ژن لە سێ بەستێنی گرینگی کولتوور، زانست و ئابووری‌دا. شەهێن زادئەحمەد

ژن لە سێ بەستێنی گرینگی کولتوور، زانست و ئابووری‌دا. شەهێن زادئەحمەد
ژنی کورد و کۆسپەکانی کولتووری داسەپاو

ئەگەر بە چاوخشاندنێکی خێرا لە سەر پێگەی ژن، ماف و نەخشی ژن لە کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، ئاوڕێک لە مێژووی چەند دەیەی پێش ئێستا بدەینەوە، هەر لە بنەمالە، کۆڕوکۆمەڵ و دواتر شارستانییەت بە پێی هەلومەرجەکان، کە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە، ژن چۆن توانیویەتی بە چ تێچوویەک خۆی گونجاندووە لەگەڵ ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەی کە داب‌ونەریت، کولتووری خۆجێیی و فەرهەنگی داسەپاو کە شوێندانەرە بەسەر کۆمەڵگەکەی‌دا؟ هەروەها بێجگە لەم نۆرمە لە واقعیەت!!! بواری ئیداری لە یاسای حکوومەتە، کە جیا لە ستەمی نەتەوەیی و سیاسی ستەمی چەندقاتی بۆ ڕەگەزی مێینەیە، هۆکاری سەرەکین کە کەمترین مەجالی بۆ ژن نەهێشتۆتەوە تا بتوانێت توانا و هێزی خۆی لە بەستێنەکانی جۆراوجۆر دەربخات، گومان لەوەدا نامێنیتەوە کە ڕەگەزی ژن بەلەبەرچاوگرتنی ئەم یاسا و ڕێسایانە لە کولتوور و نیزامی حکومەتی خۆی لە پانتایی بەربڵاوی سەنعەت، سیاسەت، ئابووری و ئیداری ناوچە و وڵاتدا ببینێتەوە و لە بەڕێوەبەری و داهێنەریی دا هیچ ڕۆل و نەخشێکی هەبێت، بڕوانن دەرگاکانی پێشکەوتن و گەشەکردن ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە سەر ژناندا داخراون، بەڵام لە وەها حاڵەتێکدا دوو فاکتی سەرەکی لانیکەم کاریگەرییان بەسەر کەرامەتی ژن داناوە، یەکیان ژنان لەبەرانبەر گرێبەستە فەرهەنگی یان کولتووری، دووهەمیان سەرهەڵدان و بوونی بزوتنەوەی مۆدێڕنی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، توانی ژنان لەبێدەرەتانی و ستەمی فەرهەنگی داسەپاو، وردەوردە بێنێتەدەر، ژن لە گرێبەستە فەرهەنگییەکاندا سەرەڕای چەوسانەوەی، لە کۆمەلدا ڕێزی تایبەتی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، یانی لەمپەرەکانی سیستمی یاسا و داب ونەریت نەیانتوانیوە لە سەر خەلاقییەت و خسڵەتی ژنانەیاندا کاریگەریی زۆری هەبێت، بۆ نمونە لە بنەماڵەدا کە کۆڵەکەی بەهێزی هەر کۆمەڵگەیەکە، سەرپەرستی، حاملاندن و خێزانداری، پەروەردە، مودیرییەت لە داهات و دەرکەوتی بنەماڵە، یارمەتیدان، نەزم، پاک وخاوێنی بەوپەڕی دلسۆزییەوە بەڕێوە بردووە. ئەم پوانە زێڕینە بە خۆشییەوە لەکارنامەی ژنانی چەوساوەی کورد بە شانازییەوە سەیری دەکرێت. بزوتنەوەی مۆدێڕنی کورد بەتایبەتی، ڕێزی بۆ پیاو و ژن وەک یەک داناوە تا حەددی توانا کاری لەسەر بنبڕکردنی هەر چەشنە چەوسانەوەیەک دژ بە ژنان، لە بەرنامەی کاری دا گونجاندووە. ئەم پاشخانە زەمینەیەکی باشی بۆ ئامادە بوونی چینەکانی کۆمەڵگە بەرەوڕووی گەشەی فیکری و ڕەفتاری تاکەکان کردۆتەوە و گاریگەریی ئەرێینی بەسەر بافتی کۆمەلایەتی داناوە و بەپێی شەرایەت توانیویەتی ئاڵوگۆڕ لە فەرهەنگ و کولتوور بەسەر ڕوانگەی تاکی کۆمەلگە بە ژن و پیاو لە بەرانبەر ڕۆل و نەخشی ژن پێکبێنێت.

ژنی کورد و گەشەی زانست

جیا لە فاکتی سەرەوە کە ئاماژەمان پێی‌ دا کاریگەرتر، لافاوی تکنۆلۆژی، پەرەی پێوەندییەکان و ماسمێدیا بوو کە سنووری وڵاتانی جیهانی یەک بەدوای یەکدا بەزاند، شەپۆلی سەرکەشی ئەم لافاوە ولاتانی دواکەوتوو و دەرگا بەستراوەکانیشی وەبن خۆیدا، کۆمەڵگەی ئێمەش بەگوێرەی ئیمکان وشیارانەتر لە پێشوو پێشوازی لە کەرەسەکانی ئاڵوگۆڕخوازانەی ئەم ڕەوتە کرد و هەنگاوەکانی بۆ خۆپێگەیاندن خێرا کرد، لاوەکان زیاتر خزانە ناو خوێندنگەکان و زانستی ڕۆژ، فەهم و شعوری نەتەوایەتی و سیاسی گەشەی کرد، ژنانیش بە بوونی زۆر کەند و کۆسپی سەر ڕێگا، لەم بەرهەمانەدا بێبەش نەمانەوە و تاڕادەیەک خۆیان پێگەیاند، زۆر جار بەڕادەی پیاوان لە خوێندنگەکان زانستگەکان حزووری بەرچاویان هەبووە و سەرکەوتوانە بە بڕینی پلە و پایە بڕوانامەی بەرزیان لە زۆر بوارەوە وەدەست هێنا و بە بڕوانامەی جۆراوجۆر ئامادە بۆ بەڕێوەبەری، کار وشوغل چاوەڕێ مانەوە، ئەمجارەش ژنان دووبارە بە شێوەیەکی‌تر نەیانتوانیوە توانا و زانستیان بۆ بەڕێوەبەری و خاوەنکاری و بەرهەمهێنان وەگەڕخەن ئەمجارەش سەرباری کۆمەڵگە مانەوە، هەرچەند گەشەی زانست وتکنۆلۆژی ئوتوماتیک ژنانی باوەڕبەخۆ بوونی، لە قالبی کولتوور و فەرهەنگی کلاسیک بەرچاوتر هێنایەدەر، بەڵام بەداخەوە بە شێوەی دڵخواز نەتواندرا لە کۆسپ و سەددی سیستمی مەزهەبی دەرباز بن بۆ چوونە نێو سیستەم کار و پیشەی گونجاوی خۆیان و..

ژنی کورد و سەربەخۆیی ئابووری و دارایی

پشتیوانی، چاوەدێری و مودیرییەتی سیستماتیک بۆ سەربەخۆیی ئابووری یان دارایی تاکەکان لە هەر کۆمەڵگەیەک، پایە و ئەساسی متمانە و ئەمنییەت پتەو دەکات و زامنی بەختەوەری و گەشەی وڵات لە گشت بوارەکاندا بەلانی زۆرەوە گارانتی دەکا هەروەها زۆربەی گیروگرفتەکان، گرێپوچکەکانی ناو کۆمەڵگە دەکاتەوە، حاشای لێناکرێت سەربەخۆیی ئابووری تاکەکان بەتایبەت ژنان لە گەل عورف و شەرع و یاسای سیستمی دیکتاتۆریی مەزهەبی نیزامی حاکم بەسەر ئێراندا ناتەبایی هەیە بەتایبەت لەکوردستان، هۆکارەکەش ڕوون و ئاشکرایە، سەربەخویی دارایی و ماڵی ئاسودەیی و ئەمنیەت بە تاک دەبەخشێت، کێشەکانی کۆمەڵگە کەمڕەنگ دەکاتەوە، داڵغەی ڕووحی و ڕەوانی کەم دەبێتەوە، تاکی کۆمەڵگە بە بیرێکی ئاسودە لەهەموو بوارەکاندا دەتوانێ بە ئەمنیەتەوە بڕیار بدات، کەوایە بەربەستی سەرەکی لە پێشگیری دارایی و سەربەخۆیی ماڵیی ژنان بێشک مەبەستی تایبەتی لەپشتە، نیزامی مەزهەبی، متمانە بەخۆبوونی ژن و ئاسوودە ژیان بەخشین بە ژن خەتەرێکی گەورە لەسەر ڕێگای مانەوەی و بەڕێوەبەریی سیاسەتەکانی خۆی دەزانێت، ئەم ڕێژیمە بەکەلکوەرگرتن بە یاسای بنەڕەتی توانیویەتی لانیکەم بەشێکی زۆر لە نیوەی کۆمەڵگە سڕ و بێ هێز بکات تا بە هیچ شێوەیەکی قانوونی و غەیرە قانونی نەتوانێت کەمترین شوێنی لە سەر ڕەوتەکانی چالاکیی کۆمەلایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی داهەبێت.

کۆتا پەیامی ئەم بابەتە

دەڵێن ماف نادرێ، دەبێ هەوڵی بۆ بدەیت و وەریبگری، هەر وەک ئاشکرایە بەخۆشیەوە ئاڵوگۆڕەکانی دەرەکی و ناوخۆیی ئەگەر کەمترین سوودی بۆ فەزای داخراوی ئێران هەبووبێت بۆ کوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەت ژنانی کورد بۆتە دەرفەت و کەلکی پێویستیان لەمەڕ نوێبوونەوە و خۆگونجاندن و خۆپێگەیاندن لێوەرگرتووە، ژنی کوردی ڕۆژهەلات پێویستە لەم هەل و مەرجەدا هەوڵی سەرەکی خۆی بۆ هاوبەشی لە گشت بوارەکان دا لە زۆربەی موئەسیساتی کۆمەڵایەتی، ئیداری، ئابووری و پیشەیی دا ببینێتەوە، موشارەکەت دەتوانێت تواناکانت بناسێنێ و ئیرادە و باوەڕ و گوفتمان بە قووەتی خۆی مسۆگەر بکات و توانای ماڵی ودارایی بەهێز و بەهێزتر بهێڵێتەوە، گرینگیی ئەم زەروورەتە دەتوانێت کاناڵێک بێت بۆ سەربەخۆیی بڕیاردان لە گشت بوارەکانی ژیان دا و هەمیشە وەک ئەهرومێکی فشار کاریگەریی بەسەر زۆر هاوکێشە و تکنیک و تاکتیکی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەدا هەبێت و ڕۆلی موناسب بگێرێت ، هیوادارم هەموولایەک بەهەر ڕێکار و میکانیزمێکی گونجاو بتوانین کاریگەریمان هەبێت بەسەر وەدیهێنانی پرسی نیوەی کۆمەڵگە واتە پرسی ژن و مافە پێشێلکراوەکانیان ، گەیشتن بەماف هەزینە خۆی دەوێت، ژنانی کورد دەبێ دڵنیابن ئاسۆی ڕزگارییان لە هەموو کاتێکدا ڕوونترە حیزبەکانی پێشکەوتوو، لە لایەکیترەوە پیاوان و ژنانی ڕۆشنبیر و ئازادیخواز بە سەخاوەتەوە بە وردبینیەوە توانیویانە ئەم کەمایەسیە لە کۆمەڵگەدا باش هەست پێبکەن بۆیە بیرمەندانە توانیویانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ فەرهەنگی سەقەتی داسەپاو تا ڕادەیەکی بەرچاو نەوژەن کەنەوە و نەسڵی تازە بەدوور لە دەمارگرژیی مەزهەبی، پیاوسالاری و تەبعیزی ڕەگەزی بە ڕوانینی سەردەم پەروەردە بکەن