گوتاری بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات
سەرهەڵدانی ڕەوت و ڕوانینی جیاواز لە گۆرەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات، چ لە قالبی حیزب و رێکخراوی سیاسیداو چ لە رووی رەفتاری سیاسیی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە، گومانی لە سەر یەکدەست بوونی گوتاری سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی ڕوو بە دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران، ساز کردوە.
وردە جیاوازییەک لە خوێندنەوەی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بۆ چۆنیەتیی درێژەدان بە خەباتی سیاسی بەرانبەر بە نیزامی سیاسی لە ئێران لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوە ڕەفتاری سیاسیی خەڵک بە گشتی و چالانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات بە تایبەتی، بۆچونێکی هێناوەتە ئاراوەکە پێی وایە چیدیکە گوتاری سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەنیا هی حیزبە سیاسییەکان نیە.
بە وردبوونەوە لە هەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەرانبەر بە چەند پرسێکی گشتی لە ئێران و یەک لەوان پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و، بە هەڵوێستەکردن لە سەر چۆنیەتیی ڕەفتاری سیاسیی خەڵک بەرانبەر بەم پرسانە، هەست دەکرێ جۆرێک نەخوێندنەوەی یەکتری لە کۆمەڵگای سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرچاو دەکەوێ.
ئاکامی دوایین هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو هێزی بەم گومانە بەخشیوە کە لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە دەرەوەو ناوەوەی وڵاتەوە، دوو خوێندنەوەی جیاواز لهئارادا هەیە.
باسکردن و بەستنەوەی ئەم دوو خوێندنەوەیه تەنیا بە بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە لایەک و هەڵوێستی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە لایەکی دیکەوە، لەوانەیە قەزاوەتێکی بەپەلە بێ. بەڵام لێرەدا تەنیا مەبەست لە باسکردن لە ئەگەرەکانە کە ئایا ئەو دوو خوێندنەوەیە تا چەندە دەکرێ لە قالبی دوو گوتاری لێکجیاوازدا خوێندنەوەیان بۆ بکرێ و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی شکڵگرتنی ئەم دوو گوتارییە کامانەن؟
لە پێوەندی لە گەڵ ئەو جیاوازی و فرەڕوانگەیییەدا کە لەسەر کارکردن بۆ داوا سیاسییەکانی کورد لە ئێران لە نێو نوخبەی سیاسیی نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دروست بووە چەند بۆچوونێکی جیاواز لە ئارادایە. ڕۆژنامەنووس، خالید محەممەدزادە و موختار زاریعی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بەرەی یەکگرتووی کورد لە شاری سنە بە گومانەوە دەڕواننە ئەم باسەو پێیان وایە ناکرێ ئەم ڕوانگانە وەک دوو گوتارو دیسکۆرسی جیاواز ببینرێن. ناوبراوان لە لێدوانی تایبەتیان بۆ “کوردستان”دا پێیان وایە ئەم ڕوانگە جیاوازانە پێش ئەوەی گوتار بن، کاردانەوەن بەرانبەر بە پرسێکی تایبەت یان بە کردەوەیەکی دەسەڵات لە تاران کە لە سەردەمی هەڵبژاردنەکاندا بەرچاوتر خۆ دەنوێنن.
هەر لەم پێوەندییەدا موختار زاریعی پێی وایە کە تەنانەت دابەشکردنی ڕوانگە فکرییەکانیش بە سەر “نێوەوە”و “دەرەوە”ی وڵاتیشدا کارێکی هەڵەیە و بۆچوون و ڕوانگەکان بە سەر خەباتی شاخ و شاردا دابەش دەکا کە پێی وایە حیزبەکان تا ئێستاش بە گرتنەبەری ڕێگهچارەی توندوتیژ، نوێنەرایەتیی خەباتی شاخ دەکەن و خەباتی شاریش بە دووریکردن لە توندوتیژی و ڕێکاری مەدەنی خەریکی بیچمگرتنە.
لە بەرانبەردا خالید تەوەککولی، کۆمەڵناس لە شاری سەقز بە پشتبەستن بەو ئیدیعایە کە فەزای سیاسی لە کوردستان و تەنانەت لە نێو حیزبەکانیشدا قەت یەکدەست نەبووە و جیاوازیی بیرو بۆچوون هەیە، باوەڕی وایە کە ئێستا دوو گوتارییهک لە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە کە بە گوتاری نێوخۆو دەرەوەی وڵات پیناسەیان دەکا. بەڕێزیان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ “کوردستان”دا گوتیان کە؛ گوتاری دەرەوە، هێشتا لە ژێر کاریگەریی چەمکی قوربانیدان و ئەندێشەی ناسیۆنالیسم و چەپی لێنینیدایە. ئەو چەمک و تیۆرییانەی کاری پێدەکەن و ڕووداوەکانی پێ تەحلیل دەکەن زۆر گۆڕانی بەسەردا نەهاتوە. هەروەها حیزبەکان بەو هیوایە درێژە بە خەبات دەدەن کە ڕۆژێک لە رۆژان، گۆڕانی ڕێژیمی سیاسی ببینن. جا هەزینەی ئەم گۆڕانە چەند دەبێ و کێ بکەری ئەو کارە دەبێ و چۆن گۆڕان بە سەر رێژیمدا دێ ئەوە گرنگ نیە. بەڵام جەوهەر و بنەمای گوتاری نێوخۆ، مافی مرۆڤ، دیمۆکراسی و ئاڵوگۆڕی دیمۆکراتیک و چاکسازییانەیە. لە ڕەوتی گۆڕانیشدا هەزینە و بکەر و چۆنیەتی و ئاکامی ڕەوتەکە گرنگە و لە توندوتیژی و قوربانیدان خۆ دهپارێزرێ.
لەم نێوەدا کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی وایە ئێستاش حیزبەکان لە بەرەوپێشبردنی خەباتی سیاسیی خەڵکی کوردستاندا رۆڵی ئەساسی دەگێڕن و چالاکیی و هەڵوێستی جیاوازی نوخبەکان و خەڵک لە نێوخۆی وڵات دەبەستنەوە بە دەرنەکەوتنی حیزبەکان لە هەموو ههلومهرجێکداو هەر لەم پێوەندییەدا بە ڕەخنەگرتن لە حیزبەکان پێیان وایە، حیزبەکان ستراتژییەکی تایبەتیان نیە بۆ ئەوەی هەماهەنگ لە گەڵ خەڵکدا بەرنامەڕێژی بکەن و ئەوەش زۆر جار بۆتە هۆی ئەوەی کە دەرکەوێ خەڵکی کوردستان بەپێچەوانەی حیزبەکان بڕیار دهدەن. لەو نێوەشدا کۆمەڵێک چالاکی سیاسی لە نێو خۆی وڵات بە دوور لە تاکتیکی حیزبەکان هەوڵی قۆستنەوەی ئەو وەزعە دەدەن و عەمەلەن وا دەردەکەوێ کە جیاوازییەک لە نێوان حیزبەکان و خەڵکدا هەیە.”
بەڕێز کەریمی لە گەڵ ئەوەی بۆ ڕوانگە جیاوازەکان دەستەواژەی “گوتار” بەکار دەهێنێ، پێی وایە؛”لە شێوازی بیرکردنەوەی چالاکانی نێوخۆدا گوتارێکی تایبەت دەبینرێ کە لە گەڵ”هاوئامانج” بوونیان، جیاوازی هەیە لە گەڵ گوتاری توندو بەگژداچوونەوەی حیزبەکان لە گەڵ کولییەتەکاندا.”
ڕوانگەو بیروبۆچوونی جیاواز، یان بە مانا سیاسی یەکەی “دوو گوتاری” لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چەند لە قازانجی ئەم بزووتنەوەیهدایەو پێچەوانەکەی تا چەندە راستە؟
رۆژنامەنووس، خالید محەممەدزادە کە ڕوانگەو بۆچوونە جیاوازەکان لە قالبی “کاردانەوە”دا دەبینێ، ئەم جیاوازییانە بە جۆرێک لە پهرشوبڵاوی، لێڵی و ناڕوونی داخوازییەکانی کورد لە ئێراندا پێناسە دەکا و بە ئاماژەدان بە هەڵوێستی حیزبەکان بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکان و ڕەفتاری نوخبەی سیاسی و خەڵک بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکان لە ئێران دەڵێ: “خواستی تهحریمو خواستی بهشداری هاوتهریب له گهڵ یهك چوونهته پێش. ههر دوو لا لێكدانهوهی جیاوازیان بۆی ههیه، له سهر یهك ئهمه دهتوانێ تهعبیر له جیاوازییهكانی كۆمهلگا بكا، بهڵام ئهگهر بكرێ ئهو جیاوازییانه له فۆرمێكی هاوبهشی دیموكراتیكدا كۆ بكرێنهوه بێگۆمان كاریگهریی باشتری دهبێ. ئهگهر چی قسهكردن له یهك گوتاری لهم دۆخهدا ههر بۆ ڕێكلامی سیاسی باشهو دووره له واقیع.”
هەر لەم پێوەندییەدا ئەندامی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد، موختار زاریعی بە ئاماژەدان بە تایبەتمەندییەکانی خەباتی شارو شاخ، پێی وایە؛”لە خەباتی شاخدا بوونی چەند گوتارێکی هاوتەریب بە قازانج نیەو کار لە سەر بڵاوکردنی هێز دەکا. بەڵام لە خەباتی شار و مەدەنیدا بوونی جیاوازیی لە ڕوانین و خوێندنەوەدا دەتوانێ بە قازانج بێ و تەنەووع لە کۆمەڵگادا دێنێتە ئاراوە.”
هەر لە پێوەندی لە گەڵ ئەم جیاوازییانەو چۆنیەتیی قازانج گەیاندنیان بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدایە کە؛ “لە نەبوونی فورسەتی حوزووری ئازادانەی حیزبەکاندا، ئەو حەرەکەتانە کە ساحهبی ئەو گوتارەن ئهگهر جێگەوپێگەی خۆیان و حیزبەکان بە دروستی هەڵسەنگێنن وهەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە گوتارێکی هاوبەش لە نیوان هەمواندا دەتوانن زۆر قازانج بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بگەیەنن. بەڵام ئەگەر هەر کەس و کۆمەڵێک بەرژەوەندییەکەی لەوەدا ببینێتەوە کە بە هەر نرخێک خۆی بە ناوەندی دەسەڵاتەوە ببەستێتەوە، دەتوانێ ببێتە ئامرازێک بۆ بەگژداکردنەوەیان لە دژی داخوازە ڕەواکانی خەڵک و ئەمە زەرەر دەگەیەنێ. بە تایبەت ئەگەر کەسێک هەبێ کە بوێرێ بڵێ (خەڵک وهڵامی حیزبەکان نادهنەوە)، ئەوە ڕێگە مەترسیدارەکە دەگرێتە پێش.”
دێموکراسی و بە ڕەسمییەتناسینی تاک و گرووپە فکرییەکان ئەو پڕنسیپانەن کە دوکتۆر خالید تەوەککولی پێی وایە؛ ئەگەر نوێنەرانی هەردوو گوتاری دەرەوەو نێوەوەی کوردستان پێی پابەند بن، دەتوانن فەزایەکی لەبار بۆ گۆڕینەوەی بیروبۆچوونەکان بخولقێنن و لە ئاکامدا دا بە قازانجی بزووتنەوەکە پێکەوە هاوئاهەنگ بچنە پێش.”
لەم پێوەندییەدا موختار زاریعی دەڵێ: “ئهم دوو گوتاره بۆ پێکهوه بوون و یارمهتیدان پێویستیان به دیاری کردنی ئاسۆیکی روون و شهفاف و دوور له خهون و خهیاڵ ههیه و پێش له ههموو شتێک ئهبێت لهسهر پلۆڕالیسم واته فرهدهنگی(چهمکێکی ئیجابی) و خۆ پاراستن له عهقڵیهتی موتڵهقگرایانه(چهمکێکی سهلبی)،یهکگرن.یهکگرتن” نابێت به “وهک یهک بوون” مانا بکرێتهوه، وهک یهک بوون یانی سڕینهوهی ههرجۆره جیاوازیهک و دروست کردنی کۆمهڵگایەکی ساده و یهکدهست وهک پادگان، بهڵکوو ئهبێت به ههموو جیاوازی یهکانهوه تێبکۆشین خاڵههاوبهشهکان بدۆزینهوه و له سهریان یهک گرین،سڕینهوهی جیاوازیهکان سهرهتای دهسپێکردنی دیکتاتۆریهته.ئێمه وهک بهرهی یهکگرتووی کورد شوعارێکی سهرهکیمان ههیه کە ئهڵێن: هاوکاری له خاڵه هاوبهشهکان و دڵفراوانی له خاڵه جیاوازهکان.”
لە سەردەمی خولی یازدەهەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێراندا کە لە لایەک زۆربەی حیزبە کوردییەکان سیاسەتی بایکۆتیان تەبلیغ دەکردو لە لایەکی دیکەش ڕەوتە سیاسی یەکانی نێوخۆی وڵات تەبلیغی بەشداری لە پڕۆسەکەیاندا دەکرد، لە دنیای مەجازیدا کۆمەڵە پێکهەڵپڕژانێک هاتە ئاراوە کە خۆی لە خۆیدا جیاوازییەکانی لە ڕوانین و خوێندنەوەدا ڕوونتر کردەوە. بەڵام بۆ ئەوەی بکرێ لەم ڕوانگە جیاوازانە بە قازانجی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان کەڵک وەربگیرێ و لە پێناو بەرژەوەندیی بزووتنەوەکەدا مودیرییەت بکرێن، بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئەم بۆچوون و ڕەوتە فکرییانە بە ڕەسمی بناسرێن و ڕێزیان لێبگیرێ.
لەم پێوەندییەدا چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، حسام دەستپیش پێی وایە زۆرترین ئەرکەکان دەکەونه ئەستۆی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە پێویستە لە سەر بنەمای “سیاسەت هونەری مومکینە” دەرکی هەلومەرجەکە بکەن. ناوبراو دەڵێ: “هەرچەند بۆ حیزبە سیاسییەکان دژوارە کە لە گوتاری شوناسخوازانەو سێکۆلارەوە دابەزن بۆ گوتاری کەڵکوەرگرتن لە لانیکەمی دەرفەتەکان. بەتایبەت کە ئەزموونی تاڵیان لە تێرۆری ڕێبەرانیان و لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و…. هەیە. بەڵام نابێ ئەو ڕاستییە لەبیر بکەن کە کۆڵەکەکانی بزووتنەوەی کورد و چالاکیی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای “سیاسەت هونەری مومکینە” بنیات نراوە. کەوابوو دەکرێ له هەر دەرفەتێکدا نامومکینێک بگۆڕێ بە مومکین.”
ئەگەر خاوەنانی گوتاری نێوخۆ و خەباتی نەرم بتوانن خۆیان لە گەڵ ڕەوتی ڕاستەقینەی خەباتی خەڵکی کوردستان کە هەتا ئێستاش حیزبەکان نوێنەرایەتیی دەکەن ڕێک بخەن، دەتوانن لە پشتگیریی حیزبەکان کەڵک وەربگرن بۆ بەهێزکردنی گوتارەکەیان و بەم جۆرە بە هێزێکی زۆرترەوە قسە بکەن.
لەم پێوەندییەدا کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدایە کە؛ “چالاکانی نێوخۆ دەبێ خۆ لە هەڵسەنگاندنی بە پەلە بپارێزن. ئەوان دەبێ وردتر بڕواننە ڕەوتی سیاسەتکردن لە ئێران و ناوچەدا. خەبات لە کوردستان لە ژێر کاریگەریی زۆر هۆکاری دیارو نادیاردا دەچێتە پێش. هێندێک لە چالاکانی نێوخۆی وڵات لە جیاتی ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ حیزبەکان و هەوڵدان بۆ خۆگەورەنیشاندان، ڕاستییەکانی بزووتنەوەی کورد لە نێو خەڵکی کوردستاندا ببیننەوە. لە جیاتی ئەوەی تەنیا چاویان لە ناوەند بێ با بە پێوانەکانی خەڵکی کوردستان بیر لەو شێوازە خەباتە بکەنەوە. هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە گوتارێکی هاوبەش لە نێو هەموو چالاکانی نێوخۆداو گەیشتن بە ستراتیژییەکی هاوبەش لە گەڵ حیزبەکانی کوردستان، لانیکەم ئەوانە کە دەرکی ئەوان دەکەن و دەتوانن یارمەتیدەریان بن. هەرچەند حیزبەکانی کوردستانیش پێویستە هەست بە بەرپرسایەتی و بە جێ گەیاندنی ئەرکی خۆیان لە بەرانبەر ئەواندا بکەن و یارمەتی دەریان بن.”