پێشەنگی پەسەندکرانی مافی دەنگدان بە ژنان. ئامادەکردنی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

پێشەنگی پەسەندکرانی مافی دەنگدان بە ژنان. ئامادەکردنی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
ئەمساڵ لە مانگی ڕەشەمەدا ژنانی وڵاتانی بریتانیا و ئیرلەند جێژنی ١٠٤ ساڵەی مافی دەنگدانی خۆیان جێژن دەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا تێکۆشان و ناڕەزایەتی ژنان یەکەمجار هەر لە بریتانیا دەستی پێکرد، بەڵام وڵاتی نیوزلەند یەکەم وڵاتی جیهان بوو کە بەڕەسمی مافی دەنگدانی بۆ ژنان پەسەند کرد.

مافی دەنگدانی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا بە گرینگترین ڕووداو بۆ پیشکەوتنی سەرەتایی بزووتنەوەی بەرگری لە مافەکانی ژنان دادەنرێ. پێش ئەو ڕووداوە زۆرێک لە لایەنگرانی مافی دەنگدانی ژنان –سافروجت – (sufferagette) فمێنیست ڕاپیچی زیندان کرابوون، هەر ئەوەش ببووە هۆکار بۆ ئەوەی ژنانی بریتانیا ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن و مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن. لە ئاکامی ئەو مانگرتنە گشتییەدا وڵاتی بریتانیا لە ساڵی ١٩١٨ی زایینی مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی ژنانی بە ڕەسمی پەسەند کرد، لەگەڵ ئەوەدا مافی دەنگدان بۆ ژنان پەسەند کرابوو، بەڵام تەمەنی بەشداریی ژنان و پیاوان جیاوازی هەبوو. لەو کاتەدا تەمەنی دەنگدان بۆ ژنان ٣٠ ساڵ و بۆ پیاوان ٢٠ ساڵ دیاری کرابوو.

وڵاتی نیوزلەند یەکەم وڵاتی سەربەخۆ بوو کە مافی دەنگدانی بۆ ژنان بە ڕەسمی ناسیبوو. نیوزلەند لە ساڵی ١٨٩٣ی زایینی بە قازانجی بەشداریی سیاسیی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا ، یاسای بنەڕەتی خۆی لە ئاستی هەڵبژاردندا دەسکاری کرد و هەر لە ساڵی ١٨٩٣ی زایینیدا بۆ یەکەم جار ژنان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا بەشدارییان کرد.

دوای نیوزلەند وڵاتی ئوسترالیا لە ساڵی ١٩٠٢ی زایینی مافی بەشداریی ژنانی لە هەڵبژاردنەکاندا پەسەند کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا خشتەی خوارەوە دەخەینە بەرچاو کە دوای نیوزلەند لە کام وڵاتانی جیهان مافی دەنگدان بۆ ژنان پەسەند کراوە. ئەو خشتەیە زۆرێک لە وڵاتانی تێدا نین، ئەوە بەو مانایە نییە کە وڵاتەکانی دیکە مافی دەنگدانیان بۆ ژنان پەسەند نەکردووە، زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش ناویان دەبوو لە لیستە و خشتەکە دا هەبێ، بەڵام بۆ ئەوەی بابەتەکەمان دڕێژ نەبێتەوە تەنیا ئەو چەند وڵاتەمان هەڵبژاردوون.

نیوزلەند (١٨٩٣)، ئوسترالیا (١٩٠٢)، فینلاند (١٩٠٦)، نۆرویژ (١٩١٣)، دانمارک (١٩١٥)، کانادا (١٩١٧)، ئاڵمان-ڕووسیە- لەهستان (١٩١٨)، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا (١٩٢٠)، سوئێد (١٩٢١)، بریتانیا – ئیرلەند (١٩٢٨)، ئیسپانیا (١٩٣١)، فەڕانسە (١٩٤٤)، ئیتالیا (١٩٤٥)، ئاڕژانتین- ژاپۆن-مێکزیک- پاکستان (١٩٤٧)، چین (١٩٤٩)، هیندوستان (١٩٥٠)، ئێران-مەراکیش (١٩٦٣)، لیبی (١٩٦٤)، سوئیس (١٩٧١)، ئۆردۆن (١٩٧٤)، ئەفریقای جنووبی (١٩٩٤)، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (٢٠٠٦)، عەرەبستانی سعوودی (٢٠١٥).

ئەگەرچی بەپێی ئەو ڕیزکردنەی سەرەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا ژنان مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانیاندا هەیە، بەڵام جیهانی سیاسەت و بەڕێوەبەری لە وڵاتان و لە ناوچەکاندا لەژێر دەسەڵاتی پیاوان‌دایە.

بۆ نموونە ژنان هیچ کات لە وڵاتەکانی کوویەت و مەراکیش و چاد وەک سەرۆکی دەوڵەت هەڵنەبژێردراون. لە وڵاتی قەتەر هیچ ژنێک مافی ئەوەی نییە بچێتە مەجلیس و پارلەمان. لە وڵاتەکانی ئێران، تورکیە، لوبنان و ئۆردۆن تەنیا چەند کەسێکی کەم لە ژنان لە پلەی وەزیردا دەبیندرێن یان کار دەکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە کێشەی سیاسی و نەتەوەییش بۆتە هۆکارێکی ڕێگر لە سەر بەشداری ژنان و تەنانەت پیاوانی سەر بە نەتەوەکانی دیکەش.

بۆ نموونە لە ئەفریقای جنووبی ژنانی سپی‌پێست لە ساڵی ١٩٣٠ مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام مافی دەنگدان بۆ ژنانی ڕەش پێست ٦٤ ساڵ دواتر پەسەند کراوە. یا دانیشتووە ڕەسەنەکانی وڵاتی ئوسترالیا کە لە شوێنە دوور دەستەکان دەژیان تا ساڵی ١٩٦٢ی زایینی مافی دەنگدانیان نەبوو و هاوکاتیش بەشێک لە خەڵکی کانادا تا ساڵی ١٩٢٠ مافی دەنگدانیان هەر نەبووە.

بۆچی هەنووکەش جێگە و پێگەی ژنان لە بواری کارکردندا لە خوار پیاوانە؟

ڕاپۆرتە جیهانییەکان نیشان دەدەن کە بە شێوەی نێونجی ژنان لە سەراسەری جیهاندا تەنیا ٢٣،٥ لە سەدی کورسی نوێنەرانی پارلەمانیان لە دەست‌دایە.

بۆ نموونە لە سەتا ٤٧ی ئەندامانی پارلەمانی فینلاند لە ژنان پێک‌هاتووە و لە کۆی ١٩ وەزارەت ١٢ ژن پلەی وەزارەتەکانیان بە دەستەوەیە و لە ڕاگەیاندنی حکوومەتدا بۆ یەکەم جار ١٢ ژن و ٧ پیاو ڕاگەیەندرا و ساننا مارین وەک گەنجترین سەرۆک وەزیرانی جیهان کە بە ڕەگەز ژنە ناسێندراوە.

وڵاتی مکزیک سەبارەت بە بەرابەری و یەکسانیی ڕەگەزی، دوای وڵاتی فینلاند لە سەتا ٤٢ی کورسییەکانی پارلەمان بە دەست ژنانەوەن، وڵاتی مێکزیک مێژوویەکی پڕشنگداری لە ئاست هاندانی ژنان بۆ بەشداری لە سیاسەتدا هەیە. بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە بەرابەری و یەکسانیی ڕەگەزی دەبێ ڕەچاو بکرێ و ڕێگە بۆ بەشداری لە کارە سیاسییەکاندا بە پێویست دەزانرێ.

بریتانیا لە پلەی سێهەم‌دایە و ژنان لە سەتا ٣٢ی کورسییەکانی پارلەمانیان بە دەستەوەیە و لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٠٠ ژن بە گشتی وەک نوێنەر هەڵبژێردراون و ئەوەش زۆرترین ڕێژەیە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتی بریتانیا.

ئەمریکا بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە پلەی ١٣یەم دایە، لەو وڵاتە تەنیا لە سەتا ١٩ی کورسییەکان بە دەستی ژنانەوەن. ئەگەرچی ڕێژەی نوێنەرانی ژن لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا لە ئەمریکا لە زیادبوون‌دایە، بەڵام بە نیسبەت وڵاتانی ئەندامی گرووپی (G20) زۆر لە دوایە و زۆر لەسەرەخۆ دەچێتە پێش.

لە نێو وڵاتانی ئەندامی گرووپی (G20) وڵاتی ژاپۆن لە ئاست بەشداریی ژنان لە پارلەماندا لە خوارترین پلەدایە. ژنان لە وڵاتی ژاپۆن تەنیا لە سەتا ٩ی کورسییەکانی پارلەمانیان بە دەستەوەیە.

سەبارەت بە ژنان لە ئێران بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران لە ماددەی ١١٥ دا بەم شێوەیە هاتووە “سەرۆک کۆمار دەبێ لە نێو “رجل” پیاوانی ئایینی و سیاسیدا هەڵبژێردرێ و هەڵگری ئەو مەرج و پابەندیانە بێ بە دەسەڵات: ئێرانی ئەسڵ بێ، ڕەگەزی ئێرانی بێ، بەڕێوەبەر و کار ڕاپەرێن بێ، پێشینەی ئەمانەتداری و باوەڕمەندی و موئمینیی هەبێ و باوەڕی بە یاسای دارێژراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئایینی ڕەسمی وڵات هەبێ. لێرەدا مەبەست لە ئایینی ڕەسمی وڵات (مەزهەبی شیعە‌یە).

ژنان لە پارلەمانی ئێراندا، لە کۆی گشتیی ٢٩٠ کورسی پارلەمان ١٧ کورسی پارلەمانیان بە دەستەوەیە، واتە سەتا ٥ی کورسییەکانی پارلەمانی ئیران بە دەست ژنانەوەن. ئەو ڕێژە کەم و نادیارە بۆ وڵاتێکی ٨٠ میلیۆن کەسی وەک ئێران بە نیسبەت وڵاتێکی بچووکی ٥ و نیو میلیۆن کەسی وەک فینلاند کە ٤٧ لە سەدی پارلەمانی ئەو وڵاتە لە ژنان پێک‌هاتووە بۆ بەراوردکردن نابێ، ژنان لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا تەنیا دەنگدانیان پێ دەبڕێ نەک هەڵبژێران بۆ مەجلیس و بۆ پارلەمان.

جیا لەوانە یەکێک لەو وڵاتانەی کە ژنان مافی دەنگدانیان نییە، وڵاتی بچووکی واتیکانە. واتیکان بچووکترین وڵاتی سەربەخۆیە. لەو وڵاتەدا ژنان مافی دەنگدانیان نییە. هەڵبژاردن لەو وڵاتە بە شێوەی سوننەتی و کۆن بەڕێوە دەچێ. سەرۆکی دەوڵەت “پاپ” ە، کە لە لایان کاردیناڵەکانی کلیسای کاتۆلیک هەڵدەبژێردرێ. لە ڕاستیدا کاردیناڵ پلەی ڕەسمی لە کلیسادا هەیە و بەرزترین پلەی کاتۆلیکە دوای پاپ. ئەو سیستەمە تەنیا بۆ پیاوان پێک‌هاتووە، لەبەر ئەوە ژنان مافی بوون بە کاردیناڵ‌یان نییە، هەر بەو هۆکارەش هیچ کات لە هەڵبژاردندا بەشداری ناکەن.