له مه‌یدانی ته‌قسیمه‌وه هه‌تا گۆڕه‌پانی ته‌حریر. قادر وریا
له‌م یه‌ک مانگه‌ی دوایی‌دا دوو وڵات، که له هه‌ر دووکیان‌دا لایه‌نی ئیسلامی به ده‌نگی زۆرینه هاتوونه سه‌ر کار، شایه‌دی وه‌ستانه‌وه‌ی خه‌ڵک، به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌لاتی خۆیان بوون: له کۆتاییه‌کانی مانگی مای‌دا، ده‌وڵه‌تی تورکیه که سه‌ر به حیزبی داد وگه‌شه‌پیدان(A.K.p)ه، دوای ئه‌وه‌ی ویستی داره‌کانی پارکی گه‌زی له ئه‌ستانبوول ببڕێ و ئه‌و پارکه بکا به ناوه‌ندێکی بازرگانی، له گه‌ڵ به‌رهه‌ڵستی لاوه‌کان به‌ره‌وڕوو بۆوه. ئه‌م به‌رهه‌ڵستی‌یه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایه‌تی‌ده‌ربڕین به به‌شداریی چینی ناوه‌ندی و به تایبه‌تی لاوه‌کان له مه‌یدانی ته‌قسیمی ئیستانبووڵی لێ‌که‌وته‌وه و نه‌ک‌هه‌ر ئه‌و شاره، به‌ڵکوو ئانکارا و چه‌ند شارێکی گه‌وره و گرنگی دیکەی تورکیه‌شی گرته‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌وێنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌ڵوێستێکی ژینگه‌پارێزانه بوو، به‌ڵام له راستی‌دا بوو به ده‌رفه‌تێک بۆ ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی توێژ و به‌شه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵ. ناڕه‌زایه‌تی له‌هه‌مبه‌ر پاوانخوازی و ده‌سه‌لاتخوازی، له‌هه‌مبه‌ر به‌رته‌سک‌کردنه‌وه‌ی ئازادی‌یه مه‌ده‌نی‌یه‌کان و خۆهه‌ڵقوتاندنی ده‌وڵه‌ت له ژیانی تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تیی دانیشتووانی تورکیه‌دا و هه‌وڵدان بۆ به ئیسلامی‌کردنی ڕوخساره جیاوازه‌کانی وڵاته‌که‌یان. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و خۆڕاگریی درێژخایه‌نی ناڕازییان له ناوه‌ندی شاری ئیستانبووڵ، ئه‌ویش له قۆناغێک‌دا که وا ده‌هاته به‌رچاو ده‌وڵه‌تی تورکیه له ئاستی نیوخۆیی و ده‌ره‌کی‌دا، سه‌رکه‌وتنی باشی وه‌دست هێناوه، بوو به یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کێشه و گیروگرفته‌کانی به‌رده‌م ئه‌و ده‌وڵه‌ته و حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار. ئه‌گه‌ر چی ده‌وڵه‌ت به زه‌بری گوشار و به هه‌ڵکوتانه‌سه‌ر نارازی‌یان، توانی بڵاوه‌یان پێ‌بکا، به‌ڵام بڕیاری دادگای به‌ڕیوه‌به‌ریی ئیستانبوول، که بڕیاری تێکدانی پارکه‌که‌ی ڕاگرت و به زیانباری زانی له لایه‌ک و له لایه‌کی دیکه، خۆده‌رخستنی ناڕه‌زایه‌تیی شاراوه‌ی میلیۆنی له توێی ئه‌م بزووتنه‌وه خۆڕسک و چاوه‌رواننه‌کراوه‌دا، هه‌ڵگری په‌یامێکی گرنگ بوو که دوای گه‌ڕانه‌وه له مه‌یدانی ته‌حریری قاهیره دێمه‌وه سه‌ری.
له کۆتایی مانگی ژوئه‌نی ئه‌مساڵ‌دا، مه‌یدانی ته‌حریری شاری قاهیره، له ساڵوه‌گه‌ڕی هاتنه‌سه‌رکاری محه‌ممه‌د مورسی‌دا، جارێکی دیکه بۆوه به گۆڕه‌پانی لێک‌کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناڕازی له سه‌رکۆمار و ده‌سه‌لاتێک که ساڵێک له‌وه‌پێش به ده‌نگی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌و وڵاته هاتبوونه سه‌رکار. ئه‌م جاره‌یان، هه‌م ژماره‌ی ناڕازییان، له ژماره‌ی به‌شدارانی هه‌موو خۆپێشاندانه‌کانی تایبه‌ت به ناره‌زایه‌تی‌ده‌ربڕینی ئه‌م یه‌کساڵه‌ی تێپه‌ڕاند، هه‌م ململانێی خه‌ڵکی ناڕازی له سه‌رکۆمار محه‌ممه‌د مورسی و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، به شێوه‌یه‌کی جیاواز له جارانی ڕابردوو، کۆتایی پێ‌هات. خه‌ڵکێک که له قاهیره و شاره‌کانی دیکه‌ش هاتبوونه سه‌ر شه‌قام و ژماره‌یان سات‌به‌سات زیاتر ده‌بوو، له پاوانخوازیی مورسی وده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، له هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌موو ده‌زگاو دامه‌زراوه‌کانی وڵات له لایه‌ن حیزبی ده‌سه‌لاتدار و ئیخوانی‌یه‌کانه‌وه، له زاڵکردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی به‌سه‌ر ده‌ستووری وڵات‌دا و له پشتگوێخستن و نه‌بینینی ئیراده‌یه‌کی به‌هێزی لیبڕاڵ وخوازیاری سکولاریزم له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌که‌دا، له ستاندنه‌وه‌ی ماف و ئازادی‌یه تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان له خه‌ڵک ، له داماویی ده‌سه‌ڵات له وه‌ڵامدانه‌وه به چاوه‌ڕوانی‌یه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان و هتد، بێزار بوون. هه‌ر بۆیه داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و په‌سندکردنی ده‌ستوورێکی دابینکه‌ری ماف و ئازادی‌یه‌کانی خۆیانیان ده‌کرد.
سه‌رئه‌نجام، ئه‌رته‌شی میسر، به ده‌نگی خه‌ڵکی ناڕازی‌یه‌وه هات. محه‌ممه‌د مورسیی له سه‌ر کار لابرد، ده‌ستووری وڵاتی هه‌ڵ‌په‌ساردو سه‌رۆکی دادگای قانوونی بنه‌ره‌تیی وڵاتی کرده سه‌رکۆماری کاتی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌رته‌شی میسر جگه له پێشوازیی خه‌ڵکی ناڕازی، له گه‌ڵ پشتیوانیی شێخی ئه‌زهه‌ر و ڕێبه‌ری ئایینیی مه‌سیحی‌یه‌کانی وڵات، به‌ره‌وڕوو بوو. به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی جیاواز و جۆراوجۆر به‌م بڕیاره‌ی ئه‌رته‌شی میسر له ئاستی نیوخۆیی و ده‌ره‌کی‌دا، هه‌ر وا درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌دا جێگای له‌سه‌رڕاوه‌ستانه، هاتنه‌وه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵکی ناڕازیی میسر بۆ رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتێک بوو که له ڕواڵه‌ت‌دا، هه‌ڵقوڵاوی شۆڕشی ئه‌م دوایانه و به‌رهه‌می هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران بوو.
خۆپێشاندانه‌کانی دوو مه‌یدانی ته‌قسیم و ته‌حریر، سه‌ره‌ڕای جیاوازیی جۆراوجۆر له سیسته‌می سیاسیی دوو وڵات و، جیاوازی له ئاکامی هه‌ر کام له‌و ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینه گه‌ورانه‌دا، په‌یامی وه‌ک یه‌کیان لێ‌ده‌خوێندرێته‌وه. ئه‌وه که حیزبێک و که‌سایه‌تی‌یه‌ک، با به ڕێگای دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی زۆرینه‌ش‌دا هاتبنه سه‌ر کار، ناکرێ وڵاته‌که و هه‌موو بواره‌کانی ژیانی سیاسی وئابووری و که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی، به پاوانی خۆیان بزانن، و پشت‌ئه‌ستوور به ده‌نگی زۆرینه، به‌مه‌یلی خۆیان و بێ‌سه‌رنجدان به ده‌نگ و مه‌یل و ئیراده به هیزه‌کانی دیکه‌ی نێو کۆمه‌ڵ، وڵات به‌ڕێوه ببه‌ن، په‌یامی ئه‌و حه‌ره‌که‌ته گه‌ورانه بوو. ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست به ڕێگای دیموکراسی و مێتۆد و میکانیزمه دیموکراتیکه‌کان‌دا، شتێکی زۆرباش و له پێویستی‌یه‌کانی سه‌رده‌می ئێستایه، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا ڕوویه‌کی مه‌سه‌له‌که‌یه. ڕووه‌که‌ی دیکه، ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست به ڕێگای هه‌ڵبژاردن‌دا، ناتوانێ ببێته پاساوی گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه، پاوانخوازی، قۆڕغ‌کردنی ده‌سه‌ڵات ، دروست‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئیدئۆلۆژیک و ستاندنه‌وه‌ی ماف و ئازادی‌یه‌کانی خه‌ڵک.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، 33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له په‌نا ئه‌م “ڕه‌وایی شۆڕشگێڕانه”یه و ده‌نگی زۆرینه‌ی رێفراندۆمێک‌دا، وه‌ک دۆڵپایه‌ک سواری ملی گه‌لانی ئێران بوو و هه‌تا ئێستا دانه‌به‌زیوه. ئایا ئه‌وه‌ی به سه‌ر گه‌لانی ئێران هات به‌س نیه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی وڵاتانی دیکه عیبره‌ت وه‌رگرن‌و ، له سه‌ده‌ی 21 دا، ڕێگا نه‌ده‌ن ئه‌م جۆره چاره‌نووسانه، دووپات ببنه‌وه؟!