خەسارێکی گەورە

بەداخەوە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا چوار ژینگەپارێزی خەڵکی ناوچەی مەریوان گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ده کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

شەوی پێنجشەممە لە سەر هەینی، ١٤ی جۆزەردان پۆلێک لە ژینگەپارێزانی ئەندام لە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، که بە مەبەستی پەیوەستبوونیان بە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی پاژین لە شاری بانە و پێکەوە هەڵکشانیان بەرەو لوتکەی چیای ئاربابا، وەڕێ کەوتبوون، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی، لە نزیک ئاوایی سووتە به هۆی پێکدادانی ماشین تووشی ڕووداوێکی ناخ‌‌هەژێن دەبن. بەداخەوە لە ئاکام‌دا چوار ژینگەپارێزی نیشتمان‌خۆشەویست بە ناوەکانی: شۆعله قادری، داوود باخیش، ئارشام عەزیزی و کاوە خوسرەوزادە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە دە کەسی دیکەشیان بە توندی بریندار بوون.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی خۆی لەم خەسارە گەورەیە، سەرەخۆشی لە بەڕێوەبەران و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ژینگە دۆستانی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری گیان‌بەختکردووان دەکا. هەروەها چاکبوونەوە و بەردەوامی درێژەدانی ڕێبازی خۆشەویستیی نیشتمان بۆ بریندارەکان به ئاوات دەخوازێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠