پەیامی سپاس و پێزانین لەهەمبەر شەپۆلی هاوخەمییەکان بە دوای تێرۆری شەهید مووسا باباخانی‌دا

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان!

هەروەک ئاگادارن، شەوی ١۴ی گەلاوێژی ١۴٠٠ی هەتاوی، ڕێژیمی تیرۆریستی و دژی‌ئینسانیی کۆماری ئیسلامی، لە کردەوەیەکی تێرۆریستیی دیکەدا ڕۆڵەی بەورە و شۆڕشگێڕی نەتەوەکەمان کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە شاری هەولێر تیرۆر کرد و بەمجۆرە پەڵەیەکی ڕەشی دیکە چووە سەر کارنامەی پڕ لە جینایەت و تاوانی کۆماری ئیسلامی.

هاوڕێ مووسا باباخانی، ئەندامێکی بەوەجی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە زیاتر لە ٢٢ ساڵ لە ٤٠ ساڵ تەمەنی خۆی، لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات‌دا تێکۆشا و لەو ماوەیەدا بەرپرسایەتیی گرینگ و جۆراوجۆری گرتە ئەستۆ و بە سەرکەوتوویی ڕایپەڕاندن. هەربۆیەش شەهیدبوونی مووسا باباخانی خەسارێکی گەورە بۆ حیزبی دێموکراتە و لەدەست‌چوونی خەم و پەژارەیەکی قووڵی خستە نێو دڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیشەوە.

تیرۆری شەهید مووسا باباخانی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە بووە هۆی وەڕێ‌کەوتنی هاوخەمیی خەڵک، لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و هاوکات شەپۆلێکی نوێ لە مەحکووم‌کردنی تاوانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکاندا بەدواوە بوو. هەروەها حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بە ناردنی دەستەی نوێنەرایەتی بۆ ڕێوڕەسمی بە خاک‌سپاردنی تەرمی شەهید مووسا باباخانی لە نیزیکەوەش بەداخبوون و هاوخەمیی خۆیان پێ‌ڕاگەیاندین. زۆر هێز و لایەنی سیاسی و کەسایەتیی کورد و ئێرانییش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ناردنی پەیامی سەرەخۆشی، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان، بە توندی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان مەحکووم کرد و لە پەیامەکانیشیان‌دا داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە سنوور و بەربەست لە بەردەم چالاکیی دامودەزگا تیرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچە دابنێن.

لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەرینە لە هاوخەمییەکان، ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتیش جگە لە پێوەندی‌گرتن بە کۆمیسیۆنی تەشکیلات بە مەبەستی سەرەخۆشی و نیشاندانی هاوخەمی، پەیمانی درێژەپێدان بە خەبات و تێکۆشان هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانی شەهید مووسا وەک نوێترین شەهیدی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی دووپات کردەوە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پیزانین و سپاسی گەرمی خۆی لەهەمبەر ئەو هاوخەمییەی خەڵک و هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان ڕادەگەیەنێ و دڵنیایان دەکاتەوە کە دڵسۆزی و پشتیوانیی ئەوان و هەڵوێستی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتمانییان لە ئاست ئەم حیزبە و لەدژی تیرۆر و تاوانەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران، دەکا بە هەوێنی خەبات و تێکۆشانی شێلگیرانەتر بۆ کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هاوکات لەگەڵ شەهید مووسا باباخانی پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژەدەری ڕێگە و ڕێبازی بین و هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانی کە ڕزگاریی نەتەوەییە و ئامانجی هەموو گەلی کوردن، کۆڵ نەدەین.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهید مووسا باباخانی!

ڕیسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی!

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٠