زیاتر لە ٢٠ لە سەدی تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێران دا ژنن. شیلان ساڵحی

دیاردەی ئیعتیاد و خووگرتن بە مادە هۆشبەرەکان لە ماوەی دەیان ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی حکومەتی ئاخووندی دا، بۆتە گەورەترین کێشەی کۆمەڵگای ئێران.

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژووی ئیعتیاد و بڵاو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ناو کۆمەڵگا ئێراندا، بۆمان دەر دەکەوێت کە پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاخوندەکان و ڕژیمی ئیسلامی، کۆمەڵێکی یەکجار کەم لە هاووڵاتیانی ئێران خوویان بە مادەی هۆشبەر گرتبوو، بەڵام پاش ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی، بە تایبەت لەم دوو دەیەی دوایی دا تاقمێکی یەکجار زۆر لە چین و توێژ و ڕەگەزە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران بە دەست نەگبەتی و نەهامەتی گیروودە بوون بە جۆرێک لە مادە هۆشبەرەکانەوە دەناڵێنن.

کێشەی سەرەکی لێرە دا ئەوەیە کە دام‌ودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئێران، کە بۆ سەرکوت و کپ کردنی دەنگی ئازادی خوازانەی خەڵک لە هیچ هەوڵ و کۆششێک دڕێغییان نەکردووە و نایکەن، بەڵام بۆ بەربەست و ڕیشەکێش کردنی دیاردەی ئیعتیاد، نەک هیچ کارێکیان نەکردووە، بەڵکوو بە شیوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە نهێنی و ئاشکرا دەستیان لە بڵاو کردنەوە و پەرەپێدانی ئەو دیاردە نگریسە دا هەیە.

سەیر لەوە دایە کە ئەگەر جاران بەکار هێنانی مادەی هۆشبەر و خووگرتن بە بەکار هینانی ئەو مادانە تایبەت بە پیاوان و لەوانیش دا چین و توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگەی لە خۆ دەگرت، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر سنوورەکان چ لە نێوان ڕەگەزی پیاو و ژن و چ لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دا هەڵگیراون و دەکڕێ یەکێک لەو موعتادانەی کە لە پەنا کۆڵان یان قەراغ جادە و گۆڕەپانێک دا کەوتووە، کوڕی یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسانی شار، یان ژن و کچی بنەماڵەیەکی بەڕیز و خۆشناوی شار بێت.

بە گوێرەی ئامار و رەشنووسی دام‌ودەزگا پەیوەندی دارەکانی ڕژیم و بە وتەی کاربەدستانی ڕژیمی ئێران کە لە دام‌ودەزگاکانی بەناو دژایەتی لەگەڵ بڵاو بوونەوەی مادەی هۆشبەر دا کار دەکەن، باس لە هەرزان بوونی نرخی جۆڕیکی پڕ مەترسی لە مادەی هۆشبەر بە ناوی شیشە دەکەن و دەڵێن بە دەست هێنانی ئەو مادە هۆشبەرە لە شارێکی وەک تاران دا تەنیا ٥ خولەکی پێویستە.

لە ڕاپۆرتێک دا کە لە لایەن ئاژانسی هەواڵی سەلامەت نیوزەوە بڵاو کراوەتەوە و بە ئاماژە بە سەرچاوەکانی هەواڵی دام‌وەدەزگاکانی دژایەتی مادە هۆشبەرەکان، لە ئیستا یەک ملییۆن و ٣٧٥ هەزار کەس موعتاد لە ئێراندا هەیە و لەو تاقمە ٢٧٠ هەزار کەسیان لە ڕەگەزی مێینەن. ئەو ئامارەی ڕژیم چەندین جار لە لایەن ڕێکخراو گرووپە سەربەخۆکانی دژ بە ئێعتیاد لە ئێراندا ڕەت کراونەتەوە و ئەو ڕێکخروانە لەو بڕوایە دان کە ڕێژەی کەسانی تووش بوو بە مادەی هۆشبەر دەقاتی ئەوەی کە ڕژیم باسی دەکات زیاتر. لەو ڕاپۆرتەی سەلامەت نیوز دا هاتووە: ٦٥ لە سەدی ئەو ژن و کچانەی کە تووشی مادەی هۆشبەر دەبن لە لایەن هاوسەر یان دۆستە کورەکانیانەوە تووش دەبن و لە ئێستا دا بەشێکی زۆر لەو تووشبووانە لە جیاتی پەنابردن بۆ ئەو مادە هۆشبەرانەی کە کارتێکەریان کەمە، یەکسەر ڕوو لە مادەیەکی پڕ مەترسی وەک شیشە دەکەن، کە ڕزگار بوون لە دەستی کارێکی ئاستەمە.

بە وتەی کاربەدەستانی ڕژیم لە ئیستا دا ڕێژەی بە کار هێنانی مادەی هۆشبەر لە زانکۆ و خوێندنگاکانی ئێراندا بە شێوەیەکی سەرسووڕ هێنەر ڕووی لە هەڵکشان کردووە. لە شوێنی مانەوە وژیانی خوێندکاراندا ڕێژەیەکی یەکجار زۆر مادەی هۆشبەر ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێ و لە نێوانەش دا ژنان و کچان گەورەترین قوربانییەکانی ئەو مادەیەن. لەم دواییانە دا و پاش بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە گوایا مادەی شیشە بۆ کەم کردنەوەی کێش و لەش جوانی، بە تایبەت لە ڕەگەزی مێ دا کارتێکەری باشێ هەیە و هاوکات وا باس کراوە کە گۆیا مرۆڤ ئالوودەی نابێ، کۆمەڵێکی زۆر لەو ژن و کچانەی کە بە مەبەستی لەش جوانی ڕوو لە وەرزشگاکان دەکەن ڕوویان لە بەکار هێنانی مادەی شیشە کردووە. ڕەنگە ئەو دەنگۆیانە لە لایەن قاچاخچی و فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکانەوە بڵاو بکڕێنەوە، بەڵام سەیر لەوە دایە کە خودی دام‌ودەزگاکانی ڕژیم و بە تایبەت فەرمانگەی دژایەتی لەگەڵ تووشبوون بە مادەی هۆشبەر، بۆ ئەوەی خەڵکی لە بەکار هێنانی مادەیەکی وەک کراک دوور بخەنەوە و لە جیات ئەوەی هەوڵی کۆکردنەوە و سڕینەوەی کۆمەڵگا لە هەموو جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان بدەن، پڕۆپاگاندە بۆ بەکار هێنانی مادەی شیشە دەکەن، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو مادە ترسناکە بە شێوەیەکی زۆر بە بڵاو لە ناو کۆمەڵگا دا پەرەبستێنێ.

ئێستا ئیتر بە پێچەوانەی جاران و بە پشتیوانی ئەو تەبلیغات و پڕپاگاندە بەربڵاوەی بۆ کارتێکەری مادەی هۆشبەری شیشە لە سەر لەش جوانی لە ئێراندا بڵاو بووەتەوە، مادەی شیشە لە قۆناغی فرۆشی نهێنی و دەستاودەست کردنی لە لایەن قاچاخچییەکانەوە تێپەڕیوە و ئێستا لە بازاڕ و دوکان و وەرزشگا و یانەکانی لەش جوانی دا و بە شێوەیەکی زۆر مۆدێرن و پاکەت و بەستەی جوان و ڕەنگاو ڕەنگ و لە ژێر دەیان ناوی جیاواز دا زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێت، بە بێ ئەوەی کە کڕیار بە دوای دا بگەڕێ.

ئەو ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانەی مادەی شیشە لە دەرەجەی یەکەم دا بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژنان و کچان و لە ڕاستی دا بۆ داهاتووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بە تایبەت لە ئێراندا. ژنان کە خۆیان ڕۆژانە بەرەوڕووی دەیان و سەدان جۆری چەوسانەوە و زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتی چ لە ئاستی کۆمەڵگا و چ لە ئاستی بنەماڵەکانیان دا دەبنەوە، تووشبوونیان بە هەموو جۆرە مادەیەکی هۆشبەر دەبێتە هۆی تەریک کەوتنەوەی زیاتریان لە کۆمەڵگا دا وتەنانەت زوڵم و زۆر و ئەشکەنجەی سیستماتیک دەسەڵات دارانیش، چونکا ئیتر لە حاڵەتی تووشبوون دا بیانوویەکی باشتر بە دەست کاربەدەستانەوە دەبێت کە ئەویش ئالوودە بوونیانە بە مادەی هۆشبەرەوە. ئەوە جگە لەوەی کە تووشبوونی ژنان بە مادەی هۆشبەر دەبێتە هۆی لێک بڵاو بوونی بنەماڵە و کەمبوونەوەی زاوزێ و سەرئەنجام لێکترازانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو، چونکا ژنان نیوەی کۆمەڵن و بە بێ بوونی ئەوان بەڕێوەچوونی ژیانێکی ئاسایی تووشی ئاستەنگ و گرفت دەبێت.

بەو ئاواتەی کە ڕۆژێک دابێت هیچ تووشبوویەک بە مادەی هۆشبەر و هیچ چەشنە مادەیەکی ماڵوێرانکەر لە جیهان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا نەمێنێ.