نیشتمان بێکەسە، پێویسته هەموو بۆی بمرین. ئەحمەد قازی

هەستە ئەی سروە بڕۆ بێنه هەواڵێکی وەتەن
وەک دەڵێن سووره به خوێن کێو و کەژ و دار و دەوەن
وەک دەڵێن مەحشەری کوبڕایە لە دەشتی قەرەداغ
جێی شەهیدانی گەلی کوردە بەهەشتی قەرەداغ

قەرەداغ مەوتەنی شێرانی شەهیدی وەتەنه
جێی سولەیمان و عەلی و یۆسفە، کڵگۆی حەسەنه
ئەی شەبەک خۆشی لە تۆ، بیکەوە ئەو ئامێزه
تەرمی ئەو لاوە لە باوەش گره، بیپارێزە
به تەبیبان بڵێن ئامانه چ دەستی نەکەنێ
ناسکه ساڵه نەوەکا بێنێ برینی تەشەنێ
چاوی هەر رەش بێ هەتا دێمەوە، کوڵمی هەر گەش
مار و مێروو نەیەڵێ لەو گوڵه بمکەن بێ بەش
نابێ چی لێ بێ به هیچ شێوە گوڵی پەڕپەڕ بووم
تا به فرمێسکی نەشۆم ، کفنی له هێرۆ نەدرووم
من بە دەسرەی گوڵە مێلاقه برینی دەسڕم
کفنی سووری له گوڵی ئاڵی چیا بۆ دەبڕم
خادیمی ئەو حەرەمەم تا دەمرم
دەوری ئەو گۆڕە به پەرژینی وەنەوشان دەگرم
دەچەقێنم لەسەر ئەو گۆڕە پەلی دارەبەنێ
عاشقان سەر له عەلی دەن که غەریبە بەتەنێ
کەوی سەرمەستی بەهاری لەسەری بخوێنێ
مستەفام بەو قسەیە و قاسپەیە بۆ بدوێنێ
شیوەنی ناوێ شەهید کاکه نەچی بۆی بگری
رۆڵەرۆی ناوێ له تۆ دایکه نەچی بۆی بمری
دایکه رووسووری که رۆڵەت کوڕی مەیدانێ بوو
باوکه سەربەرزی، کوڕی تۆ کەڵی کۆتانێ بوو
گەرچی منداڵ بوو عەلی سەروەر و سەردارم بوو
مەردی مەیدانی شەڕەف، هەڵمەتی چەکدارم بوو
کاری دژواره دەبێ هەریەکه لایەک بگرین
نیشتمان بێکەسە، پێویسته هەموو بۆی بمرین
ئەحمەد قازی
لە فەیسبووکەوە وەرگیراوە
————————————–
ئەو شەهیدانەی لەو شێعرەدا ناویان هاتوە؛
http://shehid.com/mahabad.php?skip=150