ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر، بە دەنگی خاتوو تریفە ئەمیری
ئامادەکردنی حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەری گیاڕەنگ
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بەچی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر
ئەوەندە دەردەدارو بێ پەرستارم کە پێم وایە
لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
گەلێکم رۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد،ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو رۆژێ،کەچی ڕوانیم
لەپێشمدایە زەردو ماه و سەخت وئەستەمێکی تر
هەتا چارشێو بەسەری تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
نەما (خانی) هەتا چیرۆکی عیشقی ئێمە دارێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین (زین و مەم)ێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینەو مەمێکی تر
هەزار هێندە پەرێشان و سیا چارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
هەتاکوو دواپشوو رێبواری رێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر روخساری کیژی دڵشکاو بینی
گووتم یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
شەوێکی چاوەنوارت بووم، نەهاتی گیانەکەم ، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێرم ماتەمێکی تر
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بەکانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
بەتۆ چاری چلۆن دەکرێ دەروونی پر لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
بەهارو گوڵ، کچ و مانگە شەو، شێعری تەڕو بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر
مامۆستا هيمن موكريانى
ماڵپەری گیاڕەنگ