ڕۆڵەکانی دێموکرات پەلامارێکی هێزەکانی ڕێژیمیان بۆ سەر خۆیان لە ناوچەی ڕەبەت تێک شکاند

ئێوارە درەنگانی دوێنێ سێشەممە١٠ی خەرمانان ( ١ی سێپتامبری ٢٠١٥) هێزێکی هاوبەش لە تێکۆشەرانی دیموکرات و پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ناوچەی ڕەبەت و لە نێو ئاوایی و دەوروبەری گوندی سیسێری ناوچەی ڕەبەت بوون، کەوتنە بەر پەلاماری هێزێکی زۆری ڕێژیم پێکهاتوو لە جاش و پاسدار کە بە زیاتر لە ١٠ تویوتا و ماشێنی هەڵگری چەکی جۆراوجۆر خۆیان گەیاندبووە دەوروبەری ئاوایی.
تێکۆشەرانی دیموکرات لە گەڵ بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئاوایی سیسێر لە بەر دەرگای مزگەوت خەریکی هەواڵپرسی و قسە و باس و دیدار نوێکردنەوە بوون کە پەلاماردەران، دەستڕێژیان لە سەنگەرەکانی دیدەبان و نیگابانەکانی هێزی پێشمەرگە لە دەرەوەی ئاوایی کرد. پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکان کە بە وشیارییەوە جموجۆڵی هێزی پەلاماردەریان گرتبووە ژێر چاوەدێری، گورج لێیان وەدەست هاتن. جاش و پاسدارەکان کە لە هەمووە میحوەرەکانەوە لە گەڵ ئاگری بێئەمانی چەکی پێشمەرگەکان بەرەوەڕوو بوون، خۆیان رانەگرت و ناچار بە پاشەکشە بەرەو سوێروێ و نستان و ماوەڵۆ بوون و رۆڵەکانی دیموکراتیش بە سڵامەتی لە شوێنی تێکهەڵچوونەکە دوور کەوتنەوە.
بە دوای ئەم پاشەکشەیەی جاش و پاسدارەکان و زەبر وێکەوتنیان لە لایەن هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تۆپخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرزایی و شێو و دۆڵ و مووچە و مەزراکانی سوێروێ، نستان، گەنمان ،گۆڵێ و چەند گوندێکی دیکەی ئەم ناوچەیان بە توندی دایە بەر ئاگر و ئاسن و زیانێکی زۆریان بەلێڕەوارەکانی ئەم دەڤەرە و رەز و باغ و مووچەی خەڵک گەیاند.
شایانی باسە بە گوێرەی زانیارییەکان لەم شەرە دا ژمارەیەک لە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون کە بە چەند ئامبولانس گوێزراونەوە بۆ شاروچکەی ڕەبەت و شاری سەردەشت. ناوی دوو جاشی ناسراوی ناوچە کە دەگوترێ یەکێکیان فەرماندەری ئەو هێزە پەلاماردەدرە بووە، لە نێو ناوی کوژراو و بریندارەکان دا هەیە کە پاش دڵنیابوونمان لە راستیی زانیارییه‌که‌، لە هەواڵەکانی داهاتوو دا بە ئاگاداریی خەڵک و میدیاکان و بیرورای گشتیی دەگەیەنین.
پێویستە بگوترێ جگە لە شەوی ڕابردوو ئەمڕۆش هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی کویستانەکانی نێوان ناوچەکانی مەهاباد و رەبەت بەتایبەتی بەرزاییەکانی کاوڵان، کوران، کانیەڕەش و گوندەکانی دەوروبەریان بە خەستی تۆپباران کردوە.