سەربەخۆیی کوردستان لە قۆناخی هەنووکەییدا. جەماڵ عەڵیاڵی

ماوەیەکە باسی بابەتی سەربەخۆیی کوردستان، لە ڕاستییدا سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە لایەن مەسعوود بارزانییەوە هاتۆتە ئاراوە. لە سەر ئەوە هیچ گومانێک نیە کە ئەوە ئاوات و خەونی دێرینی نەتەوەی کوردە.

تا ئێستا هەر کوردێکی کە بە مردنی سرووشتی، بە هۆی نەخۆشی یاخود ڕۆداوی دڵتەزێن نەگەرابێتەوە دلۆوانی خۆ، لەوانەیە کە لە پێناو وەدیهاتنی ئەو خەونە زێرینە، گیانی بەخت کردبێت و پێوەستی کاروانی شەهیدان بووبێت. پێویستە دوور لە ڕوانگەی هەست و خوازیارییەوە ئەو بابەتە لە باری زانستییەوە شڕۆڤە بکرێت بە مەبەستی هەڵبژاردنی ڕێگەی بەوەج. ئەو نووسراوە کورتە، هەوڵێکە بۆ ورووژاندنی لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانە لە لایەن ئەو پسپۆرانەی هۆشمەندی و توانایی فیکریان هەیە بۆ هەستان بەو ئەرکە.

بۆ ئەوەی کە وڵاتێک بخوازێ سەربەخۆ بێت، پێویستە چەند مەرج هەبێ کە وەکوو ئەستووندە “سەربەخۆیی” لەسەر بینا دەکرێ، سەربەخۆیی نەک کۆلۆنیاڵیسمی پۆسمۆدەرن! دوو لەو مەرجانە گرینگی تایبەتییان هەیە. بۆ هاسانکاری زیاتر، ئەو دوو مەرجە بە تەکنیکی و ستراتێژیکی ناودەبەین. ئەو دوو مەرجە گرینگی تایبەتی دەبەخشنە بیرۆکەی سەربەخۆیی. هەبوونی دەزگا یاخود سیستمی دامەزراوە، بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و هەبوونی ئابووری پتەو دەگەڕێتەوە سەر بەشی یەکەم. هەبوونی هەستی نەتەوایەتی و هەوڵدانی بە کردەوە، بۆ وەدی هێنانی ئەو بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە سەر بەشی دووهەمی پێداویستیەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزە.

کاتێک دوو دەزگای جیاواز- لە ڕاستییدا دوو حکومەتی جیاواز- لە باشوور هەیە، کاتێک پارتی و یێکێتی هەرکام هیزی سوپایی جیاوازیان هەیە، کاتێک خەڵک لە هێندێ باژێر و گوند قۆڵیان هەڵدەماڵن و بۆ نموونە، قوتابخانە بۆ مناڵەکانیان ساز دەکەن ئەویش بە دوو ناوی جیاواز، کاتێک لە هەر بەشێکی باشوور جۆرە یاسایەک بڕەوی هەیە، کاتێک ئێستا پاش نزیکەی ٢٠ ساڵان هێشتا زانست دەرفەتی پەرەسەندنی لە ناو کۆمەڵگادا پێنەدراوە، کاتێک ئابووری باشوور چیتر نیە جگە لە فەرهەنگی مەسرەفی لە دۆخیکدا کە بەرهەمی خۆماڵی چ بایخی نیە و لە تەپڵی سەر تا بەری پێ وابەستەی تورکیا و ئێرانە، … هتد، دەتوانین بوێژین لە باشوور سیستەمێکی یەکدەست، تێوەگلاو دەگەڵ ئابووریێکی پتەو بۆ بەڕێوەبەری کۆمەڵگا پێکنەهاتووە.

کاتێک گشت لایەنەکانی سیاسی باشوور هەرکام دەگەڵ یەک لە داگیرکەران پێوەندیان هەیە و خاوەندارێتی لە ئاڵای خۆ ناکەن، کاتێک دەزگای باشوور بۆ بەرژەوەندی خۆی هێزەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی مەجبوور بە خانەنشینی کرد، کاتێک دەزگای باشووڕ بۆ بەرژەوەندی خۆی لە کێبەرکێی باکوور، بە چوونی زەماوەندە مێژووییەکە و بە سازکردنی کۆپێکی خۆی، لایەنگری لە داگیرکەر کرد، کاتێک دەزگای باشووڕ بۆ بەرژەوەندی خۆی لە شەڕی مان و نەمانی ڕۆژئاوادا، هاوکات دەگەڵ خەندەقە مێژووییەکە و بە سازکردنی کۆپێکی خۆی کوردەکانی ڕۆژئاوای تەریک دەخاتەوە، کاتێک لایەنەکانی سیاسی باشوور لە سەر خاڵی سەرەکی، واتە “هەبوونی” کوردستان کێشەیان هەیە،… هتد، ئەو کات دەتوانین بوێژین کە هەستی نەتەوایەتی و هەوڵدانی بە کردەوە لە لایەن دەزگای باشوور ئەوەندە لاوازە کە چ بنەمایەکی ستراتێژیکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان یاخود پارچەیەک پێکناهێنێ.

 هۆکاری ئەو باس وخواسەی لەمەر سەربەخۆیی کوردستان هاتە ئاراوە چییە؟ وڵامی ئەو پرسیارە گرێ و گۆڵی زۆرە. بە بڕوای نووسەر زۆربەی ئەوەی کە لەوبارەوە بگووترێ و بنووسرێ وەکوو “تفی بەرەو ژوورە” بەڵام پێویستە جارێک، لە شۆێنێک یاخود کەسانێک ئەو باسە لە ڕوانگەیەکیتر بخەنە بەر چاوی خۆێنەر، بەو هیوایە کە بابەتەکە بە شێوەیەکی زانستییانە بکەوێتە ژێر نەشتەرگەری یەکەم بۆ تێگەیشتنی قووڵ، دووهەم بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی بنەڕەتی.

زۆر لەمێژە کۆلۆنیالیسم و نێئۆکۆڵۆنیالیسم بە پێناسەی پێشوو لە ئارادا نەماون. هەنووکە ئەرکی ئەو دوو ئاراستەیە لە سەر شانی سەرمایەی ناودەوڵەتییە. نەوت و گاز و کانزایەکانیتری کوردستان، لە باشوور بێت یاخود لە پارچەیەکیتر، بە مەرجی نەبوونی دەزگای بەڕێوەبەرایەتی، بە مەرجی نەبوونی هیمای نەتەوایەتی و بە مەرجی نەبوونی زانست و شارەزایەتی دەتوانێ ببێتە بە دەستەبەرێکی لێهاتوو بۆ وەرگێڕانی کوردستان، بۆ دەورەی نێئۆکۆڵۆنیالیسمی پۆسمۆدەرن، جا لە باشوور بێت یا لە پارچەیەکیتر.

نزیکەی دووساڵ لەمەوبەر بارزانی باسی گەندەڵی ناو دەزگای حکومەتی هەرێمی کرد و گفتی دا بە کوردستانیان کە بە یارمەتی هێزی خەلک، ئەو پرسە چارەسەربکات. ئێستا پاش دوو ساڵ لە سەر ئەو گوتارە نەتەنیا گەندەڵی چارەسەر نەبووە بگرە زیاتریش بووە و هاوکات دەگەڵ ئەوە، هەستی نارەزایەتی کوردستانیان لە باشوور زیاتر بووە. ئایا ئەو هەڵوێستەی بارزانی بێ ئەوەی کە بنەمایەکی پتەو بۆ دەسپێکی پڕۆسەکە دابمەزرێ، دەسپێشخەرییەک نەبووە بۆ بەرەنگاری هەر چەشنە نارەزایەتییک لە هەلوومەرجی ئێستادا بۆ پاراستنی کوورسی و تێڕوانینی عەشیرەتی؟ بەتایبەت پاش سەرکەوتنەکانی نەتەوەی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا سەرەڕای تێکڕمانی “بەهاری” عەرەبی؟

بە ڕای نووسەر، پێویستە ڕووناکبیری کورد بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و بە خۆێندنەوەیەکی مەنتیقی، بڕیاری خۆی بدات بەڵام بە ڕێز و حوورمەت بۆ هەر سیاسەتێک کە کوردستانیان لە باشوور بڕیاری بۆ بدەن. بە ڕای نووسەر، ئەوە کوردستانیانن کە بڕیاری خۆیان دەدەن بەڵام، ناسیۆنالیزمی کۆێرکۆێرانە و نا زانستییانە لە مەر سەربەخۆیی کوردستان ناتوانێ یارمەتیدەری دۆخی هەنووکەیی بێت کە نەتەوەی کورد، بەتایبەت لە باشوور پێیدا تێپەڕ ئەبێت. هەر بۆیە نووسەر ئەو پرسیارەی خوارەوە ئاراستەی ڕووناکبیران و شارەزایانی بواری “پێگەی سیاسەت لە سەردەمی نۆێدا” دەکات: کوردستانێک کە زۆربەی ئاوەدانییەکانی، بەتایبەت باژێرە مزنەکانی پڕە لە مۆڵگەی سوپایی و، ویستگەی سیخووری تورکیا و ئیران، کوردستانێک کە بە گرتنی درگاری “سنوور” لە لایەن داگیرکەرانەوە تەنانەت تەماتە و پیوازی لێ وەچەنگ ناکەوێت، کوردستانێک بە وەبەرچاوگرتنی ئەو دوو مەرجەی لە سەرووتر هاتوون، لە ئەگەری سەربەخۆییدا جگە لە پێکهێنانی وڵاتێک کە دەکەوێتە خانەی کۆلۆنیالیسمی پۆسمۆدەرن شتێکیتری لێ هەڵدەوەرێ؟ خاڵێکی مسۆگەر ئەوەیە کە ئەرکی ڕووناکبیرە کە باسی ئەو ڕوانگەیە بکات کە خەڵکیتر نایبینن یاخود چاوی لێ دەنووقێنن.

جەماڵ عەڵیاڵی