کۆڕیادی ماتەمینی مام برایم پەیڕەوان. محەممەد پشدەری

لەیادی کۆڕی ماتەمینی خوا لێخۆشبوو مام “برایم پەیڕەوان” دا دەڵێم:

• ئەوانەی کە کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بووە بە ڕێبازیی راستەقینەیان‌و نیشتیمانی خۆشەویستیان کردووە بە رووگەی ژیان و تەنانەت بۆ ساتێکیش، ناتوانن لە بیری بکەن،
• ئەوانەی کە کوردبوون و کوردایەتی، بووە بەخوێن و لەگەڵ جەستەیاندا تێکەڵاو بووەو لەپێناو پاراستنی نیشتیمانەکەیاندا وازیان لە هەموو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیانی خۆیان هێناوە،
• ئەوانەی کە بوون بە چەقڵ و چاویی دوژمنانیان کوێر کردووەو هەمیشە بیر لەداهاتوویەکی گەش بۆ گەلەکەیان دەکەنەوەو بەردەوەوام بە ئومێدی رزگار کردنی نیشتیمانەکەیانەوە دەژین، ئەوانە، چ لە ژیاندا بن، چ لە ژیاندا نەمابن، هەمیشە لەناو دڵی خەڵک‌و باوەشی کوردستانەکەیاندا دەژین و هۆی شانازین بۆ گەل و وڵاتەکەیان.
• مام برایمی نەمر، یەکێک بوو لەو کەسە دڵسۆزانە، کە وەک پێشمەرگەیەکی گیان فیدا، لەوکاتەوە کە ژیان لەلای شیرین بووە، ژیان و گیانی پێشکەش بە کوردستانەکەی کردووەو وشەی پیرۆزی پێشمەرگەی وەک گرانبەهاترین مەدالیا، دەملکردووەو بووە بە جوانترین پيناسە بۆ ئەو تێکۆشەرو خەباتگێڕە ماندوویی نەناسە.
• ناوبراو، تا دوا هەناسەی ژیانیش، جگە لە کوردبوون و ئازادیی بۆ کوردستان، بیری لە هیچ شتێکی دیکە نەکردەوە.
• ئەگەرچی بەشێک لە خەونەکانی خوالێخۆشبوو هاتوونەدی، بەڵام بەداخەوە مەرگ و دابڕان، کە سروشتی ژیانەو هەرگیز ناگۆڕێت، بەرۆکی ئەویی گرت‌و لە هەموومانی دابڕیی.
• مام برایمی نەمر، بەهۆی نیەتپاکی و دڵسۆزیەوە، شەڕەفێکی زۆر گەورەی پێبەخشرابوو. ئەویش ئەوەبوو کە متمانەی تەواوی بەدەست هێنابوو و جێگای باوەڕی هەموو کەسە ناسراوو نەناسراوەکانی دەوروبەری بوو.
• هەر بۆیە زۆربەی تەمەنی، لە نزیک گەورە سیاسەتمەداری کوردستان، مامۆستا مەلا عبداللەی حسن زادە، بەسەردەبردو پارێزەری گیان و ژیانی ئەو سەرکردە خۆشەویستە بوو.
منیش بەناوی خۆم و بنەماڵەکەم و کەرتی رێکخستنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەدەلاید، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کاک حسین پەیرەوان، برازای خوالێخۆشبوو، هەروەها سەرجەم کەس و کارە بەڕێزەکەی دەکەم و هیوای سەبووری و ئارامیش بۆ هەموو لایەک دەخوازم و لەخوای گەورە دەپاڕێمەوە کە جێگای نەمریش، بەهەشتی پان و بەرین بێت.
مام برایم!
تۆش بە ئارامی بخەوەو دڵنیابە خەونەکانت یەک لەدوای یەک دێنەدی و رووحی پاک و هەمیشە زیندووت، کە وەک پەپولەیەک بەردەوام بەدەوری کوردستانەکەتدا دەسووڕێتەوە، شاهیدی بەدیهاتنی سەرجەم ئاواتەکانت دەبێت.

• هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی مام برایم پەیڕەوان و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی ‌و تێکۆشەرانی کوردو کوردستان.
• بەهیوای ئازادیی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان.
• بەردەوام بێ یەکگرتوویی و بەیەکەوە ژیانی خەڵکی کوردستان.
• هەر گەشاوەو شەکاوە بێ ئاڵای بەرزو پیرۆزیی کوردستان.
سوپاستان دەکەم