ڕاگەیەندراوی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک سمکۆ عەلیار

ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی سەرهەنگ سمکۆ عەلیار بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
سەرهەنگ سمکۆ عەلیار لە بنەماڵەیەکی دەست‌ڕۆیشتووی موکریان لە گوندی عەمباری ناوچەی بۆکان لەدایک ‌بووە و خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیان دەست پێ کردوە و پاشان بۆ درێژەی خوێندن لەگەڵ سەرگورد کەریم عەلیار و دوو برای دیکەی نێردراونە شاری تەورێز و تا وەرگرتنی دیپڵۆم لەو شارە خوێندوویەتی. پاشان ماڵیان چۆتە تاران و لە دانشکەدەی ئەفسەریی تاران درێژەی بە خوێندن داوە و بە دەرەجەی ستوان دووهەم چووەتە نێو ڕیزی ئەرتەشی ئێرانەوە.
کاک سمکۆ عەلیار لەو سەروبەندەدا ئەڵقەی پێوەندیی نێوان ئەرتەشی ئێران و شۆڕشی باشووری کوردستان بووە و هەر ئەو دیدارانە بوونە هۆی ئەوەی لەگەڵ ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان پێوندیی هەبێ و بەو تاوانەش کەوتە بەر غەزەبی ڕوکنی دووی ئەرتەش و ساواکەوە، بەڵام بەهۆی لێوەشاوەیی لە کاری نیزامیدا لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا بوو بە سەرهەنگ.
کاک سمکۆ عەلیار پاش شۆڕشی گەلانی ئێران وەک ئەفسەرێکی نیشتمانپەروەر وێرای شەهید سەرگورد کەریم عەلیاری برای بۆ خزمەت بە گەلەکەیان گەڕانەوە کوردستان و پلە و پایەی ئەرتەش و ژیانی تارانیان بەجێ ‌هێشت و هاتنە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە. کاک سمکۆ دواتر لە سەر پێشنیاری شەهید دوکتور قاسملوو کە دۆستایەتیی نزیکی لەگەڵی هەبوو یەکەم دەورەی فێرگەی سیاسی_نیزامیی بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات لە سەدرئابادی بۆکان کردەوە و هاوکات وەک ڕاوێژکاری نیزامی لە پرسە گرینگەکان‌دا لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهید دوکتور قاسملووەوە پرس و ڕای پێ‌دەکرا.
کاک سمکۆ عەلیار پاشان بۆ دڕیژەدانی ژیان چووە پاریس، پێتەختی فەڕانسە و دواتر لە وڵاتی سوئێد گیرسایەوە و تا کۆتایی تەمەنی لەو وڵاتە ژیانی بردە سەر.
کاک سمکۆ عەلیار لە ژیانی تاراوگەشدا پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکڕات و ڕێبەرانی حیزب نەپساند و وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر ئەوەی لە توانای‌دا هەبا بۆ خزمەت بە گەلەکەی دەیکرد و لە هیچ هاوکارییەک درێغی نەدەکرد.
سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک سەرهەنگ سمکۆ عەلیار سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاری دەکا و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
سکرتاریا
٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩