کۆچی دوایی کادری پێشووی دێموکرات و یەکێک لە زامدارانی شیمیایی شاری سەردەشت کاک ڕەحمان حەدداد

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٧ ـ ١٢ ـ ٢٠١٣ کاک ڕەحمان حەدداد خەڵکی شاری سەردەشت لە شاری ورمێ لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. کاک ڕەحمان حەدداد لە ساڵی ١٣٢٠ ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی دیار و خۆشناو لە دایک بووە، لە ئامیزی گەرمی بنەماڵەدا تەمەنی منداڵی بریوە و وەک زۆربەی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی لە ئیمکاناتی کەمی شار کەڵکی وەرگرتووە و لە لایەن بنەماڵەوە بۆ خوێندن نێردراوەتە قوتابخانە و توانیویەتی چەند پۆل درێژە بە خوێندن بدات و دواتر لەگەڵ گەورە بوونی شانی وەبەر کارو کاسبی داوە و ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بووە. کاک ڕەحمان مرۆڤێکی دەستگر و دڵفراوان بوو و هەموو کات یارمەتی بە کەسانی هەژار کردووە و تا توانیویەتی دەستی نەدارانی گرتووە. کەسێکی مشوورخۆر و قسەخۆش و جێ باوەری خەڵکی شار و ناوچە بوو.

لەگەڵ راپەرینی شۆرشی گەلانی ئێران وێرای ئەندامانی بنەماڵەکەی دێتە سەر شەقام و بەگژ دام و دەزگا و هێزی شاهەنشاهی دا دەچێتەوە و لە هەموو خۆپێشاندان و مانگرتنەکان دا بەوپەری لەخۆبردوویەوە بەشداری دەکات. دوای ڕووخانی رژێمی شاهەنشاهی و خۆسەپاندنی کۆماری ئیسلامی بە سەر خەڵکی ئێران دا و ئاشکرابوونی حیزبی دێموکرات ناوبراو دەبێتە ئەندام و دواتر دەبێتە یەکێک لە هەڵسووراوانی دیاری حیزب. دوابەدوای گیرانەوەی شاری سەردەشت کاک ڕەحمان بە بنەماڵەوە ڕێگای شاخ دەگرێتەبەر و چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە هێزی موعینی پێشوو دەکاتە شان و وەک پێشمەرگە و کادری کۆمیتە شارستانی سەردەشت کاری پێشمەرگایەتی خۆی دەباتە سەر و تا ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاوی وەک پێشمەرگە دەمێنێتەوە و دواتر لە تەنیشت بنکەو بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە تاراوگەیی دا ژیان دەباتە سەر و ژیانێکی سەخت و دژوار تەحەموول دەکات. رژێم هەموو خانوو و دوکان و مڵکی کاک ڕەحمان زەوت دەکا و دەستیان بەسەر دا دەگرێ و خانووەکەی دەکەن بە پایەگای خۆیان. کاک رەحمان بە بێ گوێدان بەو زەوت کردنە لەگەڵ بنەماڵەکەی تا ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی لە تاراوگەدا ژیان دەبەنە سەر و وەک شۆرشگێر و تێکۆشەر سەختی‌یەکانی ژیان بە دڵ و بە گیان تەحەموول دەکەن و دواتر بە هۆی ئەوە منداڵەکانی بچووک دەبن بە ناچار دەگەرێتەوە نێوخۆی وڵات و لە شاری سەردەشت نیشتەجێ دەبێ. ناوبراو لە ٧ ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی وەک زۆربەی خەڵکی شاری سەردەشت زامداری شیمیایی دەبێ و ئەو زامەش تا کاتی کۆچی دوایی هەروا لەگەڵی بوو و زۆرجار تووشی تەنگە نەفەسی و ناراحەتی سیپلەک دەبوو.

دوای ئەو کارەساتە بنەماڵەی کاک ڕەحمان ماڵیان بار دەکەن و لە شاری ورمێ نیشتەجێ دەبن و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان دەبن. کاک ڕەحمان لەو ماوەیەش دا هەمیشە خەمخۆری گەلەکەی بووە و ماڵەکەی جێگای میوان و ڕێبوارانی شاری سەردەشت بووە و بەردەوام ئەو کەسانەی نەخۆش دەبوون و یا ڕێگایان دەکەوتە شاری ورمێ کاک ڕەحمان خزمەتی پێدەکردن و یارمەتی دەدان و لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی خەڵکی دا بە دڵەوە بەشداری دەکرد.

بنەماڵەی بەرێزی کاک کەریم حەدداد و شەیدا، ماریا، ئەدیب و ئاریا منداڵەکانی خوالێخۆشبوو کاک ڕەحمان حەدداد لە شاری ڤێسترۆس کۆڕێکی پرسەو سەرەخۆشی بۆ ئازیزی لە دەستچوویان لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ ـ ١٢ ـ ٢٠١٣ لە ئادرەسی خوارەوە پێک دەهێنن.

ڕۆژی یەک شەممە ٢٢ ـ ١٢ ـ ٢٠١٣

کاتژمێر ١٢:٠٠ تا ١٧:٠٠ ی ئێوارە

شوێن: Wenströmska Gymnasiet

Vedbovägen 1

724 80 Västrås

موبیل تەلەفوون: ٠٧٢٢٤٦٧١٦٦ جوانرۆ حەدداد

ئێمێل: juwanro.haddad@seko.se

موبیل تەلەفوون: ٠٧٣٥٤١٥٩٩٩

ئێمیل: maria.haddad@sll.se

تێ‌بینی: تکایە ئەو دۆست و ئاشنا و خزمانەی کە ڕێگایان دوورە بۆ هۆی ساردی و سەرما و بۆ پێشگرتن لە کارەسات و ڕووداوی هاتووچۆ لە هاتن خۆ ببوێرن و دەتوانن لە ڕیگای ئێمێل وتەلەفوونەوە هاوخەمی و هاودەردی خۆیان دەرببرن.


بو بۆنەی کۆچی دوایی کاک ڕەحمان حەدداد تێکۆشەری ڕێگای ئازادی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی حەدداد لە شاری سەردەشت و لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەت ئەندامانی بنەماڵەکەی لە کوردستان و لە دەرەوە دەکەم و ئاواتەخوازم کە تەمەنی ئەندامانی بنەماڵەی کاک رەحمان درێژ بێ و کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بێ. ڕووحی شاد

حەمەرەسووڵ کەریمی