دوو شەهید و گۆڕێک. سەعید مامەندی

رەحیم و عەبدوڵڵا، خزم و کەس، خاڵۆزا و پورزا، زارۆکی یەک گوند، پشت و پەنای هەڤدوو بوون. دوو مناڵی نەسرەوتوو، چاوگەش و بزۆز، تا بڵێی دەنگخۆش و دڵپڕ لە هیوا بوون. کەسێک نەیناسیبان وەک برا دەیشوبهاندن.

زۆر شتیان لە یەک دەچوو. کەسیش نەیدەزانی چارەنووسی ئەوان چی بەسەر دێ. لە خۆڕا نەبوو موحەممەدە شێتەی ئاغەڵانیش ناوی لێنابوون جووتە.

ساڵ هاتن و چوون. ئەوانیش گەورە بوون. کاژە گوندێکە، ئاسمان نەبێ، لێی دیار نییە. چوار دەوری دەر و دۆڵ، خڕ و جۆگە، زنار و زەمەندە. دێی مەلازادە و تەقیەکارانە. شێت و فێداری گشت ئەم دەڤەرە لە وێ چاک دەبنەوە. ئەوێ شێتخانە نییە، ڤار و نەزەرگەی ئیماندارانە. لە وێ خەڵک سادە و ساکارە. فێڵ نازانێ و پێشی وا نییە، کەس فێڵی لێدەکا. وەک مردووەکان، وەک سرووشت، وەک خاڵ مەلا خدر بێ فڕ و فێڵن. نەوەکانی وەک ئاوی قوڵقوڵێ پاک و بێگەردن. سەر لە گێچەڵ و سات و سەودا دەرناهێنن. لە وێ کەم کەس دەزانێ درۆ بەری چ گیایەکە و خیانەت لە کوێ سەری هەڵداوە.

رەحیم و عەوڵا، شێت و شەیدا، عەوداڵی رزگاری و چێکردنی وڵاتی کاڵ و پیرانن. ئەوان مەستن چاویان هیچ کوێ نابینێ. سەرخۆشی رزگاری وڵات و چارەسەریی یەکجارین. بۆسە و کەمین، مێگری و سیاسەتی حیزانە، لە قامووسی ئەوان دا بوونی نییە. بۆ ئەوان  سۆما و برادۆست، ئاژوان و داڵاهۆ، ئاڕبەبا و قەندیل، هەموو شوێنیک کوردستان بوو. ئەوان ، باکوور و باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا و ناوەندیان نەدەناسی. سەریان لەم گێلمە گێلم و هاشوومیە دەرنەدەچوو.ئەوان سامیان شکا بوو. لە هیچ نەدەترسان. سەگی قتوور راوی نابوون، سەرمای قەندیل سڕی کردبوون. باهۆزی ئاژوان و داڵاهۆ، سەر و گوێلاکی شێلابوون. شاهۆ ببوو بە میوانیان و لە زێی گەورە و بچووک پەڕیبوونەوە. چۆمی ئارازیان بەزاند بوو، تا سنووری یەکێتی سۆڤیەتی بەرێ چووبوون. دەیان جار، لە وێ راوی پاسدار و جاش و بەکرێگیراوانی  دیکەیان  نابوو.

رەحیم و عەوڵا بەردی لەبار و لە دەستان خۆش بوون. بوارت زانیبان، دەتتوانی لە هەر دیوارێک دا

 بە کاریان بێنی. لێ ئەوان گیانسەخت و فیداکاریش بوون. گوێ لە مست و دەستەمۆ نەبوون. روویان لە با نەدەکرد، خۆنەویست و دڵسۆز، ئەڤینداری گەل و هۆزبوون. لە هەر کوێ حیزب کاری پێبان، ئەوان گیان لە سەر لەپی دەست ئامادە بوون. سەرپەلی، سەردەستە و سەرلکی لۆ ئەوان فشە بوو. ئەوان خۆیان لە هەر کوێ بان، یەکسەر فەرماندە و رێبەر بوون. دار و بەرد، دەوەن و دۆڵی دەڤەری سەردەشت ئەوانی ناس دەکرد. ئالان و باژاڕ، گەورک و سوێسنایەتی، نەڵێن و مەنگوڕایەتی بار و بازگە و جێژوانی شەو و رۆژیان بوون. کەژ و کێوی سەردەشت نەمابوو، سەریان بۆ نەوی نەکا و لە جوامێری و مێرخاسی ئەوان سەری سوڕ نەمێنێ.  ئەوان لە قەندیل قوڕاوی ببوون. سەری گۆمێ و گیارەنگ سەری بۆ داخستبوون. مامەندە و هومل لە ئامێزی گرتبوون. زەرتکی زەنگاڵەکانی دڕاندبوون. دۆڵی بنەوخەڵێف و خڕێ ئاغەڵان خڕی کردبوونەوە. هێزی نەحۆ، ناوەندی ئاژوان، هێزی شەهیدانی ئاوارە و موعینی وەک کۆرپەی ساوا پەروەردەی کردبوون. زاویتەی ئالان چوکی چواندبوون. گەردەنەی زمزیران سمێڵەکانی کردبوون بە شیخەسۆڵ. دەنگی عەوڵا شانی لە دەنگی ماملێ دەدا. ئەو چەند جار لەگەڵ ماملێ گۆرانی چڕیبوو. شێعری وەفایی لە دەست رەحیم وەزاڵە هاتبوون. ئەوان لە هەر کوێ بان، شایی و شۆخی، سەیر و سەما، جەفەنگ و وەفا سەری هەڵدەدا. پێدا پێدا و گەڕەلاوژە، شایی و تەپڵلێدان پیشەیان بوو. ئێستاش نۆیزە و دیواڵان و شاتمان، شاهیدی قاقا و بزەی پێکەنینیانن.

عەوڵا و رەحیم وەک چاوی قرژاڵ روون بوون، وەک سەرچاوەی رەسوە شێتی بێ غەل و غەش بوون. وەک مناڵی ساوا پاک و بێگەرد، دەسرازە و لانکیان نەدەناسی. بلوێری مێر و نێ، بۆ ئەوان نەزیلە بوو. منداڵی هەموو کەسێکیان خۆشدەویست. ئاشقی شەهیدبوون نەبوون. بۆ حۆری بەهەشت نەدەدۆڕان وچاو چاوێنیان لەگەڵ نامووسی کەس نەدەکرد. ئەرێ ئەوان خۆیان خاوەن حۆری بوون. لێ بۆ سەرخستن و رزگاری وڵات زۆر سەخی بوون. گیان و ماڵ و هەرچی بوویان، ئەڕای وڵاتیان کردە دیاری. لفکەی سۆرانیەکەی عەوڵا و جامانەکەی رەحیم ، ئێستاش  بە شوێن خۆیان دا دەگەڕین. ئەوان نازانن لەم دابەشبوونەی تازە دا بەر کوێ دەکەون. خۆیان چەند جار بۆیان گێڕامەوە، تەنانەت لە مەیدانی شەڕ و راونانیش دا، بەزەییان بە پاسدار و داگیرکەر دا هاتۆتەوە. بۆیە  باوەڕ بکەن ئەوان تاوانباری شەڕیش نین.

کرمێکی  خۆخۆر، گیاکەڵەیەک  لە نێو حیزب دا سەری هەڵدابوو. حیزب رۆژ بە رۆژ کز و لاواز دەبوو. جلە لێی هاڵابوو. رۆژ رۆژی پاکانە حیساب بوو. کەس بەزەیی بە کەس دا نەدەهات. گشت سنوورەکان ترازا بوون. پاک و پیس لێک  درابوون. هەموو کۆبوونەوە و کۆنفڕانسێک مزگێنی پاکسازی دەدرا. لە هەر کۆبوونەوە و کۆنفڕانس و کۆنگرەیەکیش  دا رێک پاکەکان دەردەکران و ئەوانی دیکەش دەمانەوە. حیزب  وەک نووشتەی لێکرابێ وا بوو. گڕۆڵەی کەوتبۆ لێژی. رێک ئەو رۆژانە بوو، پەنجەکان یەکتریان دەشکاند. پێنووسەکان یەکتریان دەبووغزاند. کتێبەکان بە دزی دەخوێندرانەوە و باو باوی یەکتر تاوانبارکردن بوو.

 لە بیرمە، هەر ئەو سەر و بەندە لە ساڵێک دا، ٣٢٥کەس، کادر و پێشمەرگە، فەرماندە و هەرچی و پەرچی ئاشبەتاڵیان پێکرا.  بە چاوی خۆم دیتم . پێشمەرگە بوو دەگریا و نەیدەویست چەک دابنێ ، کاکی فەرماندە چەکی کرد و پاڵی پێوەنا و لە توورەکەی  دوژمنی هاویشت. عەوڵا و رەحیمیش هەر لە وانە بوون، بە جۆرێکی دیکە و بە فێڵێکی دیکە ، سەریان بە  فەتەڕات چوو. باوەڕ بکەن عەوڵا و رەحیم کوڕی رۆژی تەنگانە بوون. گەر خاوەنیان با ئەوانیش، ئێستا بۆ خۆیان عەگید و مەزلومێک بوون.

رەحیم راسپێردرا ، پێوەندی بە بەرپرسی پایەگای گوندی ئاغەڵان وەبگرێ و کڵاوی لەسەر نێ. دوای چەند کۆبوونەوەی سەرکەوتوو، فەرماندەی پایەگا، کڵاوی لەسەر رەحیم  نا و لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانە دا شەهیدی کرد. بۆ جارێکی دیکەش داستانی هەمزاغای  مەنگووڕ و سمایلاغای شکاک، لە شەهیدکردنی رەحیم دا دووپات بوونەوە. رەحیم هەر وەک خۆی سادە و ساکار مایەوە و بوو بە قوربانی  سات و سەودای سەردەم. هەنوکەش  کەس نازانێ چی بەسەر هات و لاشەی لە کوێ بە خاک سپێردرا. ئەوەی روونە، مەلا موحەممەدی باوکی، دوای چەند مانگ ، لە تاوان دڵی تۆقی.

هەواڵی شەهید بوونی رەحیم و شێوەی لە داوخستنی و خیانەتی فەرماندەی سوپای داگیرکەر بوو بە وێردی سەر زمانان. خەڵکی کاژێ، گوندی خۆی و زێدی لە دایکبوونی، گۆڕیان بۆ هەڵکەنی، تا لە وێ ئارام بگرێ و خەمەکانی بنێژێ. بەڵام ئەو زیز بوو،قەت ئاوڕی نەداوە. هەرگیز نەچۆ نێو ئەو گۆڕەی بۆی هەڵکەندرا بوو. گۆڕی ئەو وەک جێژوانی ئەڤینداران چۆڵ و بێکەس  مایەوە و بە دوای میراتگر دا دەگەڕا.

جەند مانگ دواتر، عەوڵا بە پیلانێک شەهید کرا. لە دۆڵی قاسمەڕەش، زەوی قوتی دان، یان کێوەکان رێکیانپازنین، کەس نازانێ. ئەوەی روونە، عەوڵا و هەواڵێکی بە وێدا رابووردن. هەردووکیان جەستەیان کەوتە سەر زەوی و شەهید کەوتن. خۆیان باوەشیان لێکدا، خوا کوشتنی، زەوی قووتی دان، یان پاسدار ئەنجن ئەنجنی کردن،  کەس نازانێ. جگە لە خوا و غەیبێک نەبێ، کەس سەری لە سڕی ئەو قومارە دەرناچێ.عەوڵا بۆ جوانەمەرگ بوو، و عومەر بۆ سەر و سۆراخی نییە ، هەر خوا دەیزانێ و غەیبی گۆرین. قاتڵانی عەوڵا، کێن و عومەر  بە چ تاوانیک ، بێسەر و شوێن بوو، رەمزێکن؛ سەرەدەر لێدەرکردنیان کاری حەزرەتی فیلە.

تاوان بارێکی گرانە و بەملدا کردنیشی فرە هەرزانە، نە کەس خۆشیدەوێ و نە کەسیش لێی خاوەن دەردەکەوێ. ئەو کەسەش بکەری تاوانە، لە تاوان، خۆی لە تاوان دەدزێتەوە و نابێتە خاوەنی. تاوان و مشک دەستە خوشکن. هەر دووکیان پیس و بێزراون. هەرچی تاقیکاری دونیایە، لە سەر مشکی بەستەزمان تاقی دەکرێتەوە، کەسیش قەدری نازانێ. تاوان لە مێشک و لاشەی هەر کەس دا دەژی، کە چی کەسیش پێی قایل نییە. تاوانی شەهیدکردنی عەوڵا و عومەریش کرایە ملوانکە  و لە گەردنی کۆماری ئیسلامی ئێران هاڵا.

باڵکێش و جێی سەرنجە. گۆڕە چۆڵ و بێنازەکەی بۆ رەحیم هەڵکەندرا بوو، نسیبی عەوڵا بوو. ئێستا ئەو لەوێ لە جێی رەحیم دا رازاوە. پەپولەی روحی رەحیم لە کوێ دەگەڕێ، کەس نازانێ. رەحیم سەربازی ونە و عەوڵا بە شوێنی دا دەگەڕێ. کێ دەڵێ ئەوان ، ئێستاش جووتە نین و لەو گۆڕە دا پێکەوە باس و خواسی خیانەت و ناپاکی ناکەن؟ دووریش نییە، ئێستا ئەوان بە جووتە لە گۆڕەکە دا بن؛ یەکیان وەک برایم خەیات، بۆ کوردستان شینبگێڕی و ئەوی دیکەشیان، وێنەی هۆزان سەرحەد لە سەر کوردستان گازندەی فەرمان و فەلەک بکا.

رێزدار ئۆجالان دەڵێ دەبێ بۆ هەر شەهیدێکی کوردستان هۆنراوەیەک بنووسرێ. ئەوەی من نووسیم، هۆنراوە یان سرود و گۆرانی نییە. تەنیا لاواندنەوەیەکی بچووکە، بۆ دوو شەهید وشۆڕەسواری غەدرلێکراوی کوردستان. وەک وێنەکەش دەینوێنێ ئەوان هاوسەنگەر، هاوبیر و کەسی زۆر نیزیکی من بوون. دەیان و سەدان کەڕەت کەشکۆڵی راز و نیازمان بۆ یەکتر کردۆتەوە. گەلێک ئەمینداری یەک و دوو بووین. هەموو سڕو رازێکی یەکترمان  دەزانی. لەوما هەرگیز شەهیدان رەحیم عەلیپوور و عەوڵا سەددیقی لە بیر ناکەم.

 سەعید مامەندی