کۆچی دوایی وەستا قادر حەسەن‌پوور ئەندامێکی وەفادار و دێرینی حدک و برای نەمر کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆ ڕێکەوتی ٢٠ ـ ١١ ـ ٢٠٢٠ وەستا قادر حەسەن‌پوور برای نەمر کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا لە تەمەنی ٨٢ ساڵی دا لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەدا کۆچی دوایی کرد.
وەستا قادر حەسەن‌پوور کوری حاجی برایمی مام ئۆمەری لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی دا لە دایک دەبێ و دەورانی مێرمنداڵی لە ئامێزی بنەماڵەکەی دا لە قۆناخێکی سەختی دوای شەری دووهەمی جیهانی دا تێپەر دەکا و دوای تێکروخانی کۆماری کوردستان بەداخەوە بە هۆی ئەوە کە باوکی لە ئەندامانی سوێندخواردووی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان بوو، لەگەڵ باوکی ئاوارەی باشووری کوردستان ( قەڵادزێ) دەبن و بۆ ماوەی ١٠ سال لە قەڵادزێ و لە دەڤەری پشدەر دەمێننەوە. شایانی باسە کە حاجی برایم حەسەن‌پوور باوکی وەستا قادر، بە تفەنگێک کە ئی کۆماری کوردستان دەبێ دەچێتە باشووری کوردستان و دوای ١٠ ساڵ کە دەگەرێتەوە شاری سەردەشت، لە لایەن ساواک و ڕووکنی ٢ی ئارتەش بانگ دەکرێ و پێی دەڵێن کە تفەنگێکی ئارتەشی ئێرانت لەگەڵ خۆت بردوە بۆ عێراق و دەبێ پووڵی ئەو تفەنگە بدەیەوە بە حکوومەتی ئێران، ئەو کات پووڵی تفەنگەکە لە کاک حاجی برایم وەر دەگرنەوە.
گەورەبوون لە نێو بنەماڵەیەکی شۆرشگێردا وەستا قادر فێری خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان دەکا و ئەوەش وا لە وەستا قادر دەکا کە بە ڕێچکەی باب و مامەکانی دا کە دێموکرات بوون هەنگاو هەڵبێنێتەوە و هەر بۆیە وێرای ئەوە کە وەک خۆی کەسایەتی‌یەکەی تایبەتی لە نێو خزم و هاوشاری و ناوچەکەدا هەبوو، لە هەمانکاتدا وەک مرۆڤێکی دیاری بنەماڵەکانی حەسەن‌پوور و حەدداد و حەکیم‌زادە و عەلیدووست چاوی لێدەکرا.
لە کاتی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بە دژی رژێمی پەهلەوی دا وەستا قادر بەشداری چالاکانە دەکا و دواتریش دەبێتە یەکێک لە کەسە دیارەکانی کۆڕوکۆبوونەوەکان. دوابەدوای گیرانەوەی کوردستان لە لایەن رژێمی خومەینی‌یەوە، وەستا قادر بۆ ماوەیەک لە لایەن رژێمەوە بە تاوانی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و برا و مام برازا پێشمەرگەکانی دەگیرێ و بە تووندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دەکرێ.
دوای ئازادبوونیشی لە زیندان کاک وەستا قادر بە هۆی ئەوە کە ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خەباتیان دەکرد، زۆرجار لە لایەن رژێمەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و زۆرجاریش لە لایەن ئەو ئۆرگانە سەرکوتکەرەی رژێمەوە فشاریان بۆ دێنا کە سەردەشت بەجێ بێڵێت. هەڕەشە و بێ‌ڕێزیەکانی حکوومەت هیچ کات نەیتوانی وەستا قادر بە چۆک دابێنی، تەنانەت لەگەڵ کاک حاجی برایمی باوکی چەندین جار بەگژ بەکرێگیراوانی رژێم دا دەچنەوە.
وەستا قادر لە هەموو وەرزەکانی ساڵ و لە هەموو قۆناخەکانی سەختی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بە ڕێگەی قاچاغ دا خۆی دەگەیاندە لای کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور و خزمەکانی کە لە نێو شۆڕش دا بوون. جێ‌گۆرکێ و گۆرینی شوێنی ژیان لە شۆڕش دا و ڕاگوێزتنی بنکە و بارەگا و بنەماڵەکانی حیزب لە نێوخۆی وڵات و لە باشووری کوردستان و سەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، بۆ وەستا قادر ببوو بە عادەت و لە ژێر هەڕەشەی ڕژێم و ساردی کوێستانەکان و گەرمای تاقەت پڕوکێنی گەرمێن و دەشتی کۆیەدا و لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا هاتووچۆی برای پێشمەرگە و خزمەکانی دەکرد.
وەستا قادر مرۆڤێکی سادە و خاکەرایی بوو، کەسێکی دڵسۆز و خۆشەویستی گشت لایەک بوو، بەردەوام خەمی لە هەژاران دەخوارد و خۆشەویستی‌یەکی تایبەتی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و شۆڕش هەبوو، پەیوەندی‌یەکی چڕوپڕی لەگەڵ کادرەکانی تیمی تەشکیلاتی نێوشاری هەبوو، جێگای متمانەی کادرەکان بوو، زۆربەی ئەندامانی حیزبی لە نێوخۆی سەردەشت و دەوروبەر و تەنانەت شارەکانی دیکەش دەناسین و پەیوەندی نێوان ئەندامانی نێوخۆ و کۆمیتە و کادرەکانی بە جوانی ڕێکدەخست، وەستا قادر لە زۆر بواردا پرس و رای پێدەکرا و زۆرجار لە لایەن کادرەکانەوە بۆ شوێنی زۆر پڕ مەترسی ڕەوانە کراوە و بە بێ ئەوەی خۆ لە کارەکان ببوێرێ، کارەکانی ڕادەپەراندن و نامەو پەیامەکانی کادرەکان و کەسە دیارەکانی حیزبی دەگەیاندە نێوخۆی وڵات و لە کۆکردنەوەی یارمەتی ماددی دا زەحمەتی زۆری دەکێشا و بە هۆی ئەوە کە لە بنەماڵەیەکی دەست ڕۆیشتوو و شۆرشگێری دێموکرات بوو، خەڵک متمانەیان پێ دەکرد و یارمەتی‌یە ماددی‌یەکانی خۆیان بۆ شۆڕش دەدا بە وەستا قادر و ئەویش بە ئەمانەتەوە دەگەیاندە دەست کادرەکان، وەستا قادر ساڵانە چەند جار سەردانی بنکەکانی حیزب و بنەماڵەکانی دەکرد و هەمیشە بە دەستی پڕ و بە هەگبەیەک کتێبی تازە دەرچوو لە نێوخۆی وڵات را دەگەیشتە لای کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور.
لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا وەستا قادر و بنەماڵەکەیان زامی قورسیان هەڵگرت و جگەرگۆشە و برا و خۆشەویستانی وەک نەمر کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور، شەهیدان محەممەد حەسەن‌پوور، نەسرین حەدداد، حەمەساڵح حەسەن‌پوور و کاوە حەکیم‌زادەی لە شۆڕش دا کردنە قوربانی خاک و وڵات، بە دڵ بۆیان گریا و بۆیان بە پەرۆش بوو، بەڵام هەرگیز ئەژنۆی نائومێدی لە ئامێز نەگرت و ڕۆژ بە ڕۆژ خۆشەویستی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە نێو شۆڕش دا و بە شۆرشگێرانی دیکە لە زیادبوون دا بوو، لە سەردانەکانی دا بە بێ ترس هاتووچۆی ڕێبەرانی حیزبی دەکرد و لە نزیکەوە لەگەڵیان دەکەوتە دیالۆگ و زۆرجار دەبوو بە پەیک و نامەبەری شۆڕش بۆ نێوخۆی وڵات.
ئەوانەی لە نزیکەوە وەستا قادریان دیتوە و بە تایبەت کادرەکانی تیمی شار دەزانن کە هەمیشە بە ئومێدەوە دەیروانی‌یە شۆڕش و بە ئومێدەوە باسی لە ڕزگاری گەلەکەی دەکرد، مخابن وەستا قادر ماوەیەک بوو بە هۆی بە ساڵاچوویی و بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا لە بارودۆخێکی تەندرووستی باش دا نەبوو، وەستا قادر دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی بەداخەوە ئەمرۆ هەینی ٢٠ ـ ١١ ـ ٢٠٢٠ لە ئامێزی بنەماڵەکەی دا کۆچی دوایی کرد.
بەم بۆنەوە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورە شۆرشگێری حەسەن‌پوور بە گشتی و خزمانیان لە دەرەوەی کوردستان و نێوخۆی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
حەمەرەسووڵ کەریمی