عەزیز محەممەد ناوێکى دیار لە مێژووى سیاسى عێراقدا…

عەزیز محەممەد لە ساڵى 1924ز لە گوندى (بێرکۆت)ى نزیک شارى هەولێر لە دایک بووە، باوکى کوردێکى هەژارى جوتیارى گوندى (بێرکۆت) بووە، دایکى کچە مەلا بووە و لە ناوچەکانى وان و باش قەلاوە هاتۆتە هەولێر واتە دایکى خەڵکى باکوورى کوردستان بووە.

لە تەمەنێکى زۆر بچووکدا لەگەڵ دایکیدا دێنە شارى هەولێر و باوکى و ژنە تازەکەى بۆ هەتا هەتایە بەجێدەهێَڵن. لە مزگەوتى (ابو بکر) فێرى قورئان خوێندن دەبێت و لە پیرزین و شاوەیس و بەحرکە دەرسى فەقێى دەخوێنێت، بەڵام دواتر واز لە خوێندنى فەقێى دەهێنێ.

دایکى کە ئەو کات لە ماڵان کار دەکات دەینێرێتە قوتابخانە و بە هۆى زیرەکییەکەیەوە راستەوخۆ لە پۆلى سێى سەرەتایى دایدەنێن، دواى تەواو کردنى قۆناغى سەرەتایى بیر لە تەواو کردنى خوێندنەکەى دەکاتەوە لە پەیمانگاى پیشەسازى یاخود لە پەیمانگاى پێگەیاندنى مامۆستایان، بەڵام بە داخەوە ئەم ئاواتەى نایاتە دى، چونکە بۆ ئەمە دەبوو دوو ساڵ تەمەنى خۆى بچووک بکاتەوە، ئەگەرچى ئەمە کارێکى ئاسان بوو بەڵام بۆى نەکرا. دواى وازهێنانى لە قوتابخانە ماوەیەک بێکار دەمێنێتەوە، پاشان بە هاوکارى چەند هاوڕێیەکى لە فەرمانگەى دابەشکردنى خۆراک و ناوخۆیى دادەمەزرێ و بۆ ماوەى سێ ساڵ لەوێ کار دەکات.

لە بەهارى ساڵى 1948ز ژیان و کارى خۆى بە حیزبى شیوعى بۆ هەتا هەتایى دەبەستێتەوە و دەست بە کارى حیزبى دەکات.

ساڵەکانى 1940-1941ز سەرەتاى چالاکى ساسى ئەو بووە، کە لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک گەنجى خوێنگەرم پاڵنەر و هاندەرى بوون بۆ هاتنە نێو ژیانى سیاسییەوە، لەوانە مامۆستاى ناودارى کورد (عزەدین فەیزى).

هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندى بە کۆمەڵەى (هیوا)وە دەکات و لە ئایارى ساڵى 1941زدا دەبێتە ئەندامى کۆمەڵەى (هیوا).

لە ساڵى 1942زدا دەبێتە ئەندامى کۆمەڵەى گەل کە رۆژنامەیەکیان بە ناوى (بڵێسە)ەوە دەردەکرد و خۆیان بە مارکسى لە قەڵەم دەدا.

لە زستانى ساڵى 1945زدا دواى کۆنگرەى یەکەمى حزبى شیوعى عێراقى دەبێتە ئەندامى ئەو حزبە.

لە 13-10-1948ز دا دەخرێتە بەندیخانەوە تا ئابى ساڵى 1958ز واتە بۆ ماوەى (10) ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

لە ماوەى ساڵانانى مانەوەى لە زینداندا لە رێگاى خوێندنەوەوە فێرى زمانى عەرەبى دەبێت و هاوکات چەندین کتێبى ئەدەبى و چیرۆک و رۆمان و کتێبى سیاسى هەمەجۆر دەخوێنێتەوە، هەروەها بەشێکى زۆرى شاکارە ئەدەبییەکانى ئەدەبیاتى رووسى و ئینگلیزى و ئەڵمانى دەخوێنێتەوە، سەرەڕاى خوێندنەوەى بەرهەمەکانى (گه حسین) و (نجیب محفوڤ) و بەرهەمى ترى نووسەرانى عەرەب.

بەڵام سەبارەت بە بەرهەم و کتێب و نووسراو بە زمانى کوردى، (عەزیز محەممەد) دەڵێ: لە سەردەمى ئێمەدا بەرهەمەکان بە زمانى کوردى زۆر کەم بوون، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمى کوردى بە زمانى کوردى زۆر زۆرن و زمانى کوردى توانیویەتى چەند قۆناغێکى باش بڕواتە پێشەوە و پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت و بەرەو قوڵبوونەوە و دەوڵەمەندى زیاتر بچێت، خوێندنەوەى ئەو کتێبانەم پێخۆشە کە بە زمانى کوردى نووسراون، بە تایبەت ئەو نووسینانەى بە پەخشان نووسراونەتەوە، زیاتر بەرهەمى ئەدیبەکانى کوردستانى ئێران سەرنجم رادەکێشن، لەوانە نووسینەکانى خاڵە (هێمن) کە زمانێکى روون و پەتى هەیە، هەروەها (حەسەنى قزڵجى) نووسەر و شاسوارێکى ترى ئەو بوارەیە، بە هەمان شێوە (گۆران)ى شاعیرى نەمر بەرهەمەکانى شیرینن، هەروەها بنەماڵەى مامۆستا (عبدالکریمى مودەڕیس) کاریگەرییەکى بەهێزیان هەبووە لە مێژووى ئەدەبى کوردیدا، هەروەها (ئیبراهیم ئەحمەد) و مامۆستا (مەسعود مەلاى گەورە) و چیرۆکەکانى (موستەفا ساڵح کەریم) زمانێکى پاراو و جوانى هەیە، زۆرم لە بەرهەمى نووسەر و شاعیرانى کورد خوێندۆتەوە و پێیان کاریگەر بووم، بەڵام ئەوانەى ناوم هێنان ئەوانەن کە ئێستا لە خەیاڵم بوون.

عەزیز محەممەد لە ساڵى 1964ز تا ساڵى 1993ز سکرتێرى گشتى حزبى شیوعى عێراقى بووە و خزمەتێکى پڕ بایەخى پێشکەش بە دۆزى عێراق و ناوچەکە بە گشتى کردووە.

لە ساڵى 1986ز دا لە لایەن حزبى شیوعى سۆڤیەتییەوە (وسامى لینین)ى پێدەبەخشرێ.

حزبى شیوعى عیراقى یەکێکە لە حزبە چەپەکانى عیراق، لە 31ى مارسى 1934ز دامەزراوە و بارەگاکەى لە بەغداى پایتەختە، دروشمى سەرەکى حزبى شیوعى بریتییە لە: ((نیشتمانێکى ئازاد و گەلێکى بەختیار)). ئەم حیزبە رۆڵێکى سەرەکى هەبووە لە دروست کردنى مێژووى سیاسى عێراقدا و بەشدار بووە لە ئەنجامدانى چەندین راپەڕین و خۆپیشاندان دژى هێزى زۆردار و چەوسێنەر و کارى بۆ چەسپاندنى ئازادى و یەکسانى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و نەهێشتنى جیاوازى چینایەتى کردووە، سەرۆک و ئەندام و لایەنگران و هاوڕێیانى ئەو حیزبە لە ژێر حوکمى دەسەڵاتە جیاوازەکانى سەردەمە جیاوازەکاندا رووبەرووى زوڵم و ئازار و بەند کردن و لە سێدارەدان بوونەتەوە. حزبى شیوعى عێراقى سەرەڕاى هەموو نەهامەتى و زوڵم و جەورەکان، وەکو ئۆپۆزسیۆنێک رۆڵێکى گرنگى هەبووە لە پێکهاتەى حکومەتى عێراقیدا. وەکو ئۆپۆزسیۆن دژى سزاکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بووە بۆ سەر عێراق دواى جەنگى کوێت ساڵى 1991ز هەروەها لە دژى پرۆسەى داگیر کردنى عێراق بووە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە لە ساڵى 2003زدا، بەڵام دواى ئەوە بڕیاریاندا لەگەڵ دەزگا سیاسییە نوێیەکاندا کاربکەن کە دواى داگیر کردنى عێراق دروست بوون.

لە ساڵى 1993زەوە لە کوردستانى عێراقدا (باشوورى کوردستان) حزبى شیوعى کوردستان بە شێوەیەکى سەربەخۆ راگەیەنرا.