کاک عوسمانی رەحیمی، ژیا بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و نیشتمان. ئازاد عەباسیان

زۆر لە مرۆڤەکانم دی و دوام دەگەڵیان ، لە هەموویان شت فێر بووم و خستمە هەمبانەی وانەکانی ژیانمەوە. هەر یەکە و لە شتێک دەدوا و بەشێوەیێک دەدوا. خۆشە دەگەڵ مرۆڤە گەورەکان دانیشتن و بە دڵ گوێراگرتن و شت فێر بوون. کە رووم کردە ریزەکانی پێشمەرگەوە، هەر لە دەستپێکەوە چاوم بە پیاوێکی سیما جوان و هەست ناسک و لەسەرەخۆ کەوت. نەمدەزانی کێیە تاکوو پێیان گوتم ئەوە عوسمانی رەحیمی کوڕی خوالێخۆشبو خەلیفە حەمەساڵەیە، موچڕک بە لەشم دا هات و گوتم: ئای ئەوە کاک عوسمانە، هەر لە منداڵیەوە ناوی ئەو پارتیزانەم بیستبوو و خۆشەویستی لە نێو دڵم دا ساڵانێک بوو دەگەڵ تەمەنم پێکەوە دەژیان. کە بینیم ،ماچی کردم و بەو پەری رێزەوە بەخێر هاتنی پێ گوتم،ئەو بنەماڵەکەمی بە باشی دەناسی چونکە ئەویش لە دایک بووی شاری بانە بوو. شایەد گەر ئەو بەخێر هاتنە شۆڕشگێرانەیەی کاک عوسمان لە دەستپێکی تەمەنی پێشمەرگایەتیم دا نەبووایە، من تەنها مانگێک یان دوو مانگ پێشمەرگایەتیم بکردایە.

بزەی سەر لێوی، تیشکی چاوی، سیگارەکەی دەستی،هەنگاو هەڵهێنانەوەکەی،جل و بەرگەکەی، ئاوڕ دانەوەکەی و …. هەمووی هەستێکی شۆڕشگێری تێدا بەدی دەکرا. ئەویش شۆڕشگێرێکی راستەقینە و دڵ پاک و بە ئیمان.

وردە وردە ژیانی نێو شۆڕشم دەست پێکرد، سەرەتا فێری چۆن دانیشت بووم،پاشان گاگۆڵکەم کرد و پاشان پێم گرت و فێری رۆشتن بوو. بۆ دانیشتن گەڕامەوە بۆ ساڵەکانی رابردووی کاک عوسمان و ویستم بزانم کام جۆرە دانیشتن شایەنی ئەو ژیانەیە و بۆ پێ گرتنیش چرکە بە چرکە چاوم لێ غافڵ نەدەکرد بەڵکو بزانم هەنگاوەنی کامیان دەگەڵ ئەویتریان فەرقی هەیە.

هیچ کات خۆم لەو ئاستەدا نەدی کە بتوانم رەفتار و کردارم وەک هی کاکە بێ، بەڵام ئەو پێی دەگوتم کە شۆڕش و ئەخلاق پێکەوە گرێدراون.

قەت نەمدی ئەو مرۆڤە خۆی بەسەر هەڤاڵانیدا بەرزتر نیشان بدا، چۆن بوو وا دەژیا، چۆن فێر ببو وا دەژیا ، پەروەردەی دەستی باوکێک بوو کە تا دوا ساتەکانی ژیان لە خزمەت گەل و شۆڕش دا بوو، هەر لە دەستپێکی کۆمارەوە تا گردی سڵێمان بەگی بانە/.ئای رەحمەت لە گۆڕت بێ مامە خەلیفە حەمە ساڵە.

پەروەردەی دەستی دایکێک بوو کە خاوەن رۆحێکی پەپولەیین بوو، دایکێک کە جەرگی سووتاو بوو بۆ شەهید بوونی کاکە عومەری کوڕی.

کاک عومەر برای کاک عوسمان بوو، چۆنی باس بکەم؟ قەتم نەدیتووە، بەڵام زۆرم لێ بیستووە. گەورەتری رەستە کە بۆ شەهید عومەرم بیستوە لە زمانی کاک عوسمانەوە: / کاک عومەرم مامۆستای من بوو/. ئەمە بۆ من زۆر بوو بۆ ناسینی شەهید عومەری رەحیمی.

پەنجەکانم دەلەرزێن، بەخوای دەلەزێن گەلی دۆست و برادەرانم، دەلەرزێن کاتێک کە ناوی کاک عوسمان دەنوسم و باسی دەکەم، بزە جوانەکەی سەر لێوی و نێوچاوانە پڕ لە ماندوویەکەی و ئازارەکەی دەستیم دێتە بەرچاو. ئەمانەم هەمووی لە نزیکەوە بینیوە، خۆزگەم بە خۆم .

بە تەواوی لە مانای مرۆڤایەتی گەیشتبوو، رێزی دەگرت لە مرۆڤەکان، لە منداڵ و ژن و پیاو و پیر و لاو، هەر یەکەو وەک خۆی. مرۆڤایەتی خۆش دەویست و شەیدای خاکی نیشتمان بوو. هیچم لێ نەبیست کە باسی ماڵی دنیا بکا، هیچ کاتیش دڵی بە ماڵی دنیا خۆش نەکرد، سادە دەژیا و سادە ژیانیشی فێر دەکرد. خۆزگە بۆ جارێکی توڕەبوون و شێواویێکم پێوە بدیایە تاکوو تەجروبەی چۆن توڕەبوونیشم بکردایە، بەڵام هیچ کات لێم نەدی چونکە ئەو بەتەواوی مانا مرۆڤێکی مەتیین بوو.

کاک عوسمانی رەحیمی، بۆ گەل بۆ خاک و بۆ منداڵەکان و هاوسەرەکەی ،ژیانی فیدا کردبوو، خزمەت بە گەل و نیشتمانی لەسەروو هەموو خزمەتەکانیەوە دانابوو. سامانی فێر کردبوو کە سامانی دنیایی مانایێکی نیە و سامانی مرۆڤایەتیە کە دەبێ بیپارێزی. سورکێوی فێر کردبوو کە شاخەکانی کوردستان هەمیشە پاڵ پشتی گەلەکەمان بووە و دەبێ ئیرادەمان وەک شاخی سورکێوی قارەمان بێ. سنور، کچە بچکۆلانە خوێنشیرینەکەی، وای فێر کردبوو کە کوردستان یەک وڵاتە و سنورەکانی سازکراون و سنوریان نیە. زۆر جار لە خاتو پەخشانی هاوسەری بیستووە کە دەڵێ: عوسمانی رەحیمی مامۆستای من بووە.

هەڤاڵ،

باس لە کام خسڵەتت بکەم .هەژار دۆستیەکەت؟ کورد پەروەریەکەت؟ رەوشتی جوات؟ کردەوەی پاکت؟هەڵسو کەوتی مەتیینت؟ میوان داریەکەت؟ ……

لە کام خاڵی ئەخلاقی شۆڕشگێریت بدوێم؟

لە داوێن پاکیەکەت،دەست پاکی و سەداقەتەکەت،خۆشڕوویەکەت،ئەمانەت پارێزیەکەت، لە کامیان؟

باسی هەر کامیان بکەم ئەوی دیکەم لێ دێتە هەرا و دەقیژێنێ بەسەرمدا وەک هەورێکی تینووی هەورە تریشقە و دەڵێ بۆ باسی من ناکەی منی لە هەموویان سەرتر بوو، هەر یەکە و وا دەڵێن، کەواتە هەموویانت وەک یەک بوون. ژیانت پڕ لە رەنج و زەحمەت بوو بە بێ ئەوەی چاوەڕوانیێکت هەبێ لە کەس و حیزب و ژیان. سادە ژیای بەڵام بەرز و بەشانازیەوە ژیای. خۆزگەم بە خاک. بەڵام ئەی خاک قەدری ئەو مەزنانە بزانە،بیان پارێزە و مەهێلە ئازاری گۆڕ غەریبی بکێشن. ئەی خاک ئەگەر بێم و سینگت هەڵدڕم، بە هەزاران گەوهەر لە نێو سنگت دادەبینم کە راتگرتوون. رایانگرە تاکوو رۆژی بەڵێنیمان، تاکوو وڵاتمان بە گشتی ئازاد دەبێ و هەر کەسە و دەچینە شوێنی لە دایک بوونمان.

کاک عوسمان، یادت هەمیشە بەرز و بەڕێزە لەلامان، ناوت هەمیشە پیرۆزە لە دڵمان و هیچ کات لە یادت ناکەین. سڵاو لە رۆحی پاک و بێگەردت، سڵاو لە مێژووی پڕ لەسەروەری و پاکی ژیانی نەحەساوەت.

یادت دەکەم ماۆستای ئازیزم، بیرت دەکەم بە بە دڵ و گیان،هەست بە بوونت دەکەم و هیچ کات کۆچی تۆم بۆ هەزم نابێ. بە قەد پەلک و گەڵای داران غەریبیت دەکەم کاکە عوسمان گیان.

ئەوە 6ساڵ بەسەر کۆچی ناوەدەت تێپەڕی،بەڵام بۆ چرکە ساتێک نەماتوانیوە پەند و ئامۆژگاریەکانت لە بیر بکەم. هەموو ساتێک یادت لە دڵما بەرز و پیرۆزە هەڤاڵ. بمبورە و شەرمەزاری خاکی سەر گۆڕتم کە لە توانام دا نیە وەسفی گەورەییت بکەم.

ئەم چەند ساڵە کە لامان رۆشتوویت و جێت هێشتین، نەمدەزانی چۆن چارەی ئەو بێتاقەتیە بکە، هەمیشە بۆنی تۆم ناوە بە کاک کەماڵەوە، کاک کەماڵی کەریمی، هاوڕێ بەوەفا و دڵسۆزەکەت کە ئێستاکەش غەمی لە دەست دانی تۆی ئازیزی کز نەبووە. تەمەن درێژی بۆ کاک کەماڵ بە ئاوات دەخوازم .

کەم ژیایت،بەڵام بەرز ژیایت. شەهیدەکان،هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانت،قوتابیەکانت ئەم شاهیدیەت بۆ دەدەن. سڵاو لە یادت پاکت شەهید.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

کاک عوسمان لە 11/9/2007 ( 20ی خەرمانای 1386ی ،هەتاوی) دڵەگەورەکەی لە لێدان وێستا و چووە ریزی شهیدانی گەلەوە و گڵکۆکەی لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکڕاتە لە کۆیە.

ئازاد عەباسیان

10/9//2013