سوپاس بۆ هه‌مووان. مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە

سوپاس بۆ هه‌مووان
لەنێو پێشمەرگەدا ببووه نموونه‌ی ڕاستی و پاکی
لە ڕێی ئامانجی خەڵکی خۆی لە مردن قەت نەبوو باکی
بەدڵ دەمویست ئەمن بمرم «حەکیم» بگری لەسەر خاکم
قەدەر وا بوو «حەکیم» بڕوا، ئەمن بگریم لەسەر خاکی
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده
پێنج ڕۆژە ڕۆڵەی تێکۆشەری دێموکڕات، هاوڕێی ڕۆژە سەختەکانی خەبات و قاڵبووی نێوجەرگەی سه‌دان کارەسات کاک مستەفای حەکیمزادە «حەکیم» بە دنیایەک ئاواتی بەدی¬نەهاتووەوە کۆڕی یارانی بەرەو جیهانی نەمری بەجێ هێشتوە و دنیایەک شانازی بۆخۆی و بنەماڵە سەربەرزەکەی تۆمار کردوە و دەریایەک داخ و کەسەری بە ئۆگران و نیزیکانی چێشتوە. وەک هاوسەنگەری بەئەمەگی، حەمەڕەسووڵ کەریمی لەسەر گڵکۆکەی گوتی «حەکیم» هی هەمووان بوو هی خۆی نەبێ و بۆ هەمووان بوو بۆخۆی نەبێ. بۆیە بەهەق هەموو بۆی غەمناک بوون و بە ڕێگای جۆراوجۆردا بەداخبوونی خۆیان بۆ لەدەستدانی ئەو سەرمایە بەنرخە دەربڕی.
مەرگی «حەکیم» خەسارێکی گەورە بۆ حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردی خۆرهەڵات و داخێکی گران لەسەر دڵی هەزاران هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەر و هاوشار و هاونیشتمانی بوو، داخێک کە بە جوانترین وشەکان و بەسۆزترین وتەکان لە سەدان و هەزاران نووسینی نەمر و دەربڕینی هەست‌بزوێن‌دا نیشان درا و کەوتە سەر دەفتەری یادگاری.
لەونێوەدا بەحوکمی تێکەڵاویی بنەماڵەیی، بەهۆی هەڤاڵێنیی سەردەمی پاکی منداڵی، بەخاتری پتر لە چل ساڵ هاوڕێیەتی لە جەرگەی خەباتێکی سەخت و پڕهەورازونشێودا و لەهەمووان پتر لەبەر پتر لە چارەکە سەدەیەک ژیان بۆ یەک و لەپەنای یەک هەم خەسارەکەی بۆ من لە هەمووان بەژانتر بوو، هەم پەژارەکەی لەسەر دڵ گرانتر بوو. ئەمەش شتێک نەبوو هەر ئەم دووە بۆخۆمان بیزانین. هەموو ئازیزان لەو ڕاستییە ئاگادار بوون و دەیان‌زانی کە «ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا». بەهەق حەکیم ببووە بەشێک لە من و ناسنامەی من. لە هەرکوێ حەکیمیان دیتبایە چاوەڕێی دیتنی من بوون و ئەمن لە هەرکوێ دیار بایەم چاویان بۆ حەکیم دەگێڕا.
هەربۆیە بەشێکی زۆری ئەو هاودەردییانەی بۆ مەرگی ئەو گەورەخەباتگێڕە دەربڕان ڕوویان دەمن بوو، بەجۆرێک کە بوونە مایەی سێبووری و هەرلەوکاتەدا شانازیم. هه‌ر پاش ئه‌و کۆسته‌، ڕاگەیاندنێکی کرچ‌وکاڵم لەسەر کۆچی دوایی ئەو ئازیزە له په‌یجی خۆم بڵاو کردەوە که تا نووسینی ئەم دێڕانە ده‌یان هه‌زار جار سه‌ردانی کراوه و سه‌دان کۆمێنتی بۆ هاتووه. سەرباری ئەوانە هەر نەبێ هەزار کەس لە سەروەران و خێرخوازانم لە ڕێگای تەلەفون و کورتەپەیامەوە بەسەریان کردوومەوە و دڵخۆشییان داومەوە. ئەگەر بە خاڵی لاوازیشم لەسەر بنووسن بەڕاشکاوی دەڵێم ئەو شەپۆلە هاودەردییە نەبایە پشتم لەژێر باری ئەو غەمەدا دەچەمی.
زۆر ناخۆش و تەنانەت خەجاڵەتبارییە کە ناکرێ بەوردی و ڕاستەوخۆ یەک‌بەیەکی ئەو گەورەیی و هاوخەمییانە وەڵام بدەمەوە و پاداشێکی چووکی ئەو سەروەرییانە ئەدا بکەمەوە. بۆیە بە ناچاری و بە داوای لێبووردنەوە لێرەدا سوپاس و پێزانینیان پێشکێش دەکەم و لە خوای گەورە دەخوازم لە جیاتی من پاداشیان بداتەوە و لە دەردوبەڵا دووریان بخاتەوە.
ڕووحی «حەکیمی دەردان» شاد، ڕێگاکەی پڕ ڕێبوار و ئازیزانی سڵامەت بن و سێبووری بۆ هەمووان.
عبداللە حسن‌زادە
٢٠\٠٢\١٤٠٠ (١٠\٠٥\٢٠٢١)