وڵامەکانی مامۆستا لاوچاک لە بارەی خوێندنی کوردی

وڵامەکانی مامۆستا لاوچاک لە بارەی خوێندنی کوردی لە لایەن کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان
ئاماژە: مامۆستا ئەبوو لاوچاک ، خەڵکی ئاوایی “سەوزی”ی ناوچەی چۆمی مەجید خان، یەکێک لەو لاوانە بوو کە لە ڕێگای خۆ تەرخانکردن بۆ وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش، قۆڵی خزمەت بە خەڵکی کوردستانیان هەڵماڵی. لە خوارەوە وڵامەکانی ئەو مامۆستایەی شۆڕش بە پرسیارەکانی قادر وریا لە لە بارەی خوێندنی کوردی لە لایەن کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستانەوە، دەخوێننەوە. ئامانج لەم وتوویژەش سوود وەرگرتن لە روونکردنەوەکانی مامۆستایانی شۆڕش لە توێژینەوەیەکی زانستی لە ژێر ناوی “خوێندنی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” دا بوو کە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجام درا.

ـ کتێبی ژیان و خەبات هەر بەرگێک بوو یان دوو ؟ چونکە لە سەر بەرگی ئەم کتێبەی تایبەت بە فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی گەورە ساڵان ( ساڵی ١٣٦٣ ) چاپ بووە نووسراوە: ” ژیان و خەبات” (١)؟
تەنیا یەک بەرگ بوو.
ـ ئایا هەروا کە “ژیان و خەبات” کتێبی ” ڕێنوێنی مامۆستا”ی هەبوو ، کتێبی خوێندنی زمانی کوردی (١) ، (تایبەت بە منداڵان) یش کتێبی “ڕێنوێنی مامۆستا” ی هەبوو؟
ـ نەخێر، هەرچەند بڕیار درابوو بنووسرێ بەڵام بە دەستپێکردنی هێرشی نیزامی بۆ سەر کوردستان و گواستنەوە لە شار بۆ شاخ ئەو فورسەتە لە دەست چوو. شیاوی باسە کتێبی پۆلی یەکەمی سەرەتایی کاتی خۆی

لە لوبنان بە هۆی فەلەستینییەکان چاپ کرا.

ساڵی خوێندنی ١٣٦٠ ـ ١٣٥٩ کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی گەمارۆی خستبووە سەر ناوچە ئازادەکانی کوردستان، ئایا خوێندن لە ناوچە ئازادەکان هەبوو؟ لە کام ناوچە هەبوو؟ لە چ ئاستێک دا هەبوو ( سەرەتایی، ناوەندی و ….)؟
لە ساڵی ١٣٥٩ لە ناوەندی کوردستان هێندێک قوتابخانە کرانەوە بەڵام لە ساڵی ١٣٦٠ دا سەر بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ڕێگای ڕادیۆوە لە زۆربەی هەرە زۆری ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان کلاسی تایبەتی بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی مامۆستایان پێکهات بە تایبەتی لە ناوچەکانی مەهاباد، بۆکان، سەردەشت و پیرانشار … .
پێش ئەوەی کتێبەکانی ” کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەراسەری کوردستان” بگەنە دەست مامۆستایان، خوێندنی کوردی و زانستەکانی دیکە ( زانستی ئەزموون ، بیرکاری و …. ) بە هۆی ( بە یارمەتی) چ جۆرە کتێبێک تەدریس دەکران؟
– ئێمە پێش ئەوەی ئەو کتێبانەمان پێ بگا شتێکی ئەستاندارد و یەک جۆرمان لەبەر دەست نەبوو، بەڵکوو لە هەر ناوچەیەی بە شێوەیەک ئەو ئەرکە جێ‌بەجێ دەکرا وەک هێنانی کتێب لە باشووری کوردستان و یان کار کردن لەسەر ڕێنووسی کوردی بوو بە تایبەت ناساندنی پیتەکانی کوردی و سازکردنی وشەو ڕستە و لەو بابەتانە بوون.
تکایە ئەو ناوچانە و ئەو گوندانەی کە کۆڕی پەروەردە، قوتابخانەی لێ کردبوونەوە، وێرای ژمارەی تەقریبی قوتابیانیان، ناوبەرە؟
– ڕەنگە ناوبردنی هەموو ئەو گوند و ناوچانەی کە قوتابخانەکانی شۆڕشیان لێکرابوونەوە ئاوا ئاسان نەبێ. بەڵام لە ساڵی ١٣٦٠ ، ١٣٦٤ لە شیمال هەتا جنووبی کوردستان قوتابخانە کرانەوە. لەو قوتابخانانە دا نیزیک بە ٨٠٠ مامۆستا و ٥٠٠٠ قوتابی بەشدار بوون.
لەو کلاسە تایبەتییانەدا کە کۆڕی پەروەردە بۆ پێگەیاندنی مامۆستا پێکی دێنان، چ ئامووزشێک دەدرا؟
ـ ڕێزمانی کوردی، شێوەی وانە گوتنەوە و هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابی، فەلسەفە، پەرەستاندن ( تکامل ) ، مێژووی حیزب و جووڵانەوەی کورد و ئەخلاقی شۆڕشگێری.
کۆڕی پەروەردە تەنیا کتێبەکانی پۆلی یەکەم و دووەمی سەرەتایی و کتێبی ” ژیان و خەبات ” ی ئامادەو چاپ کرد. ئەدی خوێندن لە پۆلەکانی سێهەم و چوارەم و پێنجەم دا چۆن بوو؟ کتێبەکان ئایا هەمان کتێبەکانی “آموزش و پرورش” ی ئێران بوون؟ شەرحی دەرس بە کوردی یان بە فارسی بوو؟
ـ لە پۆلی سێهەم بۆ سەرتر وێرای ڕێنووسی زمانی کوردی کتێبەکانی ( آموزش و پرورش ) ی ئێرانیش بە کوردی دەگوترانەوە. ئەڵبەت بابەتەکان گوڵچین دەکران و هێندێکیان وەلادەنران.
– ئەوەی راست بێ ئێستا ئەو کتێبەمان لەبەر دەست دانییە کە وردتر لە جاران کەم و کوڕییەکانی دەستنیشان کەین، بەڵام شیکردنەوە و ڕاهێنان لەسەر ڕێنووسی کوردی و ناساندنی پیتەکان، شتێکی گەلێک بە سوود بوون.
ئایا لە ناوچەکانی دیکە ( جگە لە موکریان ) کوڕی پەروەردە، تێکۆسانی هەبوو؟ ( مەبەستم لە سەقز بۆ خوارەوەیە: سەقز، سنە، مەریوان، دیواندەرە، سنە کامیاران و هەورامان و …. )
ـ بەڵێ. لە هەموو ئەو ناوچانە تێکۆشان هەبوو تەنانەت چەندین ساڵ لە لایەن کۆڕی پەروەردە و فێرکردنەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان ناوەندی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە پیرۆزە ڕەوانەی شیمالی کوردستان کران.
لەگەڵ ڕێز و سڵاو هیوادارم جێگای ڕەزامەندی بەرێزتان بێ.
بە سوپاسەوە
لاوچاک
٠٣ ـ ٠٢ ـ ٢٠١٠
نووسینەوە: حەمەرەسووڵ کەریمی
ماڵپەری گیارەنگ

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت