بانگەوازی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بۆنەیەکی دیکە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی‌و هەڵوێستی ئازادیخوازانە

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
هۆگران‌و ڕێرەوانی ڕێگا‌و ئامانجەکانی قاسملووی ڕێبەر!
خەریکین لە ٢٢ی ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بیست و شەشەمین بیرەوەریی تیرۆری ڕێبەری لێهاتووی خەباتی نەتەوەیی‌و شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان‌و سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، نزیک دەبینەوە.
ئەمساڵ لە کاتێک دا بەرەو یادی ٢٦ ساڵەی شەهید کرانی د.قاسملوو‌و هاوڕێ عەبدوڵلا قادری ئازەر دەچین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وا ماتەمباری شەهیدکرانی دەستەیەکی دیکە لە ڕۆڵەکانیەتی. هێشتا ماتەمی شەهید کرانی دوو لە قارەمانانی خەباتی نێو بەندیخانە‌و خەباتی جەماوەری‌و سەرشەقام، شەهیدان مەنسوور ئاروەند‌و ئاکام تەللاج، باڵیان بە سەر کوردستان دا کێشاوە. هێشتا بە دەیان ڕۆڵەی ئەم خەڵکە کە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر مەرگی دڵتەزێنی کچی بێتاوانی کورد فەریناز خوسرەوانی لە مەهاباد ڕژابوونە سەرشەقامەکان‌و درانە بەر دەسڕێژ، هەر وا لە بەندیخانە‌و لە ژێر ئەشکەنجە دان‌و لە گەڵ چارەنووسێکی نادیار بەرەوڕوون.
خەڵکی کوردستان ئەمساڵ لە کاتێک‌دا یادی تاوانی شەهید کرانی ڕێبەر‌و سەرکردەیەکی بێ وێنەی خۆیان بە هۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و لە سەر مێزی وتووێژ دەکەنەوە کە سیاسەتی سەرکوت‌و تاوان دژی گەلی کورد هەر وا بەردەوامە. سەدان کەسی ئازادیخواز‌و لەستەم‌و بێمافی وەدەنگهاتووی کورد هەر وا لە بەندیخانەکان دان کە لە یەکساڵی ڕابردوو دا، ژمارەیەکی دیکە لەوان ئێعدام کران. محەممەد سەدیق کەبوودوەند دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان‌و سیما‌و سەمبولی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ٨ ساڵ لەمەوبەر هەر لەم مانگە دا قۆڵبەست کرا، تا ئێستاش لە بەندیخانە دایە. کەبوودوەند هەر ئەو تێکۆشەرە خۆڕاگرەیە کە هەموو ساڵێ لە نێو بەندیخانەوە داواتان لێ دەکا ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ بکەن بە ڕۆژی دەربڕینی نارەزایەتی بەرامبەر سەرکوت و تیرۆری دەولەتی.
ئەمساڵ لە هەلومەرجێک دا لە ٢٢ی پووشپەڕ نزیک دەبینەوە کە نەک هەر نیشانەیەک لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی حەسەن ڕۆحانی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرکۆماری‌دا بە خەڵکی کوردستانی دابوون لە گۆڕێ دا نییە، بەڵکوو قۆناغێکی نوێ لە لەشکرکێشی بۆ شار‌و ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان‌و ئاوەدانکردنەوە و زیادکردنی بنکە‌و پێگە نیزامییەکان، دەستی پێکردوەتەوە. هەر ڕۆژەی لە شار‌و ناوچەیەک‌و لەبەرچاوی دامودەزگا بێتەفاوەت‌و کەمتەرخەمەکانی ئەو ڕێژیمە سروشتی جوانی کوردستان، دەبێتە ئامانجی ئاگر‌و سووتمانی گوماناوی. خەڵکی کوردستان، کە لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، داوای مافەکانی خۆیان کرد‌و تەسلیمی دیکتاتۆری‌و کۆنەپەرستی نەبوون، هەر وا لە بێبەشی‌و بێمافی‌دا ڕاگیراون‌و بە شێوەی جۆراوجۆر تۆڵەی هەڵوێستی ئازادیخوازانەیان لێ دەکرێتەوە.
بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چۆک دانەهاتوە. لە هەر دەرفەتێک بۆی هاتووەتە پێش بۆ دەربڕینی ویست‌و پەیامی خۆی سوودی وەرگرتوە. هەر کات کەمترین دەرەتانی هەبووە بە شێوەیەکی هێمنانە‌و مەدەنی، پێگەیشتوویی خۆی‌و سووربوونی لە سەر داواکردنی ژیانێکی ئازاد‌و بە دوور لە ستەم‌و چەوسانەوە، پێشان داوەتەوە. بۆنە نەورۆزییەکان، چالاکییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، تێکۆشان لە ڕاستای نەهێشتنی توند‌و تیژی بەرامبەر منداڵان‌و ژنان، وەستانەوە بە دژی بڵاوکردنەوە‌و بە کارهێنانی ماددە سڕکەرەکان، هەوڵی دڵسۆزانە بۆ پاراستن‌و بەرەوپێشبردنی زمان‌و کولتووری کوردی‌و ڕێزگرتن لە سامانە ئەدەبی‌ و هونەری‌و زانستییەکان، هاوپیوەندی لە گەڵ نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە، بەڵگەی زیندوویی‌و بە چۆکدانەهاتوویی گەلەکەمانن.
ئەمساڵ لە بارودۆخێک‌دا بەرەو یادی تیرۆری د.قاسملوو دەچین کە لە سۆنگەی پەیڕەوکرانی سیاسەتی چالاککردنەوەی تێکۆشان لە نیوخۆی ڕۆژهەلاتدا، هیوا‌و هومێد بە هێزی پێشمەرگە‌و ئامادەبوونی تیکۆشەران لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌دا، ڕوو لە هەڵكشانە. حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای پیداگرتنەوە‌و دووپاتکردنەوەی شێلگیربوونی خۆی لە سەر سیاسەت‌و تیکۆشانی ڕۆژهەڵاتتەوەر، داوا دەکا ٢٦ ساڵەی تیرۆری د.قاسملووی ڕێبەر بکرێ بە دەرفەتێک بۆ نواندنەوەی هاوپێوەندیی نەتەوەکەمان لە گەڵ ئامانجەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنە کە ڕزگاریی خەڵکی کوردستان لە ستەم و دیکتاتۆریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
چاوەڕوانیمان ئەوەیە ئەمساڵیش لە ٢٢ی پووشپەڕدا‌، یەکگرتوویی‌و وەفاداریی خۆتان بە ئامانجەکانی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو، لەهەڵوێستێکی خەباتگێڕانە‌و ڕاشکاوانەدا پێشان بدەنەوە. لەم پێوەندییە‌دا وێڕای پێداگرتنەوەمان لە سەر هەموو ئەو چالاکی‌و حەرەکەتانەی لە ساڵانی رابردوو‌دا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی د.قاسملوو بەڕێوەچوون، داواتان لێ دەکەین لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ‌دا، شەقام‌و بازاڕ بایکۆت بکەن. بۆ ئەوەی مانگرتنی گشتی‌و داخرانی بازاڕ وەکوو هەڵوێستێکی گشتی لەم بۆنەیە‌دا دووپات بێتەوە، پێویستە لە چوون بۆشەقام‌و بازاڕ خۆ بپاریزن‌و بەم جۆرە هاندەر‌و هاوکاری خاوەن دوکانەکان لە داخستنی دوکان‌و بازار‌دا بن.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەردەوامیی ئەو خەبات‌و بەربەرەکانییەی لە گۆڕەپانی جۆراوجۆردا، بە دژایەتی لە گەڵ ستەم‌و سەرکوت‌و بۆ بەرگری لە ماف‌و ئازادییە ڕەواکانیان ، بەرەو پێشی دەبەن، پێویستیان بە نیشاندانەوەی دیمەنێکی بەشکۆی دیکە لە یەکگرتوویی‌و بەچووک دانەهاتوویی خۆیان هەیە. با بە هەموو لایەک 22ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بکەین بە دەرفەتێکی گونجاو بۆ وەڕێخستن‌و نواندنی ئەم هەڵویستە خەباتگێڕانەو نەتەوەیییە. بەو هیوایە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٤
٦ی جولای ٢٠١٥