ئایا هاشمی رەفسەنجانی، “کەسێکە بۆ هەموو وەرزەکان”؟ حەسەن حاتەمی

نزیک لە دەقیقەی ٩٠ی ماوەی ناونووسی کاندیداکانی سەرکۆماری خۆلی یازدەیەم، کە لە ٢٤ ی جۆزەردانی ١٣٩٢ (٢٠١٣) دا، بەڕێوە دەچێ؛ عەلی ئەکبر هاشمی رەفسەنجانی (بەهرەمانی)، – کە ماوەیەکە بە ئایەتووڵلاش ناوی دەبرێ-، بەئامادەبوون لە وەزارەتی نێوخۆ، بەفەرمی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری – بەشێوەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی-، ناونووسی کرد.

رەفسەنجانی لە تەمەنی ١٤ ساڵی دا، ئاوایی بەهرەمانی سەر بە شارەدێی نوقی رەفسەنجان و میرزا عەلی باوکی – دەوڵەمەندی خاوەن باغی پستە- و ماەبی بی سەفەری دایکی و ٨ کەسی دیکە لە خوشک و براکانی، بەجێهێشت و بۆ خوێندنی علوومی دینی، چوو بۆ شاری قوم.

لە ماوەی خوێندنی دا، چەند ئایەتوڵلا و حوجەتولئیسلام دەرسیان پێ وتوە و کاریگەران لەسەر داناوە. بەڵام لە هەمووان پتر لە بیروباوەڕی رووحوڵڵا خومەینی نزیک بوە. لە ساڵی ١٣٤٠ (١٩٦١) دا، ئۆگری بە ئیسلامی سیاسی پەیدا کردوەو بۆ ماوەی ٥٤ ساڵ- کە نزیکەی ٣٥ ساڵ لەدەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ- دا، بووە و یەکێک لە “رێکۆرد دار”ەکانی بەرپرسانی سەرووی نیزامە.

چاوخشاندنێکی سەرپێی، بەسەر بەشێکی گرینگ لە پێرستی بەرپرسایەتییەکانی ناوبراو دا، ئەو راستییەمان بۆ دەردەخا. رەفسەنجانی، ئەندامی موئتەلیفەی ئیسلامی، ئەندامی کورت ماوەی موجاهیدینی خەڵق، ئەندامی دەستەی ٢٨ کەسی دامەزرێنەری، “رووحانیت موبارێز تاران” و ئەندامی شووڕای شۆڕشی یەکەم- پێش راپەڕینی گەلانی ئێران-، و دواتر، ئەندامی دامەزرێنەری حیزبی جمهووری ئیسلامی، و وەزیری نێوخۆی- کابینەی شووڕای ئینقلابی دوویەم-، سەرۆکی یەکەم و دوویەمی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی، نوێنەری ئایەتوڵلا خومەینی لە شووڕای بەرزی بەرگری- دوای مێهدی چەمران، لەساڵی ١٣٦٠دا-، جێگری فەرماندەری گشتیی هێزەچەکدارەکان، دوو دەورە سەرکۆمار و سەرۆکی بەرزی شووڕای ئینقلابی فەرهەنگی، دوویەمین سەرۆکی مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری- هەتا ساڵی ١٣٩٠- و سەرۆکی کۆمەڵی بەرژەوەندییەکانی نیزام، بۆ ماوەی پتر لە ٢٠ ساڵ و نزیکەی ٣٠ ساڵ پێش نوێژی کاتی نوێژی هەینی تاران- هەتا ٢٦ ی پووشپەڕی ٨٨ (٢٠٠٩)-، کە بە بیانووی پشتیوانی لە “فیتنە گێڕان”، لە پێش نوێژی ولانرا.

ڕەفسەنجانی یەکێک لە نزیکترین کەس لە ئا. خومەینی بوو و زۆرترین کاریشی بەقازانجی ئیسلامی راستی سوننەتی و داسەپان و جێگیرکردنی ئیسلامی سیاسی لەجۆری جمهووری ویلایەتی فەقیه، ئەنجام دا، بۆ وێنە: دامەزراندنی سپای پاسداران- وەک نوێنەری ئا. خومەینی-، کاریگەری لەسەر لابرانی بنی سەدر- لە فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکان- و هەوڵدان بۆ باس لەسەر نەبوونی متمانە بەسەرکۆماری ناوبراو- لە مەجلیسی شووڕا دا، کە بە سەرۆکایەتی ئەو، پەسند کرا.- دیتنەوەی رێکارێک بۆ ناکۆکییەکانی شووڕای نیگابان و مەجلیسی شووڕا- کە لە هاوینی ١٣٦٠ رووی دا و شووڕای نیگابان مافی ڤێتۆی بەکار هێنابوو لەسەر پەسندکراوێکی مەجلیسی شووڕا- و رێکارەکەی لە ئاکام دا، پاشان بوو بە کۆمەڵەی بەرژەوەندی نیزام. پەسند کردنی یاساگەلێکی هەڵبژاردنەکان بەقازانجی پاوانخوازان. راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی خوێناوی و ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق. پێشنیارکردن و شاهیدی دانی خۆی و ئەحمەدی خومەینی بۆ بە رێبەر کردنی خامنەیی و کوژران و تێڕۆڕکرانی موخالیفان لەنێوخۆ(قەتڵە زنجیرەییەکان)، پتر لەکاتی سەرکۆماری رەفسەنجانی دا،- کە ئەکبر گەنجی بە “عالیجناب سرخ پوش” ناوی برد و لە دەرەوەی وڵاتیش؛ بەتایبەتی جینایەتەکانی وییەن و برلین- کە لە جینایەتی میکۆنۆس دا-. لە ئاڵمان خودی رەفسەنجانی وەک کەسێک لە کۆمیتەی “پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە”دا، دەسنیشان و مەحکووم کرا و….

ئێستا دوای پتر لە ١٠ جار بەشداری لە خولە جوراوجۆرەکانی هەڵبژاردن دا، جارێکی دیکە لەتەمەنی ٨٠ ساڵی دا، بۆ رێگا چارەیەکی چارنووس سازی نیزام و خەڵکانی ناڕازی، هەزاران زیندانی سیاسی و جیا بیری- کە سەدان وەزیر و وەکیل و کاربەدەستیی دەوڵەتیشیان تێدایە-، گرانی و ئاوسان، دابەزینی دراو، بێکاری، گیرۆدەکانی مادەهۆشبەرەکان، فشار و سەرەڕۆیی باندەکانی مافیایی سپای پاسداران – بەسیج و بەرگ قەرەیەخەکان (لیباس شەخسییەکان) – کە کچ و کوڕەکەی خۆشی گرتەوە.-، خەساری کوشتنی پتر لە ١٠٠ کەس- لە ناڕازییەکانی ئاکامی هەڵبژاردنی ١٠مین خولی سەرکۆماری-، لە شەقامەکان و بن نیری یەخسیری و ئەشکەنجەگاکان دا، دەستبەسەر (زیندانی ماڵەکی)، کرانی مووسەوی- سەرۆک کۆماری هەڵبژێراوی زۆربەی خەڵکانی ئێران- و کەرووبی- بوێرترین بەربژاری سەرکۆماری خولی نۆیەم و دەیەم-، کپ کرانی شەپوولی سەرز و وجوودی هەزاران زیلەمۆکانی، گەمارۆی قورس و بێ وێنەی ئابووری- سەبارەت بە پڕۆژەی زەبەلاحی زۆر خەرج هەڵگری ئەتۆمی- نیزامی و درێژدان بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ دەسڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پێشێل کاری بێ بەزییانەی مافی مرۆڤ-، کێشەی خوێناوی و پر لە مەرگەساتی سووریە و عێراق، فەلەستین مێحوەری و فەرهەنگی لابران و حەزفی ئیسرائیل بەپێچەوانەی عورفی نێونەتەوەیی، هاتۆتەوە مەیدان.

پرسی جێی سەرنجی نەتەوە نافارەسەکانی بەرایی لە ئێران و هەڵبژاردنی ئازاد- کە لەگەڵ قامووس و یاسا و کردەوەکانی کۆماری سێدارە و ئێعدام ناتەبان؛ کە خۆدی رەفسەنجانی پێش بەربژاری باسی دەکرد. هەرچەند ئەوچەشنە هەڵبژاردنە ئازادەی ئەو باسی دەکرد- یا ئەگەر لەوە بەدواوەش بیکا-، جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئازاد بەمانای کرددەوەی یاسایی، عەقلانی، ژیربێژی، دێموکرات مەنیشانەی باو لە دنیای پێشکەوتوو و ئۆمانیستی(مرۆڤایەتی) یە. ئەوانەش مەسەلەی گەلی دیکەی کێشەکانن.

لە چەند مانۆر دا، عەلی خامنەیی ڕێبەر ناچار کرا، ئیزن بە کاندیداتۆری رەفسەنجانی بدا، راوێژکارییەکانی پشت پەردە و بە پێی ئەو گیروگرفتانەی لەپێشوو دا، باسیان کرا و ترس لە تەقینەوەی ناڕازیبوونە پەنگاو خواردوەکانی نێوخۆیی و سێبەری شەرێکی ترسێنەرتر لەپێشوو و لەیزێری، دەریایی و ژیر دەریایی، ئاسمانی و موشەکی- کە پێش بارەکەی مانۆڕی دەریایی ئەمریکا و ٤٠ وڵاتی دیکە لە ئاوەکانی خوارووی ئێرانە لە چەند رۆژی داهاتوو دا-؛ سەفەری “محەممەد هاشمی” برای بۆ لای ئا. عەلی سیستانی- گەورە مەرجەجعی شیعەکانی جیهان- لە نەجەف و هانا بردنی عەلی موتەهەری بۆ ئا. حوسێن وەحید خوراسانی لە قوم و پێستریش ئا. واعز تەبەسی، باسی پێویستی هاتنە کایەی هاشمی لەگەڵ ڕێبەر باس کردبوو.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا، هاشمی رەفسەنجانی- مەرجەعی سیاسی نیزام- یا بەقەولی رۆژنامەی تاگس سایتونگی ئاڵمانی- کە سایتی ئافتاب-، بڵاوی کردۆتەوە “رەفسەنجانی پیاوێک بۆ هەموو وەرزەکان”، یا بە قەولی هێندێک لە میدیا رۆژئاواییەکان- هەر بە وتەی ئەو رۆژنامەیە-، : رەفسەنجانی رەفتارێکی دیکتاتۆڕانەی هەیە، بەڵام تاجرێکی باشە.

لە هەردوو حاڵەت دا، رەفسەنجانی لەو مەیدانە کێبەرکێ سەخت و پڕ کێشیەیە دا، کە لە عەزری خامنەیی رێبەر هەتا نزیک خولەکی ٩٠ یاری کرد و ٢ بەرانبەر بە هیچ جارێ لەپێشە و یاری درێژی هەیە. با چاوەڕاون بین و بەدوای هەواڵ و لێکدانەوەو رووداوەکان دا، بچین و بزانین تەماشاچییەکانی ئەو یارییە کە بە “زۆرینەی رەنگ بۆر (خاکستری) یا زۆرینەی بێ دەنگ” پێناسە دەکرێن بۆ کێ “حەماسە” دەخوڵقێنن. رەفسەنجانی یا خامنەیی؟ یا رووداوی چاوەڕوان نەکراوی دی!

حەسەن حاتەمی، ١١ ی مەی ٢٠١٣.

سەرچاوەکان: گووگڵ- ویکی پێدیا، دانشنامەی ئازاد، سایتەکانی ئافتاب و رادیۆ فەردا.