تاوان و خوێن سه‌ران ده‌باو به‌رژه‌وه‌ندیخوازانیش خه‌ریكی معامه‌له‌ن. ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی
ده‌بێ چۆن بێ ئێش و ژانی دڵی دایكه دڵ برینداره‌كان بۆ جگه‌رگۆشه‌كانیان كه له كاره‌ساته جیاجیاكانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته داگیركه‌ره‌كان و، خوێن خۆره‌كانی وه‌ك كۆماری ئیسلامی ئێران و هیدی دا گیانیان لێ ئه‌ستێندرێ و، لێ ئه‌ستێندراوه.
كوانێن ئه‌و ویژدانانه‌ی كه به قسه به دیتنی كاره‌سات و، كوشت وبڕ و، سووتاندن و، ئه‌نفال كردن و، سووكایه‌تی و، به نووكی نێزه‌وه كردنی منداڵانی دونیا به‌گشتی و، به‌تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست و ئه‌فریقا دا وه‌خه‌به‌ر هاتوون؟
كێ هه‌یه كه مرۆڤ بێت و دڵی به دیتنی وێنه جیاجیاكانی دایكان كه منداڵه تازه‌لاو و چووك و تازه پێگرتوه‌كانیان، له ترسی كوشتن، یا له مردنی تینوێ‌تی رێگه‌ی ئاواره بوون و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌ستی زۆردارن، یا سووتاندن و رفاندن وبێ حورمه‌تی پێكردنیان ، یا له به‌ر بێ ئه‌نوایی و كه‌س نه‌مان و برسیه‌تی و لێقه‌ومان و هیدیان، له باوه‌ش ده‌گرن ، نه‌گریت و، دڵی بۆیان وه‌ك گۆشتی كاڵی سه‌ر ئاگر نه‌سووتێ و هه‌ڵنه‌قرچێت و نه‌چۆقێ؟
ئه‌و كه‌س و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خوێن ده‌ڕێژن و خه‌ڵكی بێ تاوان و ژن و منداڵ و پیر و په‌ككه‌وتووه‌كان و جوان و لاوه‌كان گولله باران ده‌كه‌ن و ده‌خنكێن و ده‌سووتێن و ئاگر له جه‌سته‌كان به‌رده‌ده‌ن و خۆشه‌ویستانیان لێك هه‌ڵبڕیوه و لێك هه‌ڵده‌بڕن و به رۆژی روون وه‌ك قه‌سابی كێرد به ده‌ست، قه‌سابخانه‌ی سه‌حراییان داناوه و داده‌نێن و وێكڕا بێ له به‌رچاو گرتنی هیچ یاسایه‌كی مرۆڤایه‌تی لەشه‌كان ئه‌نجن ئه‌نجن ده‌كه‌ن ، بێ ویژدان و خوا نه‌ناسن ، چونكه ئاگر له دڵ و ده‌روونی هه‌زاران هه‌زار دایك و خوشك و براو منداڵ و باوك له بۆ یه‌كتر به‌رده‌ده‌ن، كه، ئه‌گه‌ر ئه‌و فرمێسكانه‌ی كه له ماوه‌یی ته‌نیا ئه‌و سێ چوار ده‌ییه‌یی ئاخری دا له چاوی دایكان و باوكان و خوشكان و براو منداڵ و عاشق و تازه بووك و زاوا لێك هه‌ڵبڕاوه‌كان كه به‌سه‌ر كوڵمی سوور‌و گه‌ش و چرچ بووه‌كاندا هاتۆنه خوارێ، به‌زه‌ویدا نه‌چووبا خوارێ ، بێشك به گشتی له دونیا دا‌و، به‌تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی نیوه‌راست و تایبه‌تی‌تریش له ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی ئێران دا، ئه‌قیانووسێك دروست ده‌بوو كه لێ تێپه‌رینی ناوگان و كشتی و به‌له‌می دیكتاتۆر و به‌رژه‌وه‌ندیخوازان به ناویدا، مه‌حاڵ بوو.
چۆن نه‌گریین بۆ ئه‌و منداڵه چاوگه‌شانه كه باوكیان له زیندانه‌كانی به‌ناو كۆماری ئیسلامی دا به‌ره‌و قه‌ناره‌خانه‌كانی خامنه‌یی به‌ڕێ ده‌كرێن و به ده‌ستی جه‌لاده‌كانیان به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵاوه‌سرێن و ده‌خنكێندرێن و خنكێندراون ، یا گوولله باران كراون و ده‌كرێن، یا له به‌رئازاری ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌كه‌رانی كۆماری په‌ت و سێداره‌ی ئیسلامی ئێرانی ئاخوندی دا گیانیان له ده‌ست داوه و له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و هه‌ر چاوه‌روانیان ده‌كه‌ن و له هه‌ستی خۆشه‌ویستی باوكیان یا دایكیان كه كه‌ی ده‌گه‌رێنه‌وه تا باوه‌ش به‌قاچ وقول وداوێنیان دابكه‌ن و سه‌ری ناره‌حه‌تی بخه‌نه سه‌رشانیان و هه‌ناسه ساردی ده‌روونیان له سه‌ر سنگیان ده‌ربكه‌ن.
چۆن نه‌گرین بۆ ئه‌و منداڵه چاوگه‌شانه كه باوكیان له ریزی تێكۆشه‌رانی كورد دا كه بۆ سه‌ربه‌ستی گه‌ل و نیشتمان گیانیان به‌خشیوه و زۆریان بۆ تاكه جارێكیش بێ ، باوكیان نه‌دیت و نه‌دیته‌وه كه ئه‌مرۆ كه گه‌وره بوون، به‌و ئاخانه‌وه هه‌ناسەی سارد هه‌ڵده‌كێشن. به‌ڵام زلهێزانی دونیا و به‌رژه‌وه‌ندیخوازن سه‌باره‌ت به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیان ساڵه‌هایه چاویان له‌و هه‌موو جینایه‌تانه پۆشیوه و هه‌ر وه‌ك هه‌میشه‌یان له ژێره‌وه به دزی و دوور له چاوی كامێره و رۆژنامه‌و میدیاكانه‌وه خه‌ریكی معامه‌له‌ی نهێنی بوون و چاوپۆشی له‌و هه‌موو تاوان و تیرۆر و تیرۆریست په‌روه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران و هیدی لێره و له‌وێ ده‌كه‌ن و كراوه‌و ئاماده‌ن له گه‌ڵ تیرۆریستان دابنیشن و زه‌رده و پێكه‌نینه‌كان پێك وه‌گۆڕن و دۆستانی دوێنێ به قوربانی دوژمنانی دوێنێ بكه‌ن و هه‌روه‌ك رابردوویان چۆن دوێنێ و پێرێ مه‌سه‌له‌ی كوردیان كرده قوربانی سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ، بكه‌نه به‌رژه‌وه‌ندی سات و سه‌ودایان، به‌ڵام با هه‌موو دونیا و دوژمنه ره‌نگاوره‌نگه‌كانی ئازادیخوازان باش بزانن كه گه‌ڵانی ئازادیخواز‌و له سه‌روویان رۆڵه‌كانی كوردستان كه ساحه‌بی هێزێكی كارامه و ئازا‌و به چۆكدانه‌هاتوو زیندوو، واته پێشمه‌رگه‌یه ، وا به ئاسانی ناكه‌ون و سه‌رئه‌نجام دیكتاتۆره‌كان تێكده‌شكێن و وه‌ك زۆر جاران له دونیا دا نیشان دراوه تێك‌شكاون ، ده‌رووخێن و مه‌زلوومان سه‌ر ده‌كه‌ون و خه‌تابار و پشتگرانیان دادگایی ده‌كرێن و تۆڵه‌یان لێده‌كرێته‌وە، مه‌زلوومان به ئاسووده‌یی ده‌نوون و خرپه‌ی خه‌وی ئازادیان، كه‌ڕ و كوێریان ده‌كات .
ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی