دکتۆر بێرنارد کوشنێر: ناکۆکی و ناتەبایی نێوخۆیی، گەورەترین مەترسین بۆ داهاتووی کوردەکان

رێکەوتی14و 13ی ئەو مانگە، لەلایەن” ئەنستیتۆی فەرانسەوی پێوەندییە نێونەتەوەیییەکان” و “ئەنستیتۆی جیهانی عەرەبی” لە شاری پاریس کۆنفرانسێکی دوو رۆژە بەڕێوە چوو، کە تێیدا باس لە ڕۆڵی کورد لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست دا کرا.

لەو کۆنفرانسەدا جگە لە چەندین کەسایەتی سیاسی کوردستانی و فەرانسەوی، کە لە ناویاندا بەرێز فەلاح مستەفا، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، خاتوو خەمان زرار، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە و د. فرێدێریک تیسۆ، کۆنسولی پێشووی فەرانسە لە هەولێر، بەدی دەکران.

هەروەها کۆمەڵێکی بەرچاو لە مامۆستایان، لێکۆلەران و شارەزایانی مەسەلەی کورد لە زانکۆکانی فەرانسە،  وڵاتی سویس و لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەشداری کۆنفرانسەکە بوون و وتار و دەرئەنجامی لێکۆلینەوەکانی خۆیان بۆ بەشداربووان خستە ڕوو.

دکتۆر بێرنارد کوشنێر، وەزیری دەرەوەی فەرانسە و دۆستی لەمێژینەی گەلی کورد، یەکێک لە وتاربێژەکانی کۆنفرانسەکە بوو. ناوبراو لە سەرەتای قسەکانی دا ئاماژەی بە خەونی لەمێژینەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی کرد و وەبیر بەشداربووانی هێنایەوە کە زلهێزەکان کاتی خۆی، لە پەیمانی سێڤغ (سیڤەر) دا بەلێنی بەدیهێنانی ئەو خەونەیان بە کورد دابوو، لێ مەخابن بە هۆی پاشگەز بوونەوەی بەلێندەران ئەو خەونە بەدی نەهات.  لە راستی دا چارەنووسی کوردەکان بەداخەوە ئاوا بووە کە ئەوان زۆرجار لە بیر دەکرێن و پاشان وەبیر دێنەوە. بەلام ئێستا کوردەکان بە خۆشحالیەوە ئەو چارەنووسەیان گۆریوە، ئەوان ئێستا مەجبور نین کە هانا بۆ چیاکان بەرن. کوشنەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لە پێشکەوتن و دەسکەوتەکانی گەلی کورد، بەتایبەت لە باشور کردو خۆشحالی خۆی لە هەمبەر سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان دەربری و ستایشی بواری ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و کوتی: “لە راستی دا کوردستان ئەمرۆ بۆتە لانەی لێقەوماوان. ئێستا جگە لە پەنابەرانی سوری، بە کورد و عەرەبەوە، ئەو کۆمەلێکی زۆری هاولاتی مەسیحی عراقی وەخۆ گرتوە و تەنیا پەناگای ئەوانە. بەرپرسانی هەرێم لە ئامێزگرتنی ئەو هاولاتیانە هەر بە ئەرکێکی مرۆیی نازانن، بەلکو بە شانازیشی دەزانن‌”.

 لە وەلامی پرسیارێکدا کە ئەو چۆن دەروانێتە داهاتووی کوردستان و چ مەترسیەک بۆ سەر کورد بەدی دەکات، کوشنێر بە بزەوە کوتی: “گەورەترین مەترسی کە لە سەر کوردەکان و داهاتوویان هەیە، ناتەبایی و ناکۆکی خۆیانە کە هەروەکو لە رابردوودا شاهیدی بووین، بە داخەوە ئاکامی خراپی هەبووە و کارەساتی لێکەوتۆتەوە”. لەم پێوەندییەدا ناوبراو بارودۆخی هەنووکەیی رۆژئاوای کوردستان و ناکۆکی نێوان هێزە سیاسیەکانی وەک نوێترین نموونە هێنایەوە. لە وەلامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئەو وەک دۆستێکی لەمێژینە چ ئامۆژگارییەکی بۆ کوردەکان هەیە، کوتی: “پێویستە کە کوردەکان جوولانەوەکەیان زیاتر “بە خەڵکی” ( خەڵکیتر) بکەن، زیاتر گرینگی بە ئاشتی و تەبایی نێوخۆیان بدەن و نەهێلن کە گەلی کورد چیتر ئازار و مەینەت بکێشێ. هەروەها دەبێ ئەوان رێگا بدەن کە خەڵک بۆخۆی بریار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. جگە لەمانەش پێویستە کە ئەوان، بەتایبەت لە باشور وەدوای سیاسەتی “یان هەموو شتێک و یان هیچ” نەکەون. بۆ نمونە ئەگەر ئەوان چاوەروانی گەرانەوەی کەرکوک و ناوچە دابراوەکانی دیکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکەن، ئاوا هەر لە شوێن خۆیان دەمێننەوە و ناتوانن دۆزەکەیان بەرەو پێشتر بەرن.

لە کۆتایی قسەکانی دا، کوشنێر ئاماژەی بۆ دیداری داهاتووی سەرۆکی هەرێم، بەرێز مەسعود بارزانی و تەییب ئەردۆغان لە شاری “ئامەد” کرد و گفتگۆ و دیالۆگی بەتایبەت لەگەل تورکیە بە گرینگ و پێویست وەسف کرد. لەمەر دیاریکردنی شاری “ئامەد” وەکو شوێنی بە یەکگەیشتنی بارزانی و ئەردۆغان، کوتی: “دروستە کە ئەردۆغان هەڵبژاردنی لەپێشە، بەلام “ئامەد” بۆ کوردەکان گرینگی تایبەتی خۆی هەیە، هەربۆیە مرۆڤ لەهەمان کاتدا دەتوانێ بەشێوەیەکی تریش بۆو مەسەلەیە بروانێ و وەکو هەنگاوێکی سەنبوولی گرینگ  سەیری بکات‌”. ناوبراو نەیشاردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی  هەبوونی رێژەیەکی زۆر لە سامانی سروشتی، ئێستا لە بواری ئابوورییەوە  یەکێک لە  گرینگترین و بەرچاوترین فاکتەرەکانی ناوچەکەیە و هەر بەم هۆیەشەوە رۆژ بە رۆژ بۆ تورکیە گرینگتر دەبێ، چونکە تورکیە دەتوانێ بۆ دابین کردنی پێویستییە وزەیەکانی  پشت بە هەرێـم ببەستێ. ئەوە نەک هەر لە بواری ئابوورییەوە بەلکو لە بواری سیاسیشەوە بۆ ئەو ولاتە گرینگی دەبێ، چونکە تورکیە هیچی تر مەجبوور نابێ کە چاوی بە تەنیا لە نەوت و وزەی ئێران بێ.

شایانی باسە کە جگە لەم کەسایەتیانەی کە لە سەرەتا دا ئاماژەیان پێکرا، بەرێز کەندال نەزان، سەرۆکی “ئەنستیتۆی کورد لە پاریس” بە وتارێک لەمەر رۆڵی دیاسپۆرای کورد لە بەدەستهێنانی دەسکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستان و خاتوو “ئۆفرا بێنگیۆ”، مامۆستا لە زانکۆی “تێل ئاڤیڤ”ی ئیسرایل بە وتارێک لە ژێر سەردێری ” ئیسرایل و کوردەکان ”  لە بەشدارانی چالاک و دیاری کۆنفرانسەکە بوون.

پرشنگ شەریفی

پاریس، 2013.11.16