به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حدک، به‌بۆنه‌ی حه‌فتا و پێنج ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان
کۆماری کوردستان به ئیراده‌ی کورد دامه‌زرا، به‌ڵام له ئاکامی هه‌ره‌وه‌زی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی غه‌یری کورددا ڕووخا
(به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، به‌بۆنه‌ی حه‌فتا و پێنج ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان)
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان!
دۆستان و هۆگرانی خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان!
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکرات!
به‌بۆنه‌ی ٢ی ڕێبه‌ندان، حه‌فتا و پێنجه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه پیرۆزبایی ئه‌و یاده مه‌زن و به‌شکۆیه له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، زیندانیانی سیاسی، پێشمه‌رگه گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌کان، چالاکانی نێوخۆ، کادر و ئه‌ندامانی حیزبی دێموکرات و هه‌موو ئه‌و نیشتمانپه‌روه‌رانه ده‌كه‌ین که به درێژایی سێ چاره‌گه سه‌ده به هه‌ر شێوازێک تێکۆشاون کاروانی ئامانجه‌كانی کۆماری کوردستان له‌سه‌ر ڕێگای خۆی به‌رده‌وام بێ. هه‌روه‌ها سڵاوی ئه‌مه‌گ و وه‌فا ده‌نێرین بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی ڕێبازی کۆماری کوردستان، به‌تایبه‌تی سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری کۆمار، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، که به ژیری و فیداکاریی خۆی دیارترین و جوانترین جووڵه‌ی سیاسیی مێژووی نوێی کوردی تۆمار کرد.
دامه‌زرانی کۆماری کوردستان ڕووداوێک نییه که وه‌ک هه‌ر ڕووداوێکی دیکه ڕووی دابێ و تێپه‌ڕیبێ، به‌ڵکوو وه‌ك هه‌موو ئه‌و ده‌مه‌ساتانه‌ی بۆ چاره‌نووسی گه‌لان بنیاتنه‌رن، هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی له مێژوودا بژی و میراتێکی ڕه‌مزی و زه‌ینیی زۆر ئه‌ولاتر و فراوانتر له کات و شوێنی خۆی به‌جێ هێشتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد ڕابردوویه‌کی چه‌ند سه‌ده‌یی هه‌یه و گه‌لی کورد پاش ڕووخانی کۆماری کوردستانیش زۆر شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی دیکه‌ی له‌پێناو ڕزگاری و دروست‌کردنی قه‌واره‌یه‌کی ئازاد بۆخۆی وه‌ڕێ خستووه، به‌ڵام کۆماری کوردستان ئه‌و ڕووداوه‌ی مێژووی کورده که زیاتر له هه‌ر ڕووداوێکی دیکه هه‌موو کورد له‌سه‌ر بایه‌خ و شوێندانه‌رییه سیاسی و ناسنامه‌ییه‌که‌ی کۆکه و کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌بێ جیاوازی و مشت‌ومڕ به هی خۆی ده‌زانێ.
ئه‌گه‌ر کۆماری کوردستان ئه‌و جێگه و پێگه گرینگ و تایبه‌تییه‌ی له ناسنامه‌ی سیاسی و یاده‌وه‌ریی به‌کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌ی کورددا هه‌یه، ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نییه که کۆماری کوردستان یه‌که‌مین و له‌ڕاستیدا ته‌نیا ئه‌زموونی سیاسیی کورده که له‌ودا گه‌لی کورد مه‌رامی سه‌روه‌ریخوازانه‌ی خۆی به‌ڕوونی جێبه‌جێ کردووه و کوردی پارچه‌ی دیکه‌ش له دامه‌زراندن و پاراستنی‌دا به‌شدار بوون، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که کۆماری کوردستان داهێنه‌ر و چه‌سپێنه‌ری کۆمه‌ڵێک هه‌نگاو و هێمای نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک به‌فه‌رمی‌کردنی زمانی کوردی و سرود و ئاڵا و پێشمه‌رگه‌یه که ئه‌مڕۆ بوون به هێما و نیشانی هاوبه‌شی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، کۆماری کوردستان وه‌ک نوخته‌ی هه‌ره دیاری چڕبوونه‌وه‌ی پۆتانسیه‌ل و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کانی پێوه‌ندیدار به پرسی کورد، زۆر سروشت و تایبه‌تمه‌ندیی به ناسیۆنالیزمی کورد به‌خشیوه و له‌ژێڕ ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و که‌سایه‌تیی به‌رز و له‌خۆبوردووی پێشه‌وای نه‌مردا، کولتوورێکی سیاسی و نموونه‌یه‌ک له ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌وه‌کانی دواتری گه‌له‌که‌مان به‌جێ هێشتووه که بۆ هه‌موو کورد سه‌رچاوه‌ی ئیلهام و مایه‌ی ستایشه.
له‌سه‌ر ئه‌زموون و ده‌سکه‌وته‌کانی کۆماری کوردستان زۆر گوتراوه و فره نووسراوه. ڕێبه‌رانی حیزبی دێموکرات و له سه‌روویانه‌وه پێشه‌وای نه‌مر به‌باشی ئاگاداری چاره‌نووسی شۆڕشه‌کانی کورد له ڕابردوودا و ڕیسک و ده‌ره‌نجامه‌کانی سه‌رکێشیی کوردان له ژینگه‌ی ته‌نراو به ده‌سه‌ڵاته دڕنده و سه‌ره‌ڕۆکان‌دا بوون. ئه‌وان هه‌روه‌ها ده‌یانزانی که‌ره‌سته‌ی زه‌ینی و عه‌ینیی به‌رده‌ست بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌ی سه‌روه‌ریخوازانه‌ی کورد له‌و کات و شوێنه‌دا زۆر سنوورداره. به‌ڵام به ئیمان به ڕه‌وایی مافی کورد بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی چاره‌نووسی خۆی و به ئاگاداربوون له‌و ده‌رفه‌ته نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه که له‌وده‌مه‌دا بۆ کورد له ئێران‌دا پێک هاتبوو، باوه‌ڕبه‌خۆیانه ده‌ست‌به‌کاربوون و کۆماری کوردستانیان به ته‌شریفاتێك که شیاوی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانه، ڕاگه‌یاند.
ڕێبه‌رانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان هه‌ر له‌و کاته‌دا له‌و کاره‌یان‌دا پڕاگماتیستانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ واقیعییه‌ته‌کانی نێوخۆی کۆمه‌ڵگەی کوردستان و هاوکێشه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان له ئێران و دنیای ده‌ره‌وه‌دا کرد. له‌لایه‌ک ئاره‌زوو و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی‌خوازی له گوتار و فه‌زای گشتیی کۆماری کوردستان‌دا زه‌ق و ئاشکرا بوو، به‌ڵام ڕێبه‌رانی کۆمار ده‌یانزانی که ئه‌گه‌ر پێویست بێ، ده‌بێ حازر بن بۆ وه‌دیهێنانی شتێک تێ‌بکۆشن که له‌و کاته‌دا بۆ کورد مومکینه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، سروشتی پێشکه‌وتن‌خوازانه‌ی کۆمار به جوانی به مه‌رام و هه‌نگاوه‌کانییه‌وه دیار بوو، به‌ڵام به‌هۆی پێویستییه‌كانی سه‌قامگیری و پاراستنی کۆمار، ده‌بوایه ڕه‌چاوی ژێرخانی نه‌ریتیی کۆمه‌ڵگەی کورده‌واری له‌و کاته‌دا بکرێ و ڕۆئیای یه‌کسانیی چینایه‌تی بۆ ئه‌و قۆناغه زۆر ڕادیکاڵ نه‌بێ.
به‌ده‌ر له‌مه به‌ڵام، کاره‌کانی کۆماری کوردستان هه‌ر له دامه‌زرانیه‌وه تا که‌وتنی، هه‌م له به‌رنامه‌ڕێژی و هه‌م له جێبه‌جێکردن‌دا، ئیده‌ئالیست و به‌رزه‌فڕانه بوو. کۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه که پێش هه‌موو شتێک به مانای خۆسه‌لماندنی سیاسیی کورد به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌ی‌دا بوو، به‌شی زۆری هێز و وزه‌ی بۆ کارکردن له‌سه‌ر خۆی و به‌ستێنی نێوخۆی ته‌رخان کرابوو و ئه‌وه‌نده‌ی سیاسه‌تی ده‌کرد، ئه‌وه‌نده‌ش کاری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و فه‌رهه‌نگ‌سازی ده‌كرد. کۆماری کوردستان یه‌که‌مین ئه‌زموونی مۆدێرنی کورد بوو که له‌ودا بنه‌مای وه‌فاداریی سیاسی، فه‌لسه‌فه‌ی هاووڵاتیبوون بوو، و هاوکات له‌گه‌ڵ دانانی بنیاته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، په‌ره‌پێده‌ری به‌هاکانی کوردایه‌تیی پاک و شارستانه‌تی و لێبورده‌یی و وه‌خۆگرتنی فره‌چه‌شنییه‌كانی نێو کۆمه‌ڵگە و یه‌کانگیریی خه‌ڵک و بژارده‌ی سیاسی بوو.
ئه‌گه‌ر له‌باری زه‌ینییه‌وه کارنامه‌ی کۆماری کوردستان زۆر ده‌سکه‌وت و خاڵی به‌هێزی تێدان که حه‌فتا و پێنج ساڵ دواتر وه‌ك مێژوویه‌کی به‌رده‌وام و میراتێکی زیندوو هه‌روا ده‌دره‌وشێنه‌وه، له‌باری عه‌ینییه‌وه کۆمه‌ڵێک خاڵی لاوازیشی تێدان که هه‌ر کامه‌یان به جۆرێک ڕێخۆشکه‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی دواجار کۆمار به‌رگه‌ی ملهوڕیی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و ساتوسه‌ودای نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌گرێ. ئه‌گه‌ر زۆر له‌و که‌مایه‌سییانه وه‌ک که‌میی کات و نه‌بوونی ئه‌زموونی پێویست و لاوازیی ژێرخانی ده‌وڵه‌ت‌سازی و حوکمڕانیی کۆمار گرینگیی خۆیان هه‌یه، هێندێکی تر وه‌ک سنوورداریی جوغرافیایی، نه‌بوونی قووڵایی ستراتژیک، قورسایی پرس و چاره‌نووسی “حکوومەتی میللیی ئازه‌ربایجان” له‌سه‌ر کۆماری کوردستان، لاوازی و ده‌وام‌نه‌هێنانی سه‌رنج و پشتیوانیی ده‌ره‌کی، و نه‌بوونی هێزێکی ته‌یار و مونسه‌جمی میللی که بتوانێ کۆمار له به‌رامبه‌ر هێرش و ئاکامی ڕێککه‌وتنه شوومه‌کاندا بپارێزێ، یه‌كلاکه‌ره‌وه‌تر بوون. له‌ڕاستیدا کۆماری کوردستان به ئیراده‌ی کورد دامه‌زرا، به‌ڵام له ئاکامی هه‌ره‌وه‌زی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی غه‌یری کورددا ڕووخا.
ئه‌زموون و سامانی ڕه‌مزیی کۆماری کوردستان ته‌نیا بایه‌خی مێژوویی نیه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌مڕۆ و ئاینده‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردیش به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌وێن‌به‌خش و ڕێ‌نیشانده‌ره. له سه‌رده‌مێک‌دا که گه‌لی کورد له ڕێگای گه‌یشتن به ماف و ئاواته‌كانیدا هه‌روا ڕووبه‌ڕووی دژمنکاریی ده‌ره‌کی و ئاله‌نگاره کۆن و نوێیه‌کانی ده‌روونی خۆیه‌تی، پرسیاری ئه‌سڵی به‌ڵام ئه‌وه‌یه که ئایا ده‌بێ چی بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی له‌م چه‌شنه جارێکی دیکه دووپات بێته‌وه، و ئه‌گه‌ر هه‌مدیسان وه‌ها ده‌رفه‌تێک بۆ کوردی ڕۆژهه‌ڵات ڕه‌خسایه‌وه، ئه‌و گه‌له چه‌نده توانا و ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و ده‌رفه‌ته له کیس خۆی نه‌دا و قه‌واره‌یه‌کی ئازاد بۆخۆی ئاوه‌دان بکاته‌وه که وه‌ک کۆماره تاقانه‌که‌ی کورد ناکام نه‌بێ؟
وه‌ها توانا و ئاماده‌ییه‌ک ته‌نیا کاتێک دابین ده‌بێ که هێزه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له گوتار و ڕوانگه‌ی سیاسی و له کرده‌وه و هه‌نگاوی تێکۆشانیان‌دا ئه‌وه‌نده یه‌كگرتووانه خه‌بات بەمه‌یدانی و به‌ڕۆژ بکه‌نه‌وه که ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌کان له ئێران و ناوچه‌دا ببێته فاکته‌رێک که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و دنیای ده‌ره‌وه چیدیکه نه‌توانن پشتگوێی بخه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش فره‌چه‌شنییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگەی سیاسی و مه‌ده‌نیی ڕۆژهه‌ڵات له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ببنه مایه‌ی درز و دابه‌شبوون، ده‌بێ بکرێنه سه‌رچاوه‌ی هێزێکی هه‌راو و فره‌ڕه‌هه‌ند بۆ جێگیرکردن و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی که له‌سه‌ر بنه‌مای پشتیوانی و وه‌خۆگرتنی هه‌موو جۆراوجۆرییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگەی کوردستان و کۆنتڕۆڵی خاک و سه‌رچاوه‌کانی و لۆبیگه‌ریی ژیرانه‌ی سیاسی و حقووقی و دیپڵۆماسی ڕاوه‌ستابێ.
کۆماری کوردستان ڕه‌مز و ده‌سکه‌وتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده، به‌ڵام شانازیی دامه‌زراندنی کۆمار له‌پێشدا بۆ حیزبی دێموکرات ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ربۆیه‌ش چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی کوردستان بۆ هه‌ڵگرتن و به‌جێگه‌یاندنی په‌یامی کۆمار له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێش هه‌موو لایه‌ك له حیزبی دێموکراته. سێ چاره‌گه سه‌ده پاش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌دروستی هه‌ست به به‌رپرسایه‌تیی قورس و پیرۆزی سه‌ر شانی له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌کا، به‌تایبه‌ت له هه‌لومه‌رجی ئێستادا که سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامیی کۆسپ و ئاسته‌نگه‌کان، دۆخی قه‌یراناویی زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەی ئێران و بێزراوی له هه‌ر کات زیاتری کۆماری ئیسلامی و دووره‌دیمه‌نی کێشه هه‌ڵپه‌سێراوه‌کانی ئه‌و ڕێژیمه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی، هه‌روا به‌ڵێنی ده‌رفه‌ت و ئاڵوگۆڕی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه بار کردووه.
به هیوای ڕوون به وه‌دیهاتنی ئامانجه‌کانی کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان جارێکی دیکه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان و ڕوحی پاکی شه‌هیدان په‌یمان نوێ ده‌کاته‌وه که تا سه‌رکه‌وتن شێلگیرانه له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگایه ده‌ڕوا و به‌رپرسیارانه ئه‌مانه‌تداری میرات و ڕیساله‌تی کۆماری کوردستان و پێشه‌وای شه‌هیدی ده‌بێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هه‌تاوی
(١٩ی ژانویه‌ی ٢٠٢١ ی زایینی)