رێکه‌وتننامه شوومه‌که‌ی 1975 ی ئه‌لجه‌زایر وئاکامه کاره‌ساتاوییه‌کانی بۆ سه‌ر کورد. لوقمان زەهرایی
ئه‌م ساڵ 39 هه‌مین ساڵی ئیمزاکردنی رێکه‌وتننامه شوومه‌که‌ی 1975 ه که به په‌یماننامه‌ی ئه‌لجه‌زایر ناسراوه.
له‌و رێکه‌وتننامه شوومه دا که له نێوان ده‌وله‌تی ئێرانی ژێر ده‌سه‌لاتی مه‌حه‌ممه ره‌زا شای په‌هله‌وی وعێراقی ژێر ده‌ستی حیزبی به‌عس دا که سه‌دام حوسێن نوینه‌رایه‌تی ده‌کرد، نه‌ته‌وه‌ی کورد کرا به قۆچی قوربانی سیاسه‌ته چه‌په‌ڵه‌کانی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌ی کوردستان و ده‌وله‌ته زل هێزه‌کانی که به‌رژه‌وه‌ندییان له‌و رێکه‌وتننامه داهه‌بوو.
له رۆژی 6 ی مارسی 1975 به نێوبژیوانی ده‌وله‌تی ئه‌لجه‌زایر به سه‌رۆک کۆماری ” هۆواری بومه‌دین” ئه‌و رێکه‌وتننامه له ئه‌لجه‌زایر ئیمزا کرا وئاکامه‌کانی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد به گشتی وبۆ کوردی باشور و رۆژهه‌لاتی کوردستان به تایبه‌تی کاره‌ساتاویی بوون وکوردیان تووشی قه‌تله‌عام و ماڵ وێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری وبێ مافی هه‌رچی زیاتر کرد وله راستیدا سیاسه‌تی ژێنۆسایدی کورد به‌رهه‌می سه‌ره‌کی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌یه شوومه بوو.
ئه‌و رێکه‌وتتنامه به ڕواله‌ت له بابه‌ت کێشه‌ی سنوری عه‌رزی وئاوی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته بوو که سالانێکی زۆر وپێشتریش چه‌ند جار تووشی شه‌ڕ وپێکهه‌ڵپرژانی کردبوون وگرژی وئالۆزێکی زۆری سیاسیان له مابه‌ین دابوو.
ڕووداوه‌کان وئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که دوای ئه‌و رێکه‌وتتنامه نه‌سیبی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو، ده‌ری خست که ئامانجی سه‌ره‌کی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته داگیره‌که‌ری کوردستان تێکشاندن وله ناوبردنی شۆرشی ڕزگاری خوازی گه‌لی کورد له‌و سه‌رده‌م دا به پله‌ی یه‌که‌م له باشور وبه پله‌ی دووهه‌میش له رۆژهه‌لاتی کوردستان بوو.
ئه‌و خاڵانه‌ی که له‌و رێکه‌وتننامه دا هه‌ر دووک ده‌وله‌ت له سه‌ری رێکه‌وتن به شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
1. نیشانه کردن و دیاری کردنی سنوره‌کانی عه‌رزی له سه‌ر بنه‌مای پرۆتۆکۆلی ئیمزاکراوی ئیستانبول له 1913 که له نێوان ده‌وله‌تی ئه‌و کاتی ئێران وده‌وله‌تی عوسمانی ئیمزا کرابوو و ده‌با سالی 1914 جێ به‌جێ کرابا.
2. سنوره‌کانی ئاوی له سه‌ر بنه‌مای هێلی تالۆگ (خط القمر) دیاری بکرێن.
3. ئاسایشی دوو ده‌وله‌ت به درێژایی سنوره‌کانی هه‌ر دووک لایه‌ن دابین بکرێ وچاوه‌دێری ورد وکاریگه‌ر به سه‌ر سنوره‌کانی هاوبه‌ش دابکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی له دزه‌کردنی ئاژاوه‌گێران وتێکده‌ران به‌رگری بکرێ.
4. هه‌ردووک لایه‌ن به‌رعۆده بوون که خاڵه‌کانی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌که به ته‌واوی جێ به جێ بکه‌ن و هه‌رجۆره پاشه‌کشه‌یه‌ک له جێ به‌جێ کردنی ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌و خاڵانه ده‌بوو به هۆی سه‌ر نه‌که‌وتنی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌یه.
جێگای ئاماژه پێکردنه که دوای سه‌رکه‌وتنی شۆرشی گه‌لانی ئێران به سه‌ر ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی له 1979، سه‌دام حوسین له به‌رامبه‌ر دوربینه‌کانی ته‌له‌ڤیزیۆن دا ئه‌و رێکه‌وتننامه‌ی دڕاند وبه ناقانونی و داسه‌پاو وه‌سفی کرد و ڕایگه‌یاند که حکومه‌ته‌که‌ی رێزی لێ ناگرێ. دوای هه‌ڵایسانی شه‌ڕی نێوان عێراق وئێران له 1980 وته‌واو بوونی له 1988، جێ به جێ کردنی ته‌واوی خاڵه‌کانی نێو ئه‌و رێکه‌وتننامه شوومه هه‌روا به نیوه چلی ماوه‌ته‌وه وهێشتا به ته‌واوی جێ به جێ نه‌کراون. له‌و رۆژانه دا وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری سێداره وعێراق له به‌غدا کۆبونه‌وه وبۆ جێ به جێکردنی هه‌موو خاله‌کانی ناو ئه‌و رێکه‌وتننامه، به تایبه‌ت دیاری کردنی هێلی سنوری ئاوی وعه‌رزی نێوان هه‌ردووک لا کۆمه‌لێک باس وخواسیان کرد وقه‌رار وایه بۆ ئیمزاکردنی رێکه‌وتننامه‌ی کۆتایی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ردانی تاران بکا وبه قه‌ولی خۆیان ئه‌و کێشه‌یه ببڕنه‌وه.
به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک به خاله‌کانی رێکه‌وتننامه‌ی 1975ی ئه‌لجه‌زایر و ڕووداوه‌کانی دوای ئه‌و، به ته‌واوی ناوه‌رۆکی چه‌په‌لی ئه‌و رێکه‌وتننامه شوومه ده‌رده‌که‌ون وئاکامه تراژیدیه‌ه‌کانی له چه‌ندین بواره‌وه شرۆڤه ده‌که‌ین.
یه‌که‌م: پشت گوێ خستنی رێکه‌وتنی نێوانی پارتی دێموکراتی کوردستان وده‌وله‌تی عێراق به سه‌رۆک وه‌زیری سه‌دام حوسێن که به به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری 1970 ناسراوه. له‌و رێکه‌وتننامه دا دان به کورد وبه زمانی کوردی وبه به‌شێک له مافه‌کانی کورد داننرابوو. ئه‌وه‌ی جێگای سرنجه، ناوه‌رۆکی ئه‌و رێکه‌وتننامه هیچکات له کرده‌وه دا جێ به جی نه‌کران وده‌وله‌تی عێراق تا ئیمزاکردنی رێکه‌وتننامه‌ی ئه‌لجه‌زایر ده‌ستی له شه‌ڕفرۆشی وداگیرکاری له هه‌مبه‌ر کوردی باشور هه‌ڵنه‌گرت وبه کرده‌وه ناوه‌رۆکی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌یه به‌تاڵ کرابۆوه. له دوای رێکه‌وتننامه‌ی 1975 رێژیمی پاشایه‌تی ئێران ده‌ستی له پشتگری سیاسی ومالی شۆرشی کورد له باشور هه‌ڵگرت و دوو رێگای له به‌رده‌میان دانا. یان چه‌ک دانان وته‌سلیم بوون وچوون بۆ ئێران و دوورکه‌وتنه له سنوره‌کان وهه‌لبژاردنی ژیانی ئوردوگانشینی وئاواره‌یی یان به‌ستنی سنور به ڕوویاندا و پاڵ پێوه‌نانیان بۆ ئه‌وه‌ی به هیچ جۆرێک له سنوره‌کانی ئێران نزیک نه‌که‌ونه‌وه وبگه‌رێنه‌وه بۆ عێراق.
دووهه‌م: ئاش به‌تاڵ وهه‌ره‌س هێنانی خه‌باتی ڕزگاری خوازی کورد له باشور وته‌سلیم بوون وهه‌ڵبژاردنی ژیانی ئوردوگانشینی وئاواره بوون وپه‌نابردنی به هه‌زاران کوردی باشور بۆ ئێران وله ئوردوگاکان ودوایه‌ش له شاره‌کانی ئێران نیشته‌جێ بوونیان بوو به هۆی ئه‌وه که ته‌لاری کۆشکی هیواوئاره‌زووه‌کانی کوردانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان تێک بروخێ و کورد وکوردستان به گشتی تووشی کاره‌ساتی سیاسی وفه‌رهه‌نگی وئابوری وکۆمه‌لایه‌تی قه‌ره‌بوو نه‌کراوه هات که تاکوو ئه‌مرۆش ئاسه‌واره‌کانی به ته‌واوی هه‌ر ده‌بینرێ. ده‌وله‌تی عێراق له رێگای کرده‌وه‌ی سه‌ربازییه‌وه به گورجی ده‌ستی به سه‌ر هه‌موو ناوچه ئازادکراوه‌کانی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان داگرته‌وه وده‌ستی کرد به سوتاندن وروخاندنی گۆنده‌کانی سه‌ر سنور به درێژایی سنوره‌کانی باشور و رۆژهه‌لاتی کوردستان وتا قوڵایی ده‌یان کیلۆمیترهه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی به ناوچه‌ی قه‌ده‌غه کراو ناودێر کرد وهیچ کوردێک بۆی نه‌بوو به‌و ناوچانه دا تێپه‌ڕ بێ وبه ته‌واوی میلیاریزه کرابوون وبه هه‌زاران سه‌ربازی عێراقی ئه‌و ناوچانه‌یان داگیرکردبوو.
سێهه‌م: سیاسه‌تی ڕاگوازتن وته‌عریب وپاکتاوی نژادی وزمانی له دژی کورد له که‌رکوک وشاروگونده‌کانی سه‌ر به‌و پارێزگایه که پێشتر له شێسته‌کانه‌وه ده‌ستی پێ‌کردبوو، له دوای هه‌ره‌س هێنانی شۆرش گروتێنێکی تازه‌ی به خۆوه گرت و له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال که به سیاسه‌تی ژێنۆسایدی کوردی باشور ناسراوه به هه‌زاران کوردی له سه‌رماڵ وحال وزێدونیشتمانی خۆی ئاواره وڕه‌وانه‌ی ئوردوگا زۆره ملیانیان کرد و 182.000 که‌س که‌وتنه به‌رشلاوی کوشتن وبێ سه‌رو شوینکردن. به‌کارهێنانی به ده‌یان جار له چه‌که قه‌ده‌غه کراوه‌کانی له چه‌شنی ناپالم وشیمیایی له دژی خه‌لکی گونده‌کان وهێزی پێشمه‌رگه و لوتکه‌ی ئه‌و تاوانه دژه ئینسانیه هه‌له‌بجه‌یه که رێژیمی روخاوی به‌عسی کاره‌ساتێکی وای تووشی خه‌لکی ئه‌و شاره کرد که تاکوو ده‌یان ساڵی دیکه ئاسه‌واره‌کانی کومه‌لایه‌تی وته‌ندروستی وژینگه‌ی وسایکۆلۆژی له سه‌ر تاکی کورد هه‌ر ده‌مێنێ.
سیاسه‌تی له ناوبردنی زمان وناسنامه‌ی کوردی له خویندگا ومه‌دره‌سه‌کان وئیداره‌کان وناوشاره‌کان به خه‌ستی ده‌ستی پێ‌کرد و خه‌لکیان به زۆره ملی ده‌کرد به ئه‌ندامی حیزبی به‌عس ویان ده‌با جاسوسیان کردبا. سیستمی جاشێتی به هۆی ئاواره‌یی هه‌زاران گوندی بۆ ئوردوگا زۆره ملییه‌کان و نه‌بوونی کاروکاسبی ونه‌بوونی هیچ جۆره سه‌رچاوه‌یه‌کی داهات بۆ بژێوی بنه‌ماڵه‌کان، وای کردبوو که ژوماره‌ی چه‌کداره کورده‌کان که به ”جاش وفرسان وجه‌یشی شه‌عبی” پێناسه ده‌کرا له هه‌زاران که‌س تێپه‌رێ.
چواره‌م: بواری سایکۆلۆژی مرۆڤی کورد به ته‌واوی وێران کرابوو. بنه‌ماڵه نه‌بوو که شه‌هید وبریندار ونوقسان وئه‌نفال کراوی نه‌بێ و خه‌لك ناهومێد وهیوابڕاو بوون. له لایه‌ن عه‌ره‌به‌کان وبه‌عسیه‌کان وه‌کوو ئاژه‌ل له گه‌ڵ تاکی کورد هه‌ڵس و که‌وت ده‌کرا وکه‌مترین مافیان پێ ڕه‌وا نه‌ده‌یتن وده‌با هه‌موویان مل شۆری حیزبی به‌عس و شه‌خسی سه‌دام حوسێن بان وبه به‌ژن وباڵای ئه‌وییان هه‌ڵکوتبا ودوعایان بۆ ژیان وگوزه‌رانی ئه‌و دیکتاتۆره کردبا.
پێنجه‌م: بواری ئابوری کوردستان، ژێرخانی ئابوری کوردستان به‌هۆی وێڕان کردنی چه‌ند هه‌زار گوند وئاواره کردنی به هه‌زاران گوندی و ڕاگواستنیان به زۆر ملی بۆ ناو ئوردوگا زۆره ملییه‌کان وبۆ ناو شاره‌کان به ته‌واوی لێکهه‌ڵته‌کابوو. مرۆڤی کوردی گوندی به تایبه‌ت له به‌رهه‌م هێنه‌ره‌وه بوو به به‌کارهێنه‌رێکی بێ که‌ڵک وکوردستان هیچ جۆره پێشوه‌چوونێکی ئابوری وکشت وکالی تێدا نه‌ده‌کرا وهیچ جۆره کارگه وکارخانه‌یه‌ک نه‌بوو که ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه بێکاره بحاوێنێته‌وه وکاریان بۆدابین بکا. حکومه‌تی به په‌ره‌پێدانی سیستمی جاسوسی وجاشایه‌تی وبه پشتگری کۆمه‌لێک له ئاغا وعه‌شیره‌ته‌کان شه‌ڕی هیزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی هه‌م پێش ئاش به‌تاڵ وهه‌میش به تایبه‌تی دوای ئاش به‌تاڵ به جاشه‌کان ده‌کرد وکوردی به ده‌ستی کورد به کوشت ده‌دا وبه‌و جۆره دوژمنایه‌تی زیاتری ده‌خسته نێو ریزی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای کوردی.
شه‌شه‌م: هه‌ره‌س هێنانی شۆرشی باشوری کوردستان بۆ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش کاریگه‌ری ره‌وانی وفه‌رهه‌نگی و سیاسی وئابوری به ڕاده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر هه‌بوو وله‌و نێوه دا خه‌باتی ڕزگاری خوازی له رۆژهه‌لات که‌وتبوو ژێر ته‌وژم وهێژمونی ده‌سه‌ڵاتی باشور وپه‌یوه‌ندییه‌کانی سه‌رکردایه‌تی شۆرش له گه‌ڵ رێژیمی ئێران وله گه‌ڵ ساواک وئه‌رته‌شی ئێران وایکردبوو که ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان نه‌توانن به ئاشکرا خه‌باتی سیاسی وچه‌کداری له دژی رێژیمی حه‌مه ره‌زاشا بکه‌ن وله نێوان به‌رداشی شۆرشی باشوری کوردستان ورێژیمی حه‌مه‌ره‌زاشا گیریان کردبوو. رێژیمی حه‌مه‌ره‌زاشا بۆ کۆنترۆلی خه‌باتی سیاسی وته‌شکیلاتی وته‌نانه‌ت چه‌کداری حیزبی دێموکرات زه‌ختی ده‌خسته سه‌ر سه‌رکردایه‌تی شۆرشی باشوری کوردستان وئه‌وانیش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان زه‌خت و گوشاریان ده‌خسته سه‌ر ئه‌ندامانی حیزبی دێموکرات که جموجۆلی ته‌شکیلاتی وسیاسی وبه تایبه‌ت چه‌کداری له دژی رێژیمی شای ئێران نه‌که‌ن.
له راستیدا به‌رێوه‌چوونی سیاسه‌تێکی له‌وچه‌شنه له لایه‌ن رێژیمی حه‌مه‌ره‌زاشاوه وزه‌خت خستنه سه‌رپارتی دێموکراتی کوردستان بۆ به‌رگری کردن له خه‌باتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه ودووبه‌ره‌کی له نێوان کورده‌کانی باشور و رۆژهه‌لاتی کوردستان بوو که هه‌ردووک لایه‌ن له خه‌بات وبه‌رخۆدان دابوون بۆ ڕزگار بوون له ده‌ستی داگیرکه‌ر.
ئه‌نجامی ئه‌و باسه ئه‌وه ده‌رده‌خا که قوربانی سه‌ره‌کی رێکه‌وتننامه شوومه‌که‌ی 1975ی ئه‌لجه‌زایر نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆوه به گشتی وهه‌موو ئه‌و کاره‌سات وتراژیدییانه‌ی به سه‌ر کورد به تایبه‌تی له باشور هاتووه ده‌رئه‌نجامی ئه‌و رێکه‌وتننامه شوومه‌یه. ئێستا ئیدی کوردی باشور خاوه‌ن جێگه وپێگه‌یه‌کی گرینگه له عیراق وناوچه‌که ونابێ هه‌روا سووک وهاسان چاولێکه‌ری ئه‌وه بن که ده‌وله‌تی عێراق وکۆماری سێداره باس له جێ به جێکردنی به ته‌واوی خاله‌کانی نێو ئه‌و رێکه‌وتننامه شوومه بکه‌ن. به پێچه‌وانه نه‌ته‌وه‌ی کورد به گشتی وحیزبه سیاسیه‌کانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به تایبه‌تی وبه‌تایبه‌تی تر ده‌سه‌لاتی هه‌رێمی کوردستان وحیزبه سیاسیه‌کانی ورێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کانی ده‌بێ له دژی ئه‌و رێکه‌وتننامه و زیندووکردنه‌وه ڕابوه‌ستن و ره‌سواوشه‌رمه‌زاری بکه‌ن وداوا بکه‌ن که ده‌وله‌تانی عیراق وئێران داوای لێبوردن له نه‌ته‌وه‌ی کورد بکه‌ن وخه‌ساره‌ت و قه‌ره‌بووی مالی هه‌موو ئه‌و زیانانه بکه‌نه‌وه که به خه‌لکی شاروشارۆچکه وبه تایبه‌ت به گونده‌کانی کوردستانیان گه‌یاندووه. ده‌بێ رێکه‌وتننامه‌ی شوومی ئه‌لجه‌زایر وه‌کوو به‌ڵگه‌یه‌کی تاوان وجه‌نایه‌ت وژێنۆساید سه‌یربکرێ وله کۆروکۆمه‌له نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان وله رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتۆکانیش داوا بکرێ که له‌و باره‌وه به قازانجی کورد هه‌ڵویست بگرن وپشتی داواکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بگرن بۆ سه‌ربه‌خۆیی وڕزگار بوون له چنگی داگیرکه‌رانی کوردستان.
لوقمان زه‌هرایی
8.3.2014