خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ( ٢٠١٤) درایە دوو چالاکوانی بواری منداڵان . رەزا شوان

رۆژی هەینی (١٠ /١٠ / ٢٠١٤)، لە شاری ( ئۆسڵۆ) ی پایتەختی ( نەرویج )، سەرۆکی لیژنەی بەخشینی خەڵاتی ئاشتی ( سۆربیون یاگلاند ) ناوی خەڵاتگرانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ( ٢٠١٤) راگەیاند، خەڵاتەشەش بە نیوەیی درایە، دوو چالاکوانی بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان و و مێردمنداڵان، هەردووکیان لە دژی چەوسانەوەی منداڵان و، رێ نەدان بە کچان کە بچنە قوتابخانە .. تێکۆشاون .
یەکەمین براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ( مالالا  یوسف زای ) یە، کە کچە لاوێکی خوێندکاری ( پاکستانی ) یە و، تەمەنی ( ١٧) ساڵە، ئیستا لە شاری ( بەرمەنگەهام ) ە لە ( بەریتانیا )  .. لە مانگی سێبتەمبەری ساڵی ( ٢٠١٢) دا، چەکدارانی بزووتنەوەی تالیبان لە پاکستان لە سەر ئەوەی کە ( مالالا ) داوای کرد مافەکا ی کچان نەخۆن و، پێویستە رێیان پێ بدەن بچنە قوتابخانە و بخوێنن و فێربن، گوزارشت لە رای خۆیان بکەن، بە نیازی کوشتن تەقەیان لێکرد و فیشەکێک بەر سەری کەوت بەڵام نەمرد ..
سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ ( یاگلاند ) لە بارەی ( مالالا ) وە گوتی : ” پێویستە منداڵان بچن بۆ قوتابخانە، ناشبێت بۆ پارە هەڵیان بخەڵەتێنن ”
مالالا یوسف زای ، کچە چالاکوانێکی تێکۆشەر و چاونەترسی پاکستانییە، بێ جیاوازی داکۆکی لە کچانی جیهان دەکات، کە مافی خوێندنیان هەیە، بە تایبەتیش لو کۆمەڵگا داخرا و دواکەوتووانەی کە رێگرن لەوەی کە کچانیان بچن بۆ قوتابخانە و بخوێنن .
باوکی مالالا، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ئامادەییە و، کاریگەری لەسەر مالالا هەبووە.

لە مێژووی ( ١١٤) ساڵەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ دا، مالالا یوسف زای تەمەن حەڤدە ساڵان، بچووکترین چالاکوانی براوەی ئەم خەڵاتەیە .. مالالا گوتی : ” زۆر شانازییە بۆ من، کە یەکەمین لاوم کە ئەم خەڵاتە وەردەگرم ” مالالا خان، خەڵاتەکەشی پێشکەش : ( بە هەموو ئەو منداڵانی بێدەنگن) ، مالالا ئەوەشی گوت : ” من شانازیش بە ئەوەوە دەکەم، کە یەکەمین کچە پاکستانیم و، یەکەمین ئافرەتی لاوم و، یەکەمین کەسیشم کە لەم تەمەنەدا، ئەم خەڵاتە وەردەگرم ” شایانی باسیشە، لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا، عەبدولسەلام، کە پاکستانییە، لە بواری فیزیادا، ( خەڵاتی نۆبڵ ) یان پێ بەخشی .. مالالا بوو بە دووەمین پاکستانی، لەوەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ دا .. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، مالالا داوای لە سەرۆک وەزیرانی هیندستان ( نارندرا مودی) و، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ( نەواز شەریف ) کرد، کە هەردووکیان لە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکە، لە رۆژی (١٠ / ١٢/ ٢٠١٤) دا، لە شاری ( ئۆسڵۆ ) ئامادەی ئاهەنگی پێشکەشکردنی خەڵاتەکەیان ببن .
کاتی راگەیاندنی خەڵاتەکە ، مالالا وەکو رۆژانی ئاسایی تر، لە قوتابخانە بوو، یەکسەر سەرۆک وەزیرانی پاکستان ( نەواز شەریف ) لە بەیانامەیەکی گشتیدا، کە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاوی کردەوە، نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ مالالا  نارد، ئەوەشی تێدا نووسیبووە، کە : ” ئەم سەرکەوتنەی مالالا، مایەی شانازییە بۆ پاکستان و بۆ باکستانییەکان .. ”
( ئەحمەد شای ) مامۆستاشی پیرۆزبایی لێکرد و گوتی : ” مالالا مایەی شانازییە بۆ هەرێمی خیبەر باختونخوا و بۆ پاکستان ” گوتیشی : ” مالالا  لە دژی ستەمی کۆمەڵ دەنگی هەڵبڕی، کە ئافرەت ناتوانێت گوزارشت لە رای خۆی بکات ”
مالالا، لە تەمەنی ( ١١) ساڵاندا، ناسرا و ناوبانگی دەرکرد، ئەو کاتەی کە کەناڵی ( بی بی سی ئۆردو ) سەرکۆن و رەخنەی لە بزووتنەوەی تالیبان کرد، کە رێگرن لەوەی کە کچان بچن بۆ قوتابخانە و بخوێنن و فێربن .
سەرەرای ئەوەی بە سەدان، لەسەر تۆڕی ئەلیکترۆنی ( تویتەر ) و ( فەیسبووک ) دا، بە سەدان هاوڕێ و دۆستی، دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێکرد و بە شایانی وەرگرتنی ئەم خەڵات و رێزلێنانەیان زانی .. بەڵام کەسانێکیش هەن کە پێیان وایە چالاکییەکانی مالالا، لە ئاستی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا نییە .. کچان و ژنانی لەو چالاکتر هەن .
سەرۆکی پارتی گەلی پاکستانی ئۆپۆزیۆنش، بیلاوال بۆتۆ زاردای گوتی : ” مالالا کچی پاکستانە .. باڵیۆزی ئاشتییە .. ئێمە شانازی پێوە دەکەین .. مالالا پاڵەوانێکی نەتەوەییە .. بژی باکستان ..” ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستانیش، ئاسیف زارداری گوتی :
” مالالا بووکی پاکستانە .. ئەی مالالا تۆ شایانی ئەم نازناوەی ”
براوەی دووەمی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پیاوێکی هیندییە ناوی ( کابلاش ساتیارسی ) یە تەمەنی ( ٦٠) ساڵە، ئەندازیاری کارەبایە، وەکو لیژنەکە بەخشینی خەڵاتەکە باسیان کرد، کابلاش ساتیارسی تا ئێستا سەرپەرشتی و پێشڕەوی چەندین خۆپێشاندانی لە دژی چەوسانەوە و کۆیلەکردنی منداڵان کردووە، بەڵام هەموو خۆپێشاندانەکانی بە شێوەیەکی ئاشتییانە بوونە، بەپێی ( باوەڕەکانی گاندی ) بوون .
کابلاش، سوپاسی لیژنەی نۆبڵی کرد، بە دانانی بە بارودۆخی ناهەمواری ملیونان منداڵ، کە بەدەم ئازارەوە دەناڵێنن .. کابلاش گوتیشی : ” ئەمە سەربەرزییە بۆ هەموو هاوڵاتییانی هیند، درێژە بە خزمەتکردنم دەدەم لە پێناوی خۆشی منداڵاندا ”
کابلاش، خەڵاتەکەشی پێشکەش بە منداڵانی قوربانیانی کۆیلە و ژێدەستە کرد .. ”
کابلاش ئەوەشی گوت : ” ئەمە رێزلێنانە لە هەموو ئەو منداڵانەی کە هێشتا بە دەم کۆیلایەتییەوە .. دەناڵێن ”
کابلاش شاتیارسی، دامەزرێنەری ( بزووتنەوەی رزگارکردنی منداڵی ) یە، کە نزیکەی دوو هەزار کۆمەڵە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ، لە (١٤٠) شاردا، تێدا ئەندامن .