۆ لە گەڵ کاک ئەحمەد لە نزیکەوە ئاشنا بووم. پاش ئەوەی مەهاباد کەوتە ژێر دەسەڵاتی پاسداران، لە شیلاناوێ لە کۆمیتەی شارستانی مەهاباد یەکترمان گرتەوە و بۆ ماوەی چەند ساڵ بەیەکەوە وەک ئەندامی کارگێری کۆمیتە، کارمان کرد.

تایبەتمەندییەکی بەرچاوی کاک ئەحمەد دەرک و تیگەیشتنی وەزعی خەڵک بوو، بەتایبەت پەیوندێکی زۆر گەرم و گوڕی لەگەڵ پێشمەرگەکاندا هەبوو و لەم بوارەوە یارمەتیدەرێکی بێ‌وێنە بوو. زۆر جار تەنانەت لە گیرفانی خۆی یارمەتی پێشمەرگە خیزاندار و کەم دەرامەتەکانی دەدا. زۆر بە سانایی پەیوندییە کۆنەکانی زیندوو دەکردنەوە و پەیوندی نوێی لە گەڵ خەڵکی دیکە دادەمەزاراند کە ئیمە هیچکاممان ئەم شارەزایی و توانایەمان نەبوو. کاک ئەحمەد لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە ئەرکی ئۆڕگانیی خۆی بەڕیوەدەبرد لە نووسینی کتێب و پێداویستییەکانی دیکەی قوتابخانەی شوڕش غافل نەبوو. لەو ماوەیەدا کتێبی وانە گوتنەوەی “ئەژمێر و زانستی ئەزموونی” بۆ پۆلی یەکەم، لە سەر ناوی کرمانج بە چاپ‌گەیاند. چەند ساڵ دواتر لە گەورەدێ کتێبی زانستی کۆمەڵایەتی و کتێبی خوێندنی گەورەساڵانی ئامادەکرد کە بە داخەوە لە لاڤاوی فەرامۆشی و بێمێهری دا خنکا و سەرئەنجام بە ناوی ژنێکی ئەرمنی، فارسی زمانی، کوردی نەزان لە چاپ درا.

دوای ساڵانێک مانەوە لە عەمبار و پێراگەیشتنی خواردەمەنی بنکەکانی حیزب ساڵی ١٩٨٨ ئەویش هات بۆ وڵاتی سوید. لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵدا یەک لە دیارترین و چالاکترین بەڕێوەبەرانی حیزب بوو لە ولاتی سوید. کاک ئەحمەد کەسێکی واقیعگەرا بوو و ئاواتی وەدەست هێنان و مسۆگەرکردنی مافی کورد بوو، لە هەر فۆرمێک و لە هەر بەشێکی کوردستاندا کە بگونجێ.

مرۆڤێکی نەرم‌ونیان و قسە خۆش بوو، خەڵکی خۆی زۆر خۆشدەویست و لە بەشینەوەی خۆشەویستی، هاندان و یارمەتیداندا دەستێکی باڵای هەبوو. ساکار ژیا و قەت لە هیج بارێکەوە وەدوای خۆڕانان نەکەوت. لە دەروەی وڵاتیش لە خۆپیگەیاندن و خزمەت بە زماندا بەردەوام بوو. چوار بەرگ کتێبی گوڵبەهارە لە ١٢٠٠ لاپەرە دا، کە بۆ پۆلەکانی دواناوندی نووسراون کارێکی گەڵیک گونجاو و بەناوەرۆکە کە تیژبیری، ڕوانگە و هیوای ئەو بە دواڕۆژی وڵاتی، تێدا بەدی‌دەکرێ. لایەنێکی نادیار و کەم لێدواوی کاک ئەحمەد، خوێندنەوەی سەرچاوەکانی مێژووییە کە زۆر بەجوانی دەچووە ناو بنچ و بناوانی. هۆکار و کاردانەوەی ڕووداوەکانی بەیەکەوە دەلکاند. واتە شۆڕشەکانی گەڵی کوردی لە کونتێکست و بەستەری مێژوویی ناوچە و جیهاندا دەخوێندەوە، دەی‌هۆنییەوە و وێنای دەکرد.

کاک ئەحمەد لەم ساڵانەی دوایی‌دا و تا ئاخرین ساتەکانی ژیانی خەریکی گەڕان، لێکۆلینەوە و چوونە بنچ و بناوانی وشەی کوردی بوو. ئەم بەرهەمەی سەروی هەزار لاپەرە کە ئێستا لە چاپ نەدراوە. هیوادارم بە زوویی ئەم گەوهەرە پڕ بایخە لە چاپ بدرێ و کتێبخانەی کوردی پی دەوڵەمەندتر بکرێ.

کاک ئەحمەد مرۆڤ بوو، هەستی هەبوو، خولیای ئاواتەکانی کورد بوو زیاتر لە ٤٠ ساڵ بێوچان بۆ بەرزی و سەروەری وڵات و ئەدەبی کوردی هەوڵی دا. کەسێک کار بکات دەتوانێ هەڵەش بکات. کەسی ئاوا بەخزمەت دەبا و دەبێ بلاوێنرێتەوە و خەڵات بکرێ. کە بەداخەوە نەمان کرد.

ئێمە هەڤاڵ و هاوبیرانی دەڕۆین و لەبیران دەچینەوە، ئەوەی لە دڵی خەڵکی ئەمەگناسی کورددا دەمێنێتەوە کاک ئەحمەدە. ئەو بە ٤٠ساڵ پێشمەرگایەتی، بە قەڵەم، کتێب و بەرهەمەکانی لە بێشکەی زمانی کوردی و زەینی گەڵدا بۆ هەتا هەتایە هێلانەی کردووە و دەمێنێ.

خانی گوتەنی ئەگەر پشت و یاری یەک بووباین

ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی

هەمیان ژ مە ڕا دکر غولامی

تەکمیل دەکر مە دین و دەولەت

تەحسیل دەکر مە علم و حیکمەت

ماڵاوا کاک ئەحمەد