پەیامی پێشەوا و ئەزموونی کۆماری کوردستان! ئاریتما محەممەدی

خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد دەبێت لە ڕاستای جێبەجێکردنی پەیامی پێشەوا و فەلسەفەی کۆماری سەربەخۆی کوردستاندا بێت. ئاریتما محەممەدی

٦٧ ساڵ پێش ئەمڕۆ پێشەوا قازی موحەممەد کەسایەتیی زانا و لێزان و تێکۆشەری گەلەکەمان لە پاش ئەندام بوون لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و تێپەڕاندنی قۆناغێکی هەستیار بە هاوکاری و تەبایی و یەکێتی کوردان کۆماری پیرۆزی کوردستانی ڕاگەیاند. کۆماری کوردستان لە قۆناغێکی تاییبەت و دژوار و هاوکات هەستیاردا پێک هات کە شەڕی دووەمی جیهانی ڕووی لە کۆتایی بوون بوو و زلهێزەکانی جیهانیش لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتی سۆڤیەت و بریتانیا چاویان بڕیبووە سەرمایەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتاییبەت کوردستان.

کۆماری کوردستان بە بەرهەمی خەباتی بێ پسانەوەی کورد لەو قۆناغەدا پێناسە دەکرێت کە بیر و هزر و هەستی نەتەوەیی گەشەی کردبوو و پێشەوای کورد قازی موحەممەدیش پێشەنگایەتی ئەو بیر و هزرەی دەکرد و کۆماری کوردستانی لە زۆر بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی پێش خست و بنەمای کۆمارێکی دیموکراتیکی کوردی داڕشت کە ئیستاش کاریگەری بەسەر بیر و هزری کورد و نەوەی نوێ لە کوردستان هەیە و ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە خۆبردوویی و فیداکاری و هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی پێشەوای نەمر لە بیر ناکات و ئەو ڕێبەرە مەزنە بە یەکێ لە پێشڕەوانی بیر و هەستی نەتەوەیی لە کوردستان دەزانێت.

هەر چەند تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کەم بوو و ساڵێکی تێپەڕ نەکرد، بەڵام گەلێک ئەزموونی بۆ گەلەکەمان هێنایە کایەوە کە دەبنە بنەمای خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە داهاتوو دا، یەکێ لەو ئەزموونە بەنرخانە ئەوە بوو کە نابێ قەد پشت بەهێزی دەرەکی ببەستین، دەبێ هەمیشە گرینگی و باییخ بە ڕۆڵی کۆمەڵگا بدەین و سیاسەت و ئیستراتیژییەکان لە پێناو گەشەی کۆمەڵگا دابڕێژین و قازانج و بەرژەوەنی گەلەکەمان لەبەر چاو بگرین و وەک پێشەوای کورد لە خۆبردوویی و فیداکاری بخوڵقێنین و شانازی بەنەتەوەکەمان بکەین کە هەمیشە بیری پێشکەوتووخوازیی لە مێشکدا بووە و ڕۆڵی گرینگی گێڕاوە. کۆماری کوردستان دیموکراتیکترین کۆمار و حوکوومەتی سەدەی بیستەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو کە ئەوە لە خۆیدا بە دەستکەوت و سەرکەوتنێکی مەزن بۆ نەتەوەی کورد بەئەژمار دێت.

یەکێ لە ئەزموونەکانی دیکەی کۆمار و پێشەوای کورد ئەوە بوو کە نابێ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد ببێتە سووتەمەنی ئیستراتیژیی وڵاتانی زلهێزی جیهان و هێزە ناوچەیی و دەرەکییەکان، دەبێت نەتەوەی کورد یەکێتی نەتەوەیی ساز بکات و گوتاری سیاسیی و نەتەوەیی یەکبخات و پێگەی هێز و تێکۆشانی خۆی لە ناو کۆمەڵگادا بەهێزتر بکات و وەک هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا ڕۆلی گرینگ و کاریگەر بگێڕێت و لە کایە سیاسییەکاندا ڕۆڵی بەرچاو ببینێت و نەبێت بە سووتەمەنی ئیستراتیژی وڵاتانی دیکە.

پێشەوا قازی موحەممەد گرینگی و باییخی بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدا و بنەماکانی دیموکراتی لەناو ڕێکخراوەکانی کۆماری کوردستاندا بەهێز کرد و دەیان خزمەتی مەزنی بە نەتەوەی کورد کرد و ڕێکخراوەکانی یەکێتی لاوان و ژنانی پێک هێنا و پەرەی بەزمانی کوردی دا و دەیان قوتابخانە و ناوندی زانستی و ڕۆژنامە و گۆڤاری ساز کرد. هەنووکە هەوڵەکانی پێشەوا و ئەزموونی کۆماری کوردستان بووەتە چرای ڕێگای خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان و چالاکوانان و تێکۆشەرانی سیاسیی و نەتەوەیی گەلی کورد خۆیان لەسەر ڕێبازی پێشەوای کورد قازی موحەممەد دەزانن و ئەو پێشەوایە بە پێشڕەو و پێشەنگ و پێشەوای نەتەوەی کورد پێناسە دەکەن.

کۆماری کوردستان دەلاقەیەک بەڕووی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بوو و ڕۆڵی هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لەو کۆمارەدا دیار و بەرچاوە و هیوای ترووسکایی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکان بوو. کۆماری کوردستان لاپەڕەیەکی نوێی لە خەبات و بەرخۆدانی گەلەکەمانی تۆمار کرد و بە پێشکەوتووترین کۆماری کورد لە مێژووی هاوچەرخدا پێناسە دەکرێت و لەپاش ٦٨ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕۆخانی ئەو کۆمارە دا، ئیستاش کاریگەری بەسەر زۆر پارت و ڕێکخراوەی نەتەوەیی هەیە و بووەتە بنەمای خەبات و تێکۆشانی بەشێکی زۆر لە پارتە کوردستانییەکان و هەوڵدان بۆ سەر لەنوێ بوونیاد نانەوەی کۆماری کوردستان.

ئەو بەشە لە پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات کە ئەمڕۆ خۆیان بە میراتگری کۆماری کوردستان دەزانن و فەلسەفە و پەیامی کۆماری کوردستان بە بنەمای خەباتی خۆیان پێناسە دەکەن، دەبێ ئەمڕۆ لۆمەی خۆیان بکەن کە چەندە لە ڕێباز و هێڵی پێشەوا دوور کەوتوونەتەوە و پێویست بەخۆدا چوونەوە دەکات و هاوکات پێویستە کە داوای لێبووردن لە شەهیدانی کۆمار و پێشەوای کورد بکەن.

وڵاتانی زلهێزی وەک بریتانیا، ئەمریکا و تەنانەت یەکێتی سۆڤیەتیش لەپاش پێکهاتن لەگەڵ ڕژیمی ناوەندی بەو ئەنجامە گەییشتن کە هاوکاری کۆماری کوردستان لە بەرژەوەندی سیاسیی و ئابووری ئەواندا نییە و پێویستە کە پشتی کۆمار و نەتەوەی کورد بەردەن و هاوکاری ڕژیمی ناوەندی بکەن بۆ سەرکوت کردنی نەتەوەی کورد و ڕۆخانی کۆماری کوردستان. ژنێڕاڵەکانی بریتانی لە نزیکەوە پێشەوا قازی موحەممەدیان بینی بوو و هەستیان بە زیرەکی و لێهاتووی ئەو کردبوو و هاوکات پێشکەوتنەکانی کۆماری کوردستانیشیان بەچاوی خۆیان بینی بوو، هەر بۆیە سەرکەوتنی کۆماری کوردستانیان لە قازانج و بەرژەوەندی خۆیان نەدەبینی و هەستیان بە مەترسی ئەوە کردبوو کە ئەگەر کۆمار سەرکەوێت ئەوا دەستیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کورت دەبێتەوە و ناتوانن سەرمایەکانی ئەو بەشەی کوردستانیش ڕاماڵ بکەن. لەپاش بینینی پێشەوا قازی موحەممەد و ئاگادار بوون لە هەڵوێست و ڕوانگە و بیروبۆچوونەکانی پێشەوا ئیتر کەوتنە دژایەتی کردنی کۆماری کوردستان و تەنانەت نوێنەری بریتانیا لە کاتی دادگایی کارتۆنی پێشەوا و بەرپرسانی کۆماردا ئامادە بوو و دواتریش لەکاتی لە سێدارەدانی پێشەوا و سەیف و سەدری قازیش بۆ دڵنیا بوون لە شەهید بوونیان لەوێ بوو. بە پێی ئەو وێنانەی کە بڵاو کراونەتەوە پێشەوا قازی موحەممەد دووجار لە سێدارە دراوە، چونکوو بەدوو شێوە سیپاڵی جیاوازەوە بە هەڵواسراوەیی وێنەی لێگیراوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە شەهید بوونی پێشەوای کورد و دڵنیا بوون لە ڕۆخانی کۆماری کوردستان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پێشڕەوانی کورد.

پێویستە کە کۆماری کوردستان ببێتە بنەما و ئامانجی خەبات و تێکۆشانی هەموو پارتە کوردستانییەکان و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بۆ دووبارە بوونیاد نانەوەی کۆمار بخەنە گەڕ و لە هیچ هەورازونشیوێک سڵ نەکەنەوە و درێژە بە ڕێبازی پێشەوا بدەن، تاکە ڕێگا بۆ ئەوەش لەوە دەستپێ دەکات کە تێکەڕای لایەنە کوردییەکان گوتاری هاوبەش ساز بکەن و خەباتی خۆیان لەسەر یەک هێڵ چڕ بکەنەوە، ئەو هێڵەش ڕێبازی پێشەوا و کۆماری کوردستانە. دەبێ هەموومان ئەوە باش بزانین کە کۆماری کوردستان کۆمارێکی سەربەخۆیی کورد بووە و لەلایەن داگیرکەرانەوە ڕۆخێنراوە. ئەو لایەنەش کە دەستی لە ڕۆخان و لە داردانی پێشڕەوانی کورد و کۆماری کوردستاندا هەبووە بە دووژمنی مێژوویی نەتەوەکەمان پێناسە دەکرێت.

ئەو ڕاوبۆچوونانەش لە جێی خۆیاندا نین کە پێیان وایە تەنیا هۆکاری نێوخۆیی لەمپەری سەرکەوتنی کۆمار بووە و کۆمار بەهۆی کێشە و پەرتەوازەیی کوردەوە ڕۆخاوە، دیارە یەکگرتن بنەمای هەموو دەستکەوتێکی سیاسیی و ئابوورییە و لەسەر خستنی حوکوومەت و دەسەڵاتی سیاسییدا ڕۆڵی گرینگ و بەرچاو دەگێڕێت، بەڵام ئەگەر کۆماری کوردستان لەو قۆناغەدا هەموو نەتەوەی کورد لەگەڵی بوونایە هەر دەڕۆخا، چونکوو لەو دۆخە هەستیار و ناسک و دژوارەدا نەتەوەی کورد بە قۆناغێکی یەکجار نالەباردا تێپەڕ دەبوو و بزووتنەوەی کورد هیچ دۆست و پشتیوانییەکی لە ئاستی جیهانیی و ناوچەییدا نەبووە، لەبەر ئەوە لەو قۆناغەی مێژوودا پشتیوانی بەهێزی دەرەکی و یەکێتی ناوخۆیی تاکە ڕێگای سەرخستنی دەسەڵاتە سیاسییەکانی جیهان و ناوچەکە و بەتاییبەت ڕٶژهەڵاتی نێوەڕاست بووە. دیارە کورد ئیستاش پشتیوان و دۆستی ناوچەیی و جیهانیی نییە، بەڵام هەنووکە دۆخ و هەلومەرجەکە جیاوازە و ئاڵووگۆڕی قووڵ و بنەڕەتی بەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا هاتووە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و مەدەنییەکان لەسەر خستنی خەبات و تێکۆشانی نەتەوە بندەستەکان ڕۆڵی چارەنووسساز دەگێڕن و بەیەکێتی و یەکڕیزی و خەبات و تێکۆشانی هاوبەش دەستکەوتە مەزنەکان بەدی دێن و هێز و پێگەی کوردیش بە یەکێتی سیاسیی بەهێزتر دەبێت.

ئیستا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی لە گەشەی سیاسیی و ڕووداوی مەزن و چاوەڕوان نەکراوە و تێکەڕای زلهێزەکانی جیهانیش دەیانهەوێت کە خۆیان لەم ناوچە پڕ پیت و بەرەکەتە نزیک بکەنەوە و سرنجی نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. هەڵکەوتی سیاسیی و جوگرافی و ژئۆپلۆتیکی کوردستانیش لەناو هێلکەی دەسەڵات یان خود لەوزی دەسەڵات جێی گرتووە، ئەوەش گرینگی و باییخێکی یەکجار زۆری هەیە و جێی سرنجی زلهێزەکانە. لە سەدەی نۆزدە و بیستەم و بەتاییبەت لە سەردەمی شەڕی ساردا زلهێزەکان بۆ خۆنزیک کردنەوە لەو ناوچەیە کەڵکیان لە دیکتاتۆرە ناوچەییەکان وەردەگرت و هەر بەو مەبەستەش لەدژی شۆڕشەکانی کورد هاوکاری و پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستانیان دەکرد بۆ سەرکوت کردنی شۆڕش و بزووتنەوەکانی کورد. بۆ نموونە لەسەدەکانی نۆزدە و بیستەمدا بریتانییەکان و ڕووسەکان ڕاستەوخۆ لە دژی شۆڕش و بزووتنەوەی کورد شەڕیان کردووە و فرۆکەی شەڕکەریان هەڵساندووە، ئەمریکاش پشتی شۆڕشی کوردی نەگرتووە و تەنانەت بەهۆکاری نسکۆ هێنانی شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستانیش پێناسە دەکرێت.

بەڵام هەنووکە سیستمی نوێی جیهانی گۆڕاوە و ڕۆژئاوا درووشمی دیموکراتیزە کردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرز کردووەتەوە، هەرچەند ئەو درووشمە ئامانج و ئیستراتیژیی سیاسیی و ئابووری لە پشتەوەیە، بەڵام دەکرێ نەتەوەی کورد لەوەش کەڵک وەربگرێت و خەبات و تێکۆشانی خۆی لەو ڕاستایەدا بەرەو پێش ببات. یەکێ لە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد جێگیرکردنی دیموکراسی لە ناوچەکەیە، ئەوەش لەگەڵ سیستمی نوێی جیهانی یەک دەگرێت و لەیەک ڕاستا دان، بۆیە دەکرێ لەگەڵ ڕۆژئاوا خۆمان لە یەک بەرەدا ببینینەوە، بەڵام ئەوەش پڕۆژە و پلان و بەرنامەی تاییبەت و درووستی دەوێت، دەبێت وەک هێز کاریگەر بین و پێکەوە ڕۆڵی کایەکەری سیاسیی بگێڕین نەک ببینە ئەو سووتەمەنییەی کە لە دەسپێکی ئەم وتارە کورتەدا ئاماژەم پێ دا. دەبێ ئەو خاڵەش لەبەر چاو بگرین کە کێشەی کورد دیموکراسی نییە، کێشەی ئێمە کێشەی نەتەوەیەکی بندەستە کە خاکەکەی داگیرکراوە و دەچەوسێتەوە، بۆیە دەبێت ئیستراتیژی سیاسیی لەو پێناوەدا دابڕێژین و هێزەکانی دیکەی جیهانیی و ناوچەیی بەکار بهێنین بۆ بەدەست هێنانی دەستکەوتی مەزن. لە ڕاستیدا دیموکراسی کێشەی پاش ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانە. لە هیچ دۆخێکدا دیموکراسی کێشەی نەتەوەیی کورد چارەسەر ناکات، بەڵکوو بەشێوەیەکی گشتی دۆخی مافی شارۆمەندی دەگرێتەوە و بنەماکانی لەسەر پێوەری زۆرینە و کەمینە دامەزراوە کە ئەوەش لە بەرژەوەندی نەتەوە بندەستەکاندا نییە.

هەنووکە ئاڵووگۆڕەکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندنی کورد بەرەو پێش دەچێت و بەشێک لە دووژمنەکانی کوردیش لە دژایەتی کردنی نەتەوەکەمان ماندوو بوونە و بەدوای ڕێگەچارەی گونجاو و لەباردا دەگەڕێن کە ڕێگای چارەسەرییەکە ئاسان و قورس لە سەریان نەکەوێت و نەتەوەی کورد دەستکەوتی کەمتر بەدەست بهێنێت، دیارە هەڵگەڕانەوەی داگیرکەران هۆکاری تاییبەت بەخۆی هەیە، چونکوو ئابووری بەشێک لەوان لاوازە و بەشێکی دیکەیان لە قەیرانی سیاسیی دان، ئەوەش دەرفەتە بۆ نەتەوەی کورد کە دۆخەکە بقۆزێتەوە و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت. لە لایەکی دیکەوە خاکی کوردستان خاکێکی دەوڵەمەند و بەپیتە کە دەیان سەرمایە و کانزای بەنرخی وەک زێڕ، ئاسن، نەوت، گاز و بەردی بەنرخی تێدایە و خاک و ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ لەبار و گونجاوە، ئەوەش دەبێتە خاڵی لێکنزیک کردنەوەمان لەگەڵ ڕۆژئاوا، چونکوو ئەوان زانستی پیشەسازییان هەیە و ئێمە کانزا و نەوت و گاز و… هتد. بەڵام بۆ ئەوە کە بتوانین لەگەڵ ڕۆژئاوا و وڵاتانی دەرەکیی دیکەدا کایە بکەین، دەبێ سرنجیان ڕابکێشین، ڕاکێشانی سرنجیش بەو شێوە دەبێت کە هێز و پێگەی خۆمان بەهێز بکەین و ڕۆڵی گرینگ لە ناوچەکە بگێڕین و یەکێتی نەتەوەیی ساز بکەین و هەموو هێزە کوردییەکان لە پێناو یەک ئامانج و ئیستراتیژی هاوبەشدا خەبات بکەن، بەچەشنێک کە بەبێ ئێمە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر نەکرێن، ئەوەش تەنیا بە لەبەر چاو گرتنی پەیام و وتە بەنرخەکانی پێشەوا و ئەزموونی کۆماری کوردستان بەدی دێت.