ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز

خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان
لە پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی٢٧٢١ی کوردی دا هاتبوو کە با هەموومان ئەمساڵ فەلسەفەی نەورۆز وەکوو هێمای ژیانەوە و ڕاپەڕین، بکەینە چرای ڕێگای ژیان و خەباتمان و بە تێکۆشان و گیانبازیی زیاتر، یەکڕیز و یەکگرتوو تا ڕووخاندنی ڕژیم و بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە ئازار و ستەم و چەوسانەوە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو، لە سەنگەری خەباتدا پتەو ڕاوەستین و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەباتی ئازادیخوازانە، شان بە شانی گەڵانی دیکەی ئێران یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بە مۆتەکەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕژیمی مرۆڤ کوژ و کاولکەری کۆماری ئیسلامی بێنین ، لەو نەورۆزەدا ئێوە خەڵکی خەباتکار وتێکۆشەری کوردستان سەرەڕای هەموو فشارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەرشە لە چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێزی و بڕینی ئینترنیت و هێنانی هێزی زیاتری سەرکوت بۆ گوندەکان و شارەکانی رۆژهەڵات و ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمانەی کە رووبەرووتان بۆتەوە، ئازایانە وبە خۆشحالییەوە ئەمسالیش هەر وەک ساڵانی ڕابردوو بەرەوپیری داواکاری حیزبەکانی خۆتانەوە چوون و بە بێ لەبەر چاو گرتنی هیچ بیر و باوەڕ و ئایینێکی جیاواز هەموو لایەک بە یەکدەنگی و یەکدڵی هاتنی نەورۆز دێرین و نوێ بوونەوەی ساڵی نوێیاتان جێژن گرت و بە هەڵپەرکێ و خۆشی و بە هێمای جامانە و گوڵی سوورەوە بەرەوپیری ساڵی نوێ و نەورۆز چوونەوە وبۆ جارێکی دیکە سەڵمانتان کە پشتیوانی حیزبە سیاسی وخەباتکارەکانی خۆتانن ونایەکی دیکەتان بە کۆماری ئیسلامی گووت. لە کەس شاراوە نییە کە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆی دەدا کە خەڵکی ئێران بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە هەموو خۆشییەک ویەکێەتی ویەک ریزی یەک بە دوور بن، چونکە سێحری مانەوەی خۆی لەوە دا دەبینێ ، بەتایبەتی ئەگەر ئەم جێژنە، جێژنێکی نەتەوەیی بێت و ببێت مەیدانێک بۆ بە هیز بوونی هەستی نەتەوایەتی ونیشان دانی یەکریزی گەل ولەهەمان کاتدا کردارێک بێ بۆ دەربڕینی دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی. خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تریش سەلماندییان کە لە خۆشی و ناخۆشی دا رەمزە نەتەوەییەکانی خۆیان بەرز دەنرخێنن و ملکەچی خواستی کۆماری ئیسلامی نابن.
خەڵکی ماندوونەناسی کوردستان
شار و دێ و شەقام و کۆڵانی هەموو کوردستان ئەمسالیش لێوانلێو لە خۆشی و شایی و هەڵپەرکێ بوو و رۆحی هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوچارەنووسی لە ناو دڵی خەڵکی کوردستان دا جارێکی تر ڕەنگی دایەوە. هەموو لایەک شاهیدی هێزی بەرین و لە شکان نەهاتووی ئێوە بوون و هەر ئێوەشن کە ورەپێدەری هەموو بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردن.
بە بۆنەی خۆراگری وپاراستنی یەکیەتی نێو ریزەکانی گەڵ، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستخۆشی لە ورەی پۆڵاینتان دەکا و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەشتان لێ دەکا و پەیمانتان لەگەڵ نوێ دەکاتەوە کە یەکدەنگی و یەکگرتوویتان بکاتە چرای پێشاندەری رێگای خۆی و هەموو هێز و وزەی خۆی بۆ پاراستنی یەکێتی وهاوخەباتی بخەینە گەڕ بەمەبەستی سەرکەوتنی یەکجاری وگەیشتنی گەلی کورد بەمافەکانی.
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران
سەرکەوێ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ی کوردی
٢٣ی مارسی ٢٠٢١