حاکمیەتی سەرەڕۆ و بێ ئاگایی لە راستیەکانی کۆمەڵ. ئەشکان محەممەدی

لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران دا بە پێی سروشتی باو، هەر کاندیداتۆرێک هەوڵ دەدا بەرنامە و پرۆگرامەکانی داهاتووی خۆی بخاتە بەر چاو و بیری خەڵک . بەڵام بە سەرنج دان بە بەرنامەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا نیازی کاندید بوونیان هەیە یا خود کاندید بوونی خۆیان راگەیاندووە ، بەرنامە و باسەکانیان تەنیا لایەنی ئابووری و تا کەمێک لایەنی ئەخلاقیی پێوە دیار بووە. بە ڕای بەشێکی زۆری کاندیدەکانی سەرکۆماری کێشە و گرفتی گەورەی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران تەنیا لایەنی ئابووریە. لە راستی دا ئەمرۆ بار و گوزەرانی خەڵک بە گشتی لە خراپی دایە و رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەچێ، دەکرێ ئەوە تەنیا وەک گرفتێک چاو لێ بکرێ . بەڵام زۆر کێشە و گرفتی دیکەی کۆمەڵایەتی لە ئێران دا هەیە ، کە خەڵکی ئێرانی وەزاڵە هێناوە و هەڕەشە لە ژیانی گەنجان و لاوانی ئێران دەکا، لە کاتێک دا کاندیدەکانی سەرکۆماری هیچ بەرنامە و پلانێکیان باس نەکردووە بۆ کەم کردنەوە و لە بەین بردنی ئەو گرفت و کێشانە. لەوانەیە هەستیان بەو راستیە کردبێ کە لە بەرامبەر کێشە زۆر و زەقەکانی ئەمڕۆی ئێران دا ناتوانن هیچ بەرنامە و پلانێکیان هەبێ و ، رێگا هەر ئەوەیە کە ئامارەکان لە خەڵک بشارنەوە و بە چەواشەکردن و درۆ و دەلەسە درێژە بە دیکتاتۆریەتی ڕەشی خۆیان بدەن. ئەگەرچی لە راگەیاندن و قسە و باسەکانیان دا زۆر سوورن لە سەر هەبوونی بەرنامە و گوێ دان بە چینی لاوی وڵات و چارەکردنی گرفتەکانی لاوانی ئێران ، بەڵام ئامارەکان لە سەر هەلومەرجی ژیانی لاوان بە گشتی لە ئێران دا جێگای داخ و نیگەرانین. یەکێک لە گرفتە باوەکانی لاوان بە تایبەتی کێشەی ئیعتیادە، موعتاد بوون بە ماددە هۆشبەرەکانی وەک تریاک،شیشە ، هێرۆیین،کراک و … کە رۆژ بە رۆژ ئاماری موعتادەکان دەچێتە سەر و هەروەها رێژەی تەمەنی کەسانی تووشبوو دێتە خوارتر. بە پێی ئامارێک کە لە رۆژنامەی جامی جەم دا بڵاو کراوەتەوە ، نیوەی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان تەمەنیان لە خوار ٢٩ ساڵیە . چینێکی کۆمەڵ کە هێزی بزووێنەر و بەرهەم هێنی کۆمەڵگەن و دەبێ دەور و رۆڵی کاریگەر بگێرن بەڵام لە گەڵ کێشەیەکی گەورە بەرەوڕوون. هیچ کام لە کاندیدەکان لە لایەنە جیاوازەکان تا ئێستا هیچ ئیشارەیەکیان بەوە نەکردووە کە بەرنامەو پلانیان لە داهاتوو دا چی دەبێ بۆ لە بەین بردن و کەم کردنەوەی ئەو کێشەیە. ئەوە نیشانەی ئەو راستیەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا دەیانەوێ لە رێگای چەواشەکاری و درۆ کردن لە گەڵ خەڵکی ئێران بە مەبەستەکانی خۆیان بگەن. بە پێی هەواڵی تابناک ئەو ئامارەی کە لە لایەن پۆلیسی دژی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٧٦ دا بڵاو کراوەتەوە و نیشان دەدا کە لە ئێران دا دوو میلیۆن تووشبوو هەیە ، هەر هەمان ئامار لە ساڵی ٨٥،٨٦،٨٧و ٨٨ دا بە هەمان شێوە لە لایەن پۆلیسەوە بڵاو کراوەتەوە، لە کاتێک دا رێژەی تووشبووان ساڵ لە گەڵ ساڵ بەرەو سەرتر دەچێ و تەمەنی تووشبووانیش دێتە خوارتر.

ناکرێ یەک لایەنە چاو لە کێشەی ئیعتیاد بکرێ ، بەڵکوو لایەنە خراپەکانی جیاوازن و قورسایی دەخەنە سەر ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵ. پاسیڤ بوونی چینێکی چالاکی کۆمەڵ کە لاوانن ، دەرەنجامێکی زۆر خراپی ئیعتیادە. ئەگەر لە بنەماڵەیەک دا تەنیا یەک کەس موعتاد بێ ، ناکرێ کاریگەریەکانی لە سەر کەسانی دیکەی بنەماڵە لە بەر چاو نەگیرێ. رێکارە دروستەکان بۆ کەم کردنەوەی کاریگەریە خراپەکانی ئیعتیاد لە سەر کۆمەڵ و بنەماڵە بە تایبەتی، لە لایەن هیچ کام لە کاندیدەکانەوە باس نەکراوە. تاکرەویی و دەسەڵاتی یەک لایەنەی رێبەری ئێران ، باڵی کێشاوە بە سەر هەموو لایەنەکانی پێوەندیدار بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ، لە کاندید بوونەوە تا دەگاتە خاڵی کۆتایی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە. بڕیارەکان لە رێبەرەوە سەرچاوە دەگرن و دەبێ لە بەرژەوەندی و قازانجی رێبەریش کۆتاییان بێ. رێبەرێکی دیکتاتۆر کە هێز و توانای خۆی بە کار دێنێ بۆ سەرکوت کردنی هەر دەنگێکی نارازی. هەوڵی زۆر و بەرچاوی کاندیدەکانی سەرکۆماری پێش ئەوەی لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی خەڵک بێ لە راستی دا رازی کردنی رێبەری ئێرانە. بۆ رێبەر دیاری کردنی چوارچێوەیەکی بەستراوی دەسەڵات کە هیچ کەس نەتوانێ سنوورەکانی بشکێنێ و خۆی وەک کەسێکی تابۆ بتوانێ نەخشی تێدا ببینێ ، ئامانجێکی سەرەکیە. هەر کام لە کاندیدەکانی سەرکۆماری بە شێوەیەک دەیانەوێ ئەو پەڕی وەفاداری خۆیان بە بیرو باوەر و هزرەکانی رێبەری نیشان بدەن ، بوون بە سەرۆککۆمار لە ئێران دا پێش هەموو شت دەبێ پشتیوانی رێبەری لە گەڵ بێ. دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردن دا تەنیا شانۆیەکە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تەبلیغاتی پێوە دەکەن. نموونەیەکی بەرچاو لایەنێکە بە ناوی ٢+١ کە لەو دا محمد باقر قالیباف ،ئەکبەری وەلایەتی و غلامعلی حەداد عادل سێ کەس کە دەیانەوێ خۆیان کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرکۆماری و لە کۆتایی دا رێبەر حەزی لە کامیان بێ ئەوانی تر بکشێنەوە و پشتیوانی لە کاندیدی جێ قبوڵی رێبەر بکەن. کەواتە نە دەنگی خەڵک بە لایاناوە گرنگە و نە بەرنامە و پلانەکانیان لە سەر بەرژەوەندی خەڵک دادەمەزرێنن. لە ئەنجامی ئەو بیر و فکرو سیاسەتە چەوتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیە کە هەلومەرج و باری ژیان و کێشە قووڵەکانی نێو کۆمەڵگە هیچ گۆرانکاریان بە سەر دا نایە و ، رێژەی موعتاد ،بێکار،تاوان و جنایەت … رۆژ بە رۆژ دەچێتە سەرتر. هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی دا تا ئێستا نەبووە بە هۆی ئەوە کە دەرد و مەینەتیەکانی خەڵکی ئێران ، بە تایبەت لاوان کەم بکەنەوە، بەڵکوو ساڵ بە ساڵ زیاتر چەوسێنراونەتەوە و زوڵم و زۆریی ئاخوندەکانیش رەنگ و شێوەکانی گۆڕاوە. ئەرکی ئەمڕۆی لاوانی ئێران ئەوەیە کە ڕەهەندە کاریگەرەکان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی زیاتر پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئسلامی لەرزۆک بن و حوکمی جاهیلانە و دوواکەوتوانەی ئاخوندەکان جێگای خۆی بدا بە سیستمێکی دێموکراسیی خەڵکیی کە لەو دا رێز لە تاکەکانی کۆمەڵ بگیرێ و مافەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ دەستەبەر بکرێ. هات و هاواری هەڵبژاردنێک کە ئاخوندەکان وەڕێیان خستووە لە راستی دا شاردنەوە و سەرپۆش دانانە لە سەر کێشە و گیر و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگە و هەروەها خودی حاکمیەتی ئاخوندی.