ئەو پێشینەیە کە دەبێتە کارنامەی دەساڵەی “گیاڕەنگ” ئاشق
هاوڕێێ بەڕیز کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی! هەروەک بۆخۆتان نووسیوتانە ئەوە دە ساڵ بە سەر بڵابوونەوەی ڕۆژنامەی ئێنتێرنێتیی “گیاڕەنگ” دا تێپەڕی و ئەو ڕاگەیەنە پێینایە یازدەهەمین ساڵی تێکۆشانی خۆیەوە. ڕۆژەکان، ساڵەکان و مانگەکان زوو تێدەپەڕن و مرۆڤ هەست بە ڕۆیشتنی خێرای کات ناکا، بەڵام کەسێک کە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیی کردبێ، باش دەزانێ کات و ساتەکانی ئەو دە ساڵە بۆ تۆ پڕ بووە لە هەوڵدان و شەونخوونی بۆ تازەڕاگرتن و گەشەپێدانی ئەو سایتە کە هەموو چەشنە بابەتێکی سیاسی، ئەدەبی، هونەری و کۆمەڵایەتی تێیدا ڕەنگیان داوەتەوە و بەرهەمی دەیان نووسەری ناسراو و تازەدەستپێکردووی تێدا بڵاو کراوەتەوە. ئەو پێشینەیە کە دەبێتە کارنامەی دەساڵەی “گیاڕەنگ”، نیشان دەدا کە ڕەنج و ماندوو بوونەکەت بەفیڕۆ نەچووە و بەرهەمی داوەتەوە، بەرهەمێک کە لەپێش چاوی خوێنەران و دۆستانی “گیاڕەنگ” بە ڕوونی خۆ دەنوێنێ.
هەر بەو بۆنەیەوە ماندوونەبوونی و پیرۆزباییت لێدەکەم. هیوادارم بۆخۆت هەمیشە سڵامەت و سەرکەوتوو بی و “گیاڕەنگ”ی نەسرەوتووش ڕۆژبەڕۆژ پڕبەرهەمتر بێ، دایم لە گەشە و نوێبوونەوە دا بێ و بتوانێ لە ڕێباز و ئەرکی ڕاگەیاندنی خۆی دا سەرکەوتوو بێ.
ئاشق