٧ گیراوەکەی هەولێر نامەیەک ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

دوابەدوای خۆپێشاندانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە مەبەستی بەرگری کردن لە گیانی بەندکراوە سیاسی‌یەکانی نێو چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دژ بە ئێعدامی لاوانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێک هاتبوو، کۆمەڵێک لە کوردانی ڕۆژهەڵات دوای خۆپێشاندانی بەردەم پارکی شانەدەر خۆڕسکانە و بێ بەرنامە لەبەردەم کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کۆبوونەوە و بەدانی درووشم و ئاگر تێبەردانی ئاڵای کۆماری ئیسلامی و بەردباران کردنی ئەو بنکەیە لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە بڵاوەیان پێکرا و دواتر پۆلیسی هەولێر ٧ کەس لەو کەسانەی کە مۆڵەتی خۆپێشاندانەکەیان وەرگرت بوو گرت و دەستبەسەری کردن. لە ماوەی چوار ڕۆژ  بە سەر گیرانی ئەو ٧ کەسە دا، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ئەو گیراوانە ئازاد بکات، کە تا ئێستاش لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەڵامی ئەو داواکاریانە نەدراونەوە. هەر لەو پەیوەندی‌یەدا ٥ کەس لە گیراوەکان لە نامەیەکی دەستنووس دا داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە کە چارەسەری کێشەی ئەوان بکات و لە هەمان کات دا ڕوونیان کردۆتەوە کە ئەوان لە کاتی بەردباران کردنی بنکەی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ئەو پۆلە خۆپێشاندەر نەبوون و دوای ئەو ڕووداوە لە لایەن پۆلیسەوە گیراون و تا ئێستا نەبراونە بەردەم دادوەری گشتی بۆ لێپرسینەوە.

دەقی نامەی دەستنووسی ئەو ٥ گیراوەی هەولێر

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێز سۆلۆل کندی نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە ٥ چالاکی مەدەنی و پەنابەری سیاسی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێکەوتی ٨/١١/٢٠١٣ و کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆ لە بەردەم پارکی شانەدەر خۆپێشاندانێکمان لە دژی شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە ئێران لە سەر مۆڵەتی فەرمی بەڕێز پارێزگای هەولێر ساز کرد.

ماوەیەک پاش تەواو بوونی ئەو خۆپێشاندانە کەسانێکی نەناسراو هێرشیان کردۆتە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان٠ ئێستا ئێمە لە شەوی ٨ی نوامبرەوە گیراوین و لەو کاتەوە تا ئێستا رێگەی هەر جۆرە پێوەندییەکمان لەگەڵ دەرەوەی زیندان بەستراوەو تا ئێستاش لە بەردەم حاکم حازر نەبووین ئێستاش تکایە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە یارمەتیمان بکەن .

١- مستەفا ئیبراهیم محەممەد (مستەفا شێخە)

٢- رەحمان وەتمان هەمزە (رەحمان پیرۆتی)

٣- پێشەوا عەلی عەبدوڵڵا (پێشەوا عەلی پور)

٤- چیا حەسەن عەبدوڵڵا ( چیا مەلاک)

٥- عەلی ئەبووبەکر عەبدوڵڵا (عەلی ئیسمائل نیژاد)