ڕاگەیاندنی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر گیان لەدەست دانی پەنابەرێکی رۆژھەلاتی لە ھەولێر

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
ھەر وەک ئاگادارن ماوەیەکـ لەوەو پێش پەنابەرێکی سیاسی خەڵکی کوردستانی ئێران بە ناوی “بێھزاد مەحموودی” بە بۆنەی بارودۆخی خەراپی ژیان و بە دژکردەوە بە وڵام نەدانەوەی کۆمیساریای باڵای پەنابەران رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خواستەکانی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی لە بەر بارەگای ئەم ڕێکخراوە لە شاری ھەولێر ئاگری بەردا جەستەی خۆی و ئاکامی زۆر دڵتەزێنی لێ کەوتەوە و بە داخەوە ئەوڕۆ گیانی لەدەست دا.
ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوم کردنی ئەم بێ مەبالاتییانەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەمبەر پەنابەرانی سیاسی رۆژھەڵاتی نیشتەجێی باشوری کوردستان، داواکارین کە بەلەبەر چاو گرتنی بارودۆخی نالەباری پەنابەران، پێداچوونەوەی خێرا بەسەر کەیسەکانییان دا بکرێت. ھەروەھا داوا لە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانیش دەکەین کە وەک ھەمیشە ھاوکارمان بن و تەنانەت بە بایەخێکی تایبەتیترەوە بڕواننە بابەتەکە و ئاسانکاری پێویست بۆ پەنابەرانی سیاسی کوردستانی ئێران بکرێت.
ناوندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٤ی مەی ٢٠٢١ زایینی
٣ ی جۆزەردانی ١٤٠٠ ھەتاوی