گه‌ڵاله‌ی پێشنیاری بۆ لێک نزیک بونه‌وه و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو حیزبی دێموکرات (حدک وحدکا) لوقمان زه‌هرایی
سه‌ره‌تا: مه‌به‌ست له خستنه ڕووی ئه‌و گه‌ڵاله‌یه ته‌نیا بیرۆکه‌یه‌کی شه‌خسی خۆمه بۆ ئه‌وه‌ی به نۆره‌ی خۆم توانیبێتم به‌ردێک بخه‌مه سه‌ر به‌ردێک و له‌و رێگایه‌وه تێروانین و ڕوانگه‌کانی خۆم به نیسبه‌ت کێشه‌ی دوو حیزبی دێموکرات بخه‌مه ڕوو.
ئامانج له‌و کاره‌ش هیچ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆمی تێدا نیه وهیچکه‌س ولایه‌نێکیش هانده‌رم نه‌بوون بۆ ئه‌و کاره وته‌نیا وته‌نیا بیرۆکه‌ی خۆمه و هیوام یه‌کریزی ویه‌کده‌نگی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێک نزیک بونه‌وه وئاشت بونه‌وه و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ی که ماوه‌ی چه‌ند سالێکه لێکدابڕاون گه‌لێک گرینگ وچاره‌نووس سازه وکاریگه‌ری راسته وخۆی له سه‌ر ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی له رۆژهه‌لاتی کوردستان هه‌یه. به‌داخه‌وه ئه‌و لێکترازانانه بۆنه‌ته هۆی دروست بوونی کۆمه‌لێک گرژی و ئالۆزی له سه‌ر ئاستی گۆره‌پانی سیاسی رۆژهه‌لاتی کوردستان که ڕاسته وخۆ کاریگه‌ری زۆر خراپیان له سه‌ر هه‌ل و مه‌رجی سیاسی و مافه‌کانی کورد وچاره‌نووسی ئه‌و پارچه له نیشتمانی داگیرکراوی کوردان داناوه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌کوو کۆنترین حیزبی کوردی یه‌کێک له‌و حیزبانه‌یه که به داخه‌وه به هۆی کۆمه‌لێک ڕووداوی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی خوازراو ونه‌خوازراو له ماوه‌ی 69 سال ته‌مه‌نیدا دا چه‌ندین جار تووشی لێک‌دابڕان ولێکترازانی ریزه‌کانی بووه وئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که له زۆر بواره‌وه خه‌باتی کورد له رۆژهه‌لاتی کوردستان تووشی خه‌ساری قه‌ره‌بوو نه‌کراوه بێ وله ئاکامیشدا زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کی کوردی رۆژهه‌لات بووه و قازانجیشی چۆته گیرفانی ده‌وله‌تانی حاکم به سه‌ر ئێران دا به شا و مه‌لاوه.
هۆکاری لێک‌دابران وجیابونه‌وه‌ی نێو ریزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران له دوای کۆنگره‌ی 13 به قه‌ولی به‌شێک له ئه‌ندامانی رێبه‌ری لایه‌نێکی دێموکرات له سه‌ر چۆنیه‌تی ئیداره کردن وبه‌رێوه بردنی حیزب بووه و نه‌ک له سه‌ر رێبازی سیاسی حیزب و به قه‌ولی لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ش ” له سه‌ر کورسی بووه”. ئێستاش دوای 8 ساڵ لێک‌دابڕان و ته‌جروبه کردنی کۆمه‌لێک رووداوی ناخۆش وقێزه‌ون که ته‌نیا هه‌ر دووک لایه‌ن لێێ زه‌ره‌مه‌ند بوون وکۆمه‌ڵانی خه‌لکی کورد له رۆژهه‌لاتی کوردستانیان تووشی بێ هیوایی وبێ بڕوایی کردوه، ئه‌و گرێ پووچه‌که‌یه هه‌ر نه‌کراوه‌ته‌وه و ئه‌و دوو حیزبه نایانتوانیوه سه‌ره‌رای داوای زۆری خه‌ڵکانی دۆست و دڵسۆز و کۆمه‌لێک له کادروپێشمه‌رگه کۆنه‌کانی حیزب که به شێوازی که‌مپه‌ین خوازیاری یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کانن کێشه‌کانیان له رێگای دانوستاندن ودیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت پێداگری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له مه‌ڕ به فه‌رمی نه‌ناسینی حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌کوو حێزبێکی سه‌ربه‌خۆ وناو هێنانی ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه به ” هاورێێانی پێشوو” و بایکۆت کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵان وبه گرتنه به‌ری سیاسه‌تێکی ناشیاو و به له‌جبازی نه‌یتوانیوه ئه‌و راستییه قه‌بول بکا که حیزبی دێموکراتی کوردستان چ له سه‌ر ئاستی کوردستان به گشتی وچ له سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه وه‌کوو حیزبێکی سیاسی به فه‌رمی قه‌بوڵ کراوه ومامله‌ی له گه‌ڵ کراوه وده‌کرێ. که‌وابێ ئینکار وبایکۆت کردنی ” حدک ” له لایه‌ن ” حدکا ” وه نه‌ک نه‌یتوانیوه ئه‌و حیزبه له مه‌یدانی سیاسی وه‌لا بنێ، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه سیاسه‌تی بایکۆت کردن له زۆر حاله‌ت دا به قازانجی ”حدک ” شکاوه‌ته‌وه و ”حدکا” زیانی لێ دیوه.
ماوه‌ی 2 سالێکه نێوانی ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حیزبه چ له کوردستان وچ له ده‌ره‌وه تا ڕاده‌یه‌ک ئاسایی بۆته‌وه وهاتوو چۆکردن و به‌شداری له شایی وشینی یه‌کتر وچاوپێکه‌وتن وبه یه‌که‌وه کۆبونه‌وه له کۆمه‌لێک کۆبونه‌وه ودانیشتن دا فه‌زای گرژ وته‌ماوی تا ڕاده‌یه‌ک ڕه‌واندۆته‌وه، دیاره ئه‌ویش به زۆری له نێو به‌ده‌نه‌ی هه‌ردووک حیزب دایه نه‌ک له سه‌ر ئاستی رێبه‌ری دا. د‌ڕدوندگی وبێ متمانه‌یی و بێ بڕوایی له نێو رێبه‌ری هه‌ردووک حیزب دا به‌رده‌وامه و ئه‌و چه‌ند دانیشتنه‌ی که رێبه‌ری هه‌ر دووک لا چ له سه‌ر ئاستی سکرتێر وچ له سه‌ر ئاستی شاندی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌یانبووه چ ده‌سکه‌وتێکی ئه‌تۆی به‌دواوه نه‌بووه وکێشه‌کان به بێ چاره‌سه‌ری وه‌کوو خۆیان ماونه‌ته‌وه. بۆ تاوتوێ کردنی ئه‌و کێشه وگرفتانه ئاماژه کردن به چه‌ند خاڵی بنه‌ره‌تی که بوونه‌ته به‌ربه‌ست له به ئه‌نجام نه‌گه‌یشتنی ئه‌و دانیشتنانه وبێ ئاکام بوونیان پێویسته.
گرفتی سه‌ره‌کی له کۆبونه‌وه‌کان ودانیشتنی نێوان رێبه‌ری ئه‌و دوو حیزبه دا له‌وه‌دایه که لایه‌نێکی سێهه‌م وه‌کوو نێوبژیوان چ وه‌ک تاکه که‌س وچ وه‌ک رێکخراوێکی مه‌ده‌نی یان سیاسی که جێگای بڕوا ومتمانه‌ی هه‌ردووک لایه‌ن بێ وبه ته‌واوی بێ لایه‌نیش بن به‌رچاو ناکه‌وێ و ده‌رئه‌نجامی دانیشتنه‌کان به راستی روون نیه که باسی چی‌یان کردووه وچه‌نده چوونه‌ته پێش. هه‌رچه‌ند حیزبی دێموکراتی کوردستان ”حدک ” گه‌ڵایه‌کی پێشکه‌ش به حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ” حدکا ” کردوه که ببێته بنه‌مای دانوستاندن و یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزب، به‌ڵام لایه‌نی حدکا چ نوسراوه‌ێکی به فه‌رمی نه‌خستۆته به‌رده‌م بیروڕای گه‌شتی وئه‌وه‌ی بلاوبۆته‌وه زۆرتر زاره‌کی بووه و به‌س. ده‌کوترێ گۆیا داواکارن بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی 13ی حیزب بکرێنه به بنه‌ما بۆ دانوستاندنه‌کان و بۆ وه‌سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات. له پرسێکی ئاوا گرینگ دا و بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتن و گفتوگۆکان به‌ره‌پێشه‌وه بچن و ده‌رئه‌نجامی ئه‌رێنییان لێبکه‌وێته‌وه پێویسته چه‌ند خاڵی گرینگ و سه‌ره‌کی له‌به‌رچاو بگێرێن که وه‌کوو پێشنیاری خۆم ده‌یانخه‌مه ڕوو.
یه‌که‌م. ده‌ست نیشانکردن و رێگه‌دان به لایه‌نی سێهه‌م که به‌شداری کۆبونه‌وه‌کانی نێوان دێموکراته‌کان بێ. ئه‌و لایه‌نه ده‌توانێ که‌سێک یان چه‌ند که‌سێکی خۆشناو ونیشتمانپه‌روه‌ر بن که هه‌م به ته‌واوی بێ لایه‌ن بن وهه‌میش جێگای بڕوا ومتمانه‌ی هه‌ر دووک دێموکرات بن. ئاماده‌بوون وحوزوری نێوبژیوانێک ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ری به‌ره‌وپێش چوونی کۆبونه‌وه‌کان بێ و ڕه‌وتی گه‌یشتن به رێکه‌وتنێک خێراتر بکا. له په‌یوه‌ندی به ئه‌رک و رۆلی نێوبژیوان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌کانی کێشه‌که وبۆ گه‌یشتن به ئاشتی وچاره‌سه‌ری کێشه‌کان ” په‌ککا هاویستۆ ” که دیپلۆماتێکی فه‌نلاندییه و له وڵاتانی ئه‌فغانستان، سۆمالی و له دارفوری سودان وله فه‌له‌ستین وئیسرائیل رۆلی نێوبژیوانی گێراوه وله‌و باره‌وه کۆمه‌لێک ئه‌زمونی به نرخی وه‌ده‌ست هێناوه له کتێبی ” رێککه‌وتن ” دا ده‌نووسێ: ئایا به بێ به‌شداری نێوبژیوان ئیمکانی رێککه‌وتنی نێوان دوو لایه‌نی شه‌ڕه‌که مسۆگه‌ره؟ له زۆربه‌ی کێشه و شه‌ڕه‌کاندان که به خۆرایی درێژده‌کرێنه‌وه، ده‌لێن، لێگه‌رێین با لایه‌نه‌کانی شه‌ڕه‌که هه‌تا له توانایان دایه وزه و هێزیان تاقی بکه‌نه‌وه و تاکوو وه‌ڕه‌ز ده‌بن با شه‌ڕ بکه‌ن.هیندێک جار دوو لایه‌نی کێشه‌کان خۆیان ده‌ست به دانوستاندن ده‌که‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کاته‌کان بۆ به‌ره‌وپێش بردنی باسه‌کان وخێراترکردنیان بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامێک پێویستیان به نێوبژیوانێک هه‌یه.
له گرژی وکێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌کاندا، نێوبژیوان ده‌بێ خۆی له نیشاندانی هه‌ڵوێستی ئیحساسی و عاتفی بپارێزی وئه‌رکی ئه‌وه‌یه که لاسه‌نگی نێوان لایه‌نه‌کانی شه‌ڕه‌که له دانوستاندنه‌کاندا ڕابگرێ ونابێ به‌ره‌و هیچ لایه‌ک دابشکێ. ناوبراو وه‌کوو نێوبژیوانێک ڕای وایه که، ئاشتی وه‌کوو ماسێکی گه‌وره وایه که بۆ گرتنی ده‌بێ چه‌ندین جار قولاپه‌که‌ت بخه‌یه نێو ئاوه‌که و نابێ له گرتنی ده‌ست هه‌لبگرێ، ئه‌گه‌ر یه‌که‌م جاریش به قولاپه‌که‌ته‌وه نه‌بێ. که‌وابوو هه‌ر دوو دێموکرات ده‌بێ رێگا بده‌ن که که‌سێک، که‌سانێک، رێکخراوێکی مه‌ده‌نی یان سیاسی که دۆستی هه‌ردووک لایه‌نه وجێگای بڕوا ومتمانه‌ی هه‌ردووکیانه به‌شداری دانوستاندنه‌کان بکه‌ن. دانوستاندنه‌کان ده‌بێ کاتی پێویست وته‌واویان بۆ ته‌رخان بکرێ وبه‌رده‌وام بن ونابێ نێوانی دوو کۆبونه‌وه ئه‌وه‌نده زۆر بێ که گه‌یشتن به ئه‌نجامێک زه‌حمه‌تر بکا. مادام هه‌ر دووک لایه‌ن ده‌خوازن به‌راستی کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و دوو دێموکرات یه‌کبگرنه‌وه، ده‌بێ متمانه و باوه‌ریان به یه‌کتر هه‌بێ وله بیری فرت وفێل کردن له یه‌کتر دا نه‌بن و ده‌بێ فه‌لسه‌فه‌ی” براوه براوه ” ئه‌ساس وبنه‌مای دانوستاندنه‌کان بێ بۆ ئه‌وه‌ی له کۆتایی دا هیچکه‌س هه‌ست به دۆڕاویی و به مه‌غدور بوون نه‌کا و هه‌موو لایه‌ک له ئه‌نجامی دانوستانه‌کان رازی بن. ئه‌و کات هه‌موویان خۆیان به خاوه‌نی حیزب ده‌زانن وحیزبیش ده‌بێ بێته ماڵی هه‌مووان. به باوه‌ری من دان پێنان به هه‌ڵه‌کانی رابردوو که هه‌ردووک لا که‌م و زۆر تێیدای به‌شدار بوون وهه‌ست به به‌رپرسیارێتی کردن له هه‌مبه‌ر حیزب و خه‌لک دا ئه‌رکێکی ئه‌خلاقییه که له دانوستاندنه‌کاندا ده‌بێ له به‌رچاو بگیڕی.
له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که به دڵ له یه‌کتر خۆشبوون بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌رێکی نوێ له هاوکاری وهاوخه‌باتی و هاوسه‌نگه‌ری هه‌ر دووک لایه‌ن زۆر گرینگه وهه‌ر دووک لا ده‌بێ له شتی بێ بنه‌ما وله به‌هانه هێنانه‌وه ویه‌کتر تاوانبارکردن ده‌ست هه‌ڵگرن و وێرای دان پێنان به هه‌ڵه‌کانی ڕابردوو له سه‌ر شتی نوێ وکۆنکرێت وسه‌رده‌میانه قسه بکه‌ن و ئامانجی سه‌ره‌کیش بۆ گه‌یشتن به رێکه‌وتنێک له به‌رچاو گرتنی قازانج وبه‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌مان له رۆژهه‌لاتی کوردستان بێ نه‌ک پاراستنی قازانج وبه‌رژه‌وه‌ندی تاکه که‌سی وبنه‌ماڵه‌یی. ده‌بێ هه‌موو خاله‌کانی که له سه‌ری رێکده‌که‌ون به دۆکۆمێنت بکرێ وبه فه‌رمی بۆ ڕای گشتی له رێگای ڕاگه‌ینه‌ره‌کانه‌وه بڵاو بکرێنه‌وه.
دووهه‌م. پێکهێنانی ئاڵ وگۆڕی بنه‌ره‌تی له ئه‌ندامانی شاندی دانوستاندنی هه‌ر دووک دێموکرات. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین له شاندی هه‌ر دووک لایه‌ن دا ته‌نیا 3 یان 4 که‌س له هه‌ر لایه‌ک به‌شدارن و هه‌مووشیان ئه‌ندامی رێبه‌رین. باشه بۆچی نابێ له‌و کێشه گرینگ و چاره‌نووسازه‌دا که‌سانی دیکه‌ی ئه‌ندامی ئه‌و دوو حیزبه به‌شدار بن؟ بۆ نابێ له شاندی هه‌ردووک لایه‌ن دا نوێنه‌ری رێکخراوه‌کانی ژنان، لاوان، خویندکاران، روناکبیرانی حیزبی ومێدیاکاران وئه‌و کادرو پێشمه‌رگانه‌ی که زیاتر له 30 تا 35 ساڵه له هیچ فیداکارێک بۆ سه‌رکه‌وتنی حیزبی دێموکرات دریغیان نه‌کردووه وهه‌موو ژیانی خۆیان وماڵ ومندالیان له سه‌ر داناوه به‌شداری دانوستاندنه‌کان نه‌کرێن؟ کێشه‌ی دێموکراته‌کان له رێبه‌ری ئه‌و حیزبانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و مانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زعه‌ش هه‌ر به‌رهه‌می سیاست بازی هیندێک ئه‌ندامی رێبه‌ری هه‌ردووک لایه که به‌رده‌وام بیر له قازانج وبه‌رژه‌وه‌ندی و کورسی خۆیان ده‌که‌نه‌وه وده‌یان بیانووی بێ بنه‌ما وخۆده‌سکرد ده‌هێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زعه‌که هه‌ر به‌و شێوه به‌رده‌وام بێ، چونکه له قازانجی ئه‌وانه.
هه‌ربۆیه پێشنیاری من به جیدیی ئه‌وه‌یه که رێبه‌ری هه‌ردووک لا ئاڵ وگۆڕ له شاندی دانوستاندنه‌کانیان پێک بهێنن وبا ئه‌ندامان و کادر و پێشمه‌رگه دڵسۆزه‌کان و مرۆڤه خۆشناوه‌کانی به‌ده‌نه‌ی هه‌ردووک لا به‌شداری ڕاسته‌وخۆیان هه‌بێ له‌و دانوستاندنه‌کاندا وده‌بێ ئه‌ندامانی هه‌ر دووک دێموکرات ته‌نیا ته‌ماشاکه‌ری وه‌زعه‌که نه‌بن، به‌ڵکوو پێویسته خۆیان تێکه‌ڵ به پرۆسه‌ی دانوستاندنه‌کاندا بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیدیکه وزه وتوانای ئه‌و دوو حیزبه به شتی پروپوچ وخۆڕایی به فیرۆ نه‌چێ.
سێهه‌م. ساختاری ته‌شکیلاتی دێموکراته‌کان رێگا به به‌شداری ئه‌ندامان له ده‌سه‌ڵات و پرسه گرینگه‌کان دا نادا وئه‌وه‌ی به نێوی ” سانترالیزمی دێموکراتێک ” له‌و حیزبانه دا به‌رێوه‌ی ده‌چێ، بۆته‌هۆی دروست بوونی کێشه و گرفتی زۆر گه‌وره و تێگه‌یشتنی غه‌له‌ت و سه‌قه‌ت له ده‌سه‌ڵات و له بوون به ئه‌ندامی رێبه‌ری حیزب. ئۆرگانێک نیه که بتوانێ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ته‌نانه‌ت ده‌فته‌ری سیاسی کۆنترۆل بکا وچاوه‌دێری به سه‌ر کاروکرده‌وه‌کانیان دابکا و رێگر بێ له باندبازی وده‌سته به‌ندی و ناوچه‌گه‌رایی له حیزب‌دا. رێگر بێ له‌وه‌ی که ئه‌ندام مافی پێشێل نه‌کرێ وحه‌قی ڕاده‌ربرینی هه‌بێ وبه خاتری ڕه‌خنه گرتن نه‌که‌وێته به‌ر غه‌زه‌بی ئه‌ندام یان ئه‌ندامانی رێبه‌ری و له ئه‌نجام دا له حیزب ده‌رنه‌کرێ. له کۆنگره‌ی 14ی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا ئۆرگانێک به نێوی ” کۆمیسیۆنی پارێزگاری له په‌یره‌وی نێوخۆی حیزب ” دروست کرا که کاری چاوه‌دێری به سه‌ر جێ به جێکردنی ئه‌ساسنامه‌ی حیزبیه‌وه هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێک مافی پێشل بکرێ ئه‌و ئورگانه بۆی هه‌یه لێپێچینه‌وه لێ‌بکا وبه دواداچوونی ته‌واوی بۆ بکا بۆ ده‌رکه‌وتنی ئه‌سلی قه‌زییه‌که. به‌ڵام ده‌سه‌لات وسه‌ڵاحییه‌تی ئه‌و کۆمیسیۆنه له کرده‌وه دا لاوازه و نه‌یتوانیوه یان رێگا نه‌دراوه کاریگه‌رێکی ئه‌وتۆی هه‌بێ وهه‌ربۆیه دروستکردنی ئۆرگانێکی دیکه‌ی به ده‌سه‌ڵاتدارتر وخاوه‌ن سه‌ڵاحییه‌تی زیاتر گه‌لێک گرینگ وپێویسته.
به باوه‌ری من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م کۆتایی به سانترالیزمی به ناو دێموکراتیک بێ و له ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وبه تایبه‌ت ده‌فته‌ر سیاسی که‌م بکرێته‌وه وده‌سه‌ڵات و به‌شداری پێکردن به سه‌ر هه‌موو ئۆرگانه‌کانی حیزب دا دابه‌ش بکرێ و حیزب زیاتر به‌ره‌و دێموکراسی ده‌رون حیزبی بڕوا و ئه‌ندامانیش هه‌ست به‌وه‌بکه‌ن که هه‌م گوێیان لێ ڕاده‌گیرێ وهه‌میش له ده‌سه‌لات وبڕیاراتی حیزب دا به‌شدارن وحیزب هی ئه‌وانیشه ، پێویستی به دروست کردنی شورایه‌ک یان شتێک له جۆری مه‌جلیسی حیزب جیا له کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی هه‌یه. ئه‌و مه‌جلیسه ده‌توانێ ده‌وری پارلمانێک بگێرێ له ةیو حیزب‌دا و ده‌کرێ هه‌ر له ئیسته‌وه کار بۆ دروستکردنی بکرێ و نوینه‌رانی ناوه‌نده‌کان، کۆمیته شارستانه‌کانی حیزب، کۆمیته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حیزب، رێکخراوه‌کانی ژنان، لاوان، خویندکاران و رۆژنامه‌وانان و روناکبیرانی حیزبی له کوردستان وده‌ره‌وه‌ی کوردستان و هه‌روه‌ها نوینه‌رانی ئه‌ندامانی حیزب له‌ناوخۆی وڵاتی تێدای به‌شداربن و به فه‌رمیش له کۆنگره‌ی هاوبه‌شی داهاتوو دا وه‌کوو ئۆرگانێکی ره‌سمی حیزب بناسرێ وئه‌رک وسه‌ڵاحیه‌ت و ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیاری بکرێ. ده‌کرێ ناوی ئه‌و ئۆرگانه تازه‌یه مه‌جلیسی حیزب یان پارلمانی حیزب بێ. گرینگ هه‌بوون وکارایی وکاریگه‌ری دانانی ئه‌و ئۆرگانه‌یه به سه‌ر هه‌موو حیزبه‌وه ، نه‌ک ته‌نیا ناوه‌که‌ی.
ئه‌رکه‌کان و به‌رپرسایه‌تی وسه‌ڵاحییه‌ت و ڕاده‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و مه‌جلیسه له چه‌ند خاڵ دا پێشنیار ده‌که‌م.
رێژه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و مه‌جلیسه
ئه‌و مه‌جلیسه پێویسته هه‌ر له ئێستاوه و به ره‌زامه‌ندی هه‌ر دووک دێموکرات له‌و ئۆرگان و رێکخراو و که‌سانه‌ی له خالی سه‌ره‌وه دا ئاماژه‌م پێ‌کرد پێک بهێنرێ و به پێی ژوماره‌ی ئه‌ندامانی حیزب که چلۆن بۆ کۆنگره دیاری ده‌کرێن رێژه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و مه‌جلیسه‌ش دیاری بکرێ وده‌سته‌یه‌کی سه‌رۆکایه‌تی له 7 بۆ 9 که‌سی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر سه‌رۆکه‌که‌ی له کوردستان بوو، ده‌کرێ جێگری یه‌که‌می یه‌کێک له ئه‌ندامان یان نوینه‌رانی کۆمیته‌کانی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێ. ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی وبه به‌رنامه کۆبونه‌وه‌کانی خۆی مانگانه بگرێ و ده‌بێ له ساڵدا دوو کۆبونه‌وه‌ی گشتی بۆ ئه‌ندامانی مه‌جلیس هه‌بێ. کۆبونه‌وه‌ی به‌هاره وکۆبونه‌وه‌ی پاییزه و له‌و کۆبونه‌وانه دا ڕاپۆرتی کاروچالاکی خۆی بداته‌وه به کۆبونه‌وه‌ی گشتی مه‌جلیس.
کاروئه‌رکه‌کانی مه‌جلیسی حیزب
ئه‌رکی گرینگی ئه‌و مه‌جلیسه له حالی حازردا پێکهێنانی سمینار وکۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش بۆ ئه‌ندامانی حیزب له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی فه‌زای د‌ڕدوندگی وبێ متمانه‌یی نێوان هه‌ر دووک دێموکرات ده‌بێ. ئه‌رکێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندی گرتن به هه‌موو ئه‌و کادروپێشمه‌رگانه‌ی که به هۆی جۆراوجۆر یان له گه‌ڵ دێموکراته‌کان نه‌ماون ویان به ناحه‌ق ده‌رکراون وهاندان وهێناوه‌ی ئه‌وانه بۆ نێو ریزه‌کانی دێموکراته. پێکهێنانی گروپێک به هاوفکری له گه‌ڵ رێبه‌ری هه‌رووک دێموکرات بۆ پێداچوونه‌وه به به‌رنامه وپه‌یره‌وی نێو خۆی حیزب وداوای هاوکاریکردن له که‌سانی شاره‌زا ودڵسۆز بۆ به‌شداری کردن له نووسینه‌وه‌ی به‌رنامه وپه‌یره‌وی نێوخۆ. پێکهێنانی ” ژوورێکی فکر ” بۆ هه‌لسه‌نگاندن وتاوتوێ کردن رێبازی سیاسی داهاتووی حیزب له که‌سانی شاره‌زای سیاسی وئاکادمی ونوسه‌ران وئاماده کردنی پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن ئه‌و گروپه‌وه وڕاده‌ستکردنی به رێبه‌ری هه‌ردووک دێموکرات وبه مه‌جلیسی حیزب بۆ ئه‌وه‌ی له کۆنگره‌ی هاوبه‌شی داهاتوو دا بکه‌وێته به‌ر باس ولێکۆلینه‌وه و رێبازی نه‌ته‌وه‌یی حیزبی یه‌کگرتوو زۆر روونتر و کوردانه‌تر بێ. دروست کردنی گروپێک به هاوفکری له گه‌ڵ رێبه‌ری هه‌ردووک دێموکرات بۆ چۆنیه‌تی به‌رێوه بردن وئاماده‌کاری بۆ کۆنگره‌ی هاوبه‌ش و ڕاده‌ی به‌شداری ئه‌ندامان وچلۆنایه‌تی دیاریکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی که چ وه‌ک ئه‌ندام وچ وه‌ک میوان دیاری ده‌کرێن و چاوه‌دێری ته‌واو به سه‌ر گرتنی کۆنفرانسه‌کانی پێش کۆنگره و دان و وه‌رگرتنی راپۆرت له رێبه‌ری هه‌ردووک لایه‌ن له سه‌ر سالم وبێ فرت و فێل بوونی کۆنفرانسه‌کان وته‌ئیدی سه‌ڵاحیه‌تی که‌سانی هه‌لبژێراو بۆ به‌شداری له کۆنگره‌ی هاوبه‌شی داهاتوو دا.
ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات وسه‌ڵاحییه‌تی مه‌جلیس
له کۆنگره‌ی هاوبه‌ش دا چاوه‌دێری وهاوفکری وهاوکاری ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و مه‌جلیسه له گه‌ڵ به‌شدارانی کۆنگره گه‌لێک گرینگه وده‌بێ له کۆمیته‌کانی که کاروباری کۆنگره به‌رێوه ده‌بن به‌شداری چالاکانه‌یان هه‌بێ وچاوه‌دێری ته‌واو به سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی ئه‌ندامانی داهاتووی رێبه‌ری حیزبه‌وه بکه‌ن و رێگه به هیچ جۆر فرت وفێل وساخته‌کارییه‌ک نه‌ده‌ن و سالم بوونی کۆنگره ده‌بێ به ئه‌ئیدی ئه‌و مه‌جلیسه بگا. ئه‌رکه‌کانی داهاتووی ئه‌و مه‌جلیسه چاوه‌دێری به سه‌ر چۆنیه‌تی جێ به جێ کردن وبه‌رێوه‌چوونی خاڵه‌کانی په‌یره‌وه‌ی نێوخۆی حیزب، کاروباری ئۆرگانه‌کانی حیزب، به‌شی مالی و ڕاگه‌یاندن و له هه‌مووشی گرینگتر کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وده‌فته‌ر سیاسی ده‌بێ وئه‌گه‌ر که‌سێک له رێبه‌ری حیزب تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی به ئانقه‌ست بوو یان که‌سانێک هه‌وڵی باندبازی وناوچه‌گه‌رایی بده‌ن، ئه‌و مه‌جلیسه ده‌بێ لێپێچینه‌وه ولێکۆلینه‌وه بکا. کارێکی گرینگی ئه‌و مه‌جلیسه چاوه‌دێری به سه‌ر چۆنیه‌تی خه‌رج وده‌رکه‌وت وداهاتی حیزبه‌وه ده‌بێ ونابێ سه‌رمایه ودارایی حیزب له ده‌ستی چه‌ند که‌سی دیاری کراو دابێ، به‌ڵکوو به شێوه‌یه‌کی شه‌فاف ده‌بێ هه‌موو ده‌رکه‌وت وداهاته‌کان دیاربن و له کاتی ده‌رکه‌وتنی گه‌نده‌لی مالی و دزیکردن لێپێچینه‌وه له گه‌نده‌ڵکاران ودزه‌کان بکرێ و ئاکامه‌که‌شی به کۆی ئه‌ندامانی حیزب ڕابگه‌ینرێ.
لوقمان زه‌هرایی
31.1.2015