کۆیلەیەتی کورد و ئیستعمار! جەماڵ عەڵیاڵێ

مێژووی ئیستعمار لە سەرەتاوە تا هەنووکە لە چەند قۆناخی جیاوازدا گرێدراوی لەشکری سەربازی، لەشکری سەربازی و پارە، لەشکری سەربازی و پارە و سیاسەت بووە و لە کۆتاییدا زانستی پێوە لکاوە. بەڵام ئێستاکە دەبینین کە

بە زۆری زانست و سیاسەتە کە دەزگای ئیستعمار هەڵدەسوورێنێ. بەو پێوەرە واتای ئیستعمار تۆێکڵەکەی گۆڕاوە بێ ئەوەی کاکڵەکەی بگۆڕدرێ. ئەوە کۆیلەیەتی دەخاتەوە بیر. کۆیلەیەتی هەر وەکوو سەردەمەکانی مێژوویی لە جێی خۆی ماوە بێ ئەوەی کاکڵەکەی بگۆردرێ. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد تا چ رادەیەک خاوەنی تواناییە بۆ ئەوەی کە خۆ لەو دوو دیاردە ناحەزە بپچکڕێنێ. خستنە بەر چاوی ڕوانگەیەک لە رێگەی وەبیر هێنانەوەی چەند کورتە هەواڵی ئەم دوواییانە (بێ وەبەر چاو خستنی کۆمەڵێک دیاردە و ڕووداوی فرەچەشنە!) لە سەر کوردستان رەنگە بۆ گەیاندنی ناوەرۆکی بابەتەکە هێندێک هاسانکاری بکات.

کوردستانی باشوور بە حکومەتی هەریم، ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی نەتەوەی کورد هەرگیز پێک نەدەهات ئەگەر بێتو دەرفەتی بۆ نەرەخسابا ونەیقۆستباوە، واتە ئەگەر بێتوو ئامریکا هێرشی نەبردبایە سەر سەدام حوسێن. پێشمەرگەی باشوور هەر وەک هەمیشە دوو بەش دەبوو، بەشێک دەگەرایەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی و بەشێک هەر بە نانە ڕەقە بەردەوامی شۆڕش دەبوو. لە بیرمان نەچێ هەر لە سەرەتاکانەوە تا کاتی تێکشکاندنی سوپای بەعسی، ناوچە “ئازادکراوەکان” لە ژێر گەمارۆ و ئامبارگۆی سەدام دابوون.

کوردستانی باکوور، کانگای وزە و هێزی نەتەوەیی لە ئاستی ناوچە و ناودەوڵەتیدا، نەیدەتوانی بگاتە ئەو پێگەیە جەماوەرییەی کە ئەوڕۆ هەیەتی ئەگەر دەرفەتیان بۆ نەرەخسابا و بەکاریان نەهێنابا.

کوردستانی ڕۆژئاوا بە پێی هەلومەرجێک کە نزیکەی سێ ساڵ لەمەو بەر بۆی هەڵکەوت و قوستییەوە توانی قەڵەمبازێکی مێژوویی باوێژێ، هەنگاوێکی بە وەج بەرەو دێمۆکراتی. ئەوە جێی شانازی هەر تاکێکی ئازادە.

کوردستانی ڕۆژهەڵات جارێ “دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە کە لە کیسی بدات” بەڵام چاوەڕوانی هاتنی ئەرتەشی ئامریکا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی حاکم لە سەرو گۆێلاکی دەباری. هەر بەو ڕووحەوە ئەندامان و لایەنگران، تەنانەت جەماوەریشی تێدەگەیاند. ئامریکا نەهات، دەسەڵات هەر لە جێی خۆیەتی، تەنانەت ئاشتی لە نێوانیان دامەزرا. ئەوەی کە ئێستا چ وڵامێک بۆ رای گشتی ئامادە دەکرێ پرسی نووسەر نیە.

کاتێک ئیستعمار و کۆیلەیەتی لە پێوەرێکی نۆێدا دێنە بەرچاو پێویستە “زانست و بیری ئازاد” مسقاڵی لە زێر گرانتر بێت. ئیستعمار دەرەقەتی کۆمەڵگای خاوەن زانست نایە، کۆیلەیەتی دەرگا بە کۆمەڵگەی خاوەن بیری ئازاد ناگری. کاتێک کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم بە فەرمانی حاکمانی ئێرانی ڕۆڵەی کورد پاڵ پەستۆی بەندیخانە دەکەن، هاوکات دەگەڵ رژێمی تورکیا ئامبارگۆی ڕۆژئاوا دەدەن، هاودەنگی داگیرکەرانی وڵات دەبن بە مەبەستی بەرگری لە بەشداری کورد وەکوو لایەنێکی سەربەخۆ لە “گفتوگۆکانی جنیف” بۆ ئەوەی کە “لۆزان”ێکیتر بێتە ئاراوە، ئەو کات مافی مرۆڤی ئازادە کە گومانی بەرەو ئیستعماری بوونی هەرێم بدات. کاتێک هێزەکانی سیاسی بە تەمای سەکەوتنی شۆڕشن ئەویش بە هیوای خەڵکانیتر، ئەوکات مافی مرۆڤی ئازادە کە گومانی پەرە سەندنی کۆیلەیەتی لە نیشتمان بدات.

ئەگەر ڕۆژئاوا بتوانێ وەک لایەنی سەربەخۆ بگاتە گفتوگۆکانی جنێڤ ئەو سا ستاتۆی نەتەوەی کورد چەند قات زیاتر دەبێ، ئەوەندە کە داگیرکەر زۆری لەبەر زەحمەت دەبێ نکۆڵی کورد بکات. لە بواری خەباتی ئازادی دا پێویستە نەتەوەی کورد لە سەر پێی خۆی راوەستێ و پشت بە خۆی ببستێ، داهاتوو بە هیوای بێگانە بینا ناکرێ، دەبێتە ئاشی بێ ئاو، کەس نانی لە بەر ناخوا.

جەماڵی عەڵیاڵی ١٦-١٢-٢٠١٣