پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان!
خۆشک و برایانی ئازیز!
کچان و کوڕانی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
بەبۆنەی نەورۆز، جێژنی کۆنی کوردەواری، تازەبوونەوەی ساڵی کوردی لە لایەن سەرجەم کادر و پێشمەرگەکان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم. هەروەها زۆر بەتایبەتی، پیرزۆبایی دەکەم لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.
هاووڵاتیانی خۆشەویست!
ئێوە لە کەش و هەوایک دا بەرەو نەورۆز دەڕۆن کە لە لایەک پەتای کۆڕۆنا باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە و، لە لایەکی دیکەش لە دەرەنجامی سیاسەتەکانی نامەسئوولانەی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵانی خەڵک بەگشتی لە ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بوارێکی زۆر ناخۆشی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەژین.
بەڵام لەبیرمان نەچێتەوە، ئێمە لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکاندا، یادی نەورۆزمان کردۆتەوە، لەبەر ئەوەی نەورۆز بەشێک لە هێمای نەتەوایەتیی ئێمەیە. بۆیە ئەوساڵێش هیوادارم هەمووی ئێوە بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ڕێکارەکانی تەندروستی کاتێک یادی نەورۆز دەکەنەوە، ڕێک هەر بەو ڕووحە، بیری لێ بکەنەوە.
خۆشک و برایانی ئازیز!
لە ساڵی ڕابردوودا بەشی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەقیری و بێکاری و بێدەرەتانی لە بواری ژیاندا بووە. لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی، زیندانیکردن، سەپاندنی حوکمی ئێعدام و ئەشکەنجەکردنی بەشێک لە تێکۆشەرانی ئێوە بووە. لە بواری ئابووریشدا لە سۆنگەی بێکارییەوە کۆڵبەری لە کوردستان هەر درێژەی بووە. لەوەش گەڕێین کە لە بواری کۆڕۆناشدا کۆماری ئیسلامی کۆڕۆنای قۆستەوە بۆ ئەوەی کە لە قازانجی خۆی کەلکی لێوەرگرێ و، بەو جۆرە خەڵک مەجالیان نەبێ، ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن. بەڵام بەشی ئێوە و بەشی ئێمە چ بووە لە دژی کۆماری ئیسلامی؟ ئێوە و ئێمەش لە دژی کۆماری ئیسلامی کۆڵمان نەداوە و خەبات و تێکۆشانمان درێژەی بووە. ئێوە بەشێوەی خۆتان و ئێمە بەشێوە خۆمان، بەڵام خەبات و تێکۆشانمان لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و شێوەی تێکۆشانی هەر دوو لامان لە ساڵی ڕابردوودا تەواوکەری یەکتر بووە.
خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی ئێوە لە بواری جۆراوجۆردا، لەلایەن کچان و کوڕانی تێکۆشەر و ژنان و پیاوانی ئازیز، نیشانی داوە نەتەوەیەک کە ئاوا لەسەر خەت بێ و بەنسیبەت پرسی خۆی بێتەفاوت نەبێ و لە دەرفەتەکان کەلک وەربگرێ، هەرگیز بە کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا نایە.
ئێمە بە تێرۆری ڕێبەرانمان بە چۆکدا نەهاتین، بە مووشەکبارانی قەڵا بە چۆکدا نەهاتین، بۆ! لەبەر ئەوەی کە ئێوە پشتوانییتان لە ئێمە کردووە. ئێمە خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی ئێوە لە بواری جۆراوجۆردا زۆر بەرز دەنرخێنین. هۆیەکشی ئەوەیە حیزبی دێموکرات، هەمیشە باوەڕی بەوە بووە کە لە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و بەشێوەی ئاشتیخوازانە تێبکۆشێ خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافەکانی خۆی بگا.
ئێمە هەرگیز لەسەر ئەو باوەڕەدا نەبووین کە ڕێگا چارەی نیزامی دەتوانێ پرسی کورد لە ئێران چارەسەر بکا. لە ڕابردووشدا کە بە هەزاران پێشمەرگەمان لە مەیداندا هەبووە هەر لەو باوەڕەدا بووین و هەین، کە ڕێگای نیزامی پرسی کورد چارەسەر ناکا. ئێستا کە بەخۆشییەوە ئێوە لەسەر خەت و لە مەیداندا دەبینین، جێگای خۆیەتی بۆ جارێکی دیکە پێداگریی لەسەر ئەو سیاسەتە بکەینەوە.
هاووڵاتیانی ئازیز!
زەمانێک ئێمە دەتوانین بە مافەکانمان بگەین، کە دۆست زۆرتر بۆ خۆمان پەیدا بکەین و، بەیەکەوە کۆماری ئیسلامی تەریک خەینەوە. بۆ! چونکی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردووشدا هەوڵی داوە سەرپۆش لەسەر مەسەلەی کورد دابنێ و ئێمە تەریک خاتەوە. ڕێگا چارەکە چییە؟ ڕێگا چارە ئەوەیە یەکەم لەنێوخۆی وڵاتدا، پەیامی دۆستی، ئاشتیخوازانە و مافخوازانەی ئێمەی گەلی کورد بە گوێی هەموو خەڵکی ئێران و بە گوێی هەموو نەتەوەکانی ئەم وڵاتە بگا.
دوویەم، ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بە لایەنەکانی دیکەی ئێران دەڵێین، پێمان خۆشە بەیەکەوە ئێران ئێدارە بکەین و پێویستە مەسەلەی کورد لە ئێران وەک دەرفەت ببیندرێ، بەڵام دەبێ بە تەوافوق و ڕێککەوتن لەگەڵ یەکتر ئێران ئیدارە بکەین و بەمجۆرە ئێرانی داهاتوو بکەین بە هی هەموو لایەکمان.
هاووڵاتییانی ئازیز!
کۆماری ئیسلامی لە بواری نێودەوڵەتیدا هەوڵی داوە و تێدەکۆشێ قەیران و پرسی ئەتۆمیی خۆی وەکوو کارتێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و لە هاوکێشەکانی دنیای دەرەوەدا بەکار بێنێ. هاوکات کۆمەڵگە و نێوخۆی وڵاتیش بە بارمتە بگرێ و بەوجۆرە ڕابگەیەنێ کە لە ئێران تەنیا یەک کێشە هەیە ئەویش کێشە ناوکی و بەرجامە، کە دیارە ئەوەش بەڕێککەوتن و دانوستان، لەگەڵ دونیای دەرەوە چارەسەر دەبێ و کێشەی دی لەئارادا نییە. بەڵام ئێمە پێداگرییمان کردووە و، پێداگریشی لەسەر دەکەینەوە، کێشەی بەرجام و کێشەی ئەتۆمی شتێکە لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا و مەسەلەی ئەسڵی نێوخۆیی وڵاتە. لەنێوخۆیی وڵاتیش بەخۆشییەوە شعووری سیاسیی ئێوە خەڵکی کوردستان و هەست و ئێحساسیی نەتەوایەتیی ئێوە کە لەسەر خەتن، قووەتی قەلبێکی گەورەیە بۆ ئێمە و بۆ هەموو لایەکمان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا و بۆ جێخستنی مافەکانمان.
خوشک و برایانی ئازیز!
ئێمە لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان تەنەخیمان نەکردووە، بەڵام ئەوە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئێمە لە نێوخۆی وڵات و، یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکترە کە دەتوانێ دەستەبەری سەرەکیی سەرکەوتنی خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافەکانمان بێ. بۆیە بۆ جارێکی دیکە داوام ئەوەیە هەموو ئێوە، جیاواز لە هەر ئایین و مەزهەب و زاراوە و ناوچەیەک کە هەمانە، ساڵی داهاتوو بکەین بە ساڵی یەکڕیزی و یەکیەتی و هاوکاری و هەماهەنگی و هەرەوەزی کوردانە. هاوکات لەهەر بارودۆخێکدا لەبیرمان نەچێتەوە کە هەموومان خاوەنی مەسەلەیەکین بە ناوی مەسەلەی نەتەوایەتیی کورد لە ئێراندا و هیوادارم هەموو لایەکمان لەو بوارەدا کاری بۆ بکەین. ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بەو مەسەلەیەوە ماندووین و ساڵی ڕابردووش پێوەی ماندوو بووین. لەمساڵیشدا تێدەکۆشین بە پێوەندیی باش و دەروەستانەی خۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دی، ئەو ڕوحە بەهێزتر بکەین.
داوای ئێوە، بۆ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە لایەن ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وەرگیراوە. بۆیە بەخۆشییە ئێستا هەردوولای دێموکراتەکان لەسەر خەتین، ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین، بۆ جێخستنی عەقڵییەت و فەرهەنگێک، لە پڕۆسەی دانوستان و وتووێژ لەگەڵ لایەنەکەی دیکەی دێموکرات بەو ڕوحە ئەو دوو حیزبە ببێتەوە بە یەک حیزب کە ئێمە لە داهاتوودا بەیەکەوە کار بکەین و بەیەکەوە هەموومان، کادرەکان، پێشمەرگەکان ئەندامان و لایەنگران، لەنێوخۆی وڵات و لە هەموو شوێنێک بە یەکەوە هەست بە بەرپرسیارەتی بکەین و بە شانازییە و بەرنامە و پڕۆژەیەکی دیکە کە چاوەڕوانی ئێوەیە، دیسانەکە گڕووتینێکی دیکە بدەینەوە بە خەبات و تێکۆشانمان.
ئێمە دەبێ تێبکۆشین، ئەو ڕوحی یەکیەتی و یەکڕیزییە لەنێو خۆماندا پتر جێ بخەین و، هیوادارم لە ساڵی داهاتوودا زۆرتر کار لەسەر ئەوە بکەین.
لەکۆتاییدا نەورۆزتان پیروز، کوردستان هەر ئاوەدان، ئاڵای کوردستان هەر شەکاوە بێ. هەر شاد و ساغ و سڵامەت بن. داهاتوو هیی ئێمەیە.