مەرگێکی ناوادە و داخێکی گران. عەبدوڵڵا حەسەنزادە

ڕۆژی سێشەممە ١٥\٧\١٣٩٩ی هەتاوی (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی) خەبەری مەرگی ناوادەی خاتو نەسیم عەزیزی کچی فەرماندەی شەهیدی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات حەمەعەزیز عەزیزی و نەوەی کەسایەتیی ناسراوی ناوچەی سەردەشت مام عەزیز عەزیزی لە شاری ڤێستڕۆسی وڵاتی سوئێد بڵاو بۆوە و هەموو خزمان و دۆستان و ناسیاوانی ئەو بنەماڵە سەربەرزەی ماتەمبارکرد. ئەگەرچی بنەماڵەی عەزیزی لە ناوچەی سەردەشت بۆ هەمووان و لە زۆر ناوچەی دیکەی کوردستانیشدا بۆ تێکۆشەرانی دێموکڕات ناسراون. بەڵام لەم بۆنە خەمناکەدا بە پێویست دەزانم ئاوڕێکی کورت لە ڕابردووی پڕشانازیی ئەو خانەدانە بدەمەوە:
بنەماڵەی عەزیزی لە کۆنەوە تێکەڵ بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوون. لە سەردەمە زێڕینەکەی کۆماری کوردستاندا هەم مام عەزیز و هەم برای لە خۆی گەورەتری، خوالێخۆشبوو فەقێ ئەحمەد ئەندامی حیزب و پێشمەرگەی کۆمار بوون. دوای ڕووخانی کۆمار و لە دەورانی خەباتی نهێنیدا ئەو بنەماڵەیە هەمیشە مەحڕەمی ڕاز و پەناگەی تێکۆشەرانی دێموکڕات، بەتایبەتی شەهیدی نەمر مەلا ئاوارە کادری هەڵکەوتووی ئەم حیزبە بوون.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ڕاگەیەندرانی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکڕات ئەو بنەماڵەیە و زۆربەی خزم و کەسەکانیان لە گوندی بێوران و دەوروبەر پەیمانی خەباتگێڕانەیان دەگەڵ حیزبەکەیان نوێ کردەوە و کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پەلاماری نیزامیی هێنایە سەر کوردستان و گەلی کوردی ناچار بە بەرگریی چەکدارانە کرد، بە دەیان کەسیان تێکەڵ بە هێزی وڵاتپارێزی پێشمەرگە بوون و زۆر پێشمەرگە و فەرماندەری قارەمانیان لێهەڵکەوتن کە یەکێک لەوان شەهید حەمەعەزیز باوکی نەسیمی جوانەمەرگ بوو. حەمەعەزیز فەرماندەی بەوەج و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و هاوڕێ پێشمەرگەکانی، لە ماوەی پێشمەرگایەتی و فەرماندەریدا ئەوەی شەرتی فیداکاری و قارەمانەتی بوو لەخۆی نیشان دا هەتا ساڵی ١٣٦٤ (١٩٨٥) لە شەڕێکی قارەمانانەدا شەهید بوو. بەڵام نە حیزبەکەی و نە بنەماڵەکەی ڕازی نەبوون جێگاکەی بەتاڵ بێ و زۆر زوو برای لە خۆی چووکتری، کاک ڕەسووڵ عەزیزی جێگاکەی پڕ کردەوە و ئەویش هەروەک کاکی شەهیدی بوو بە نموونەی فەرماندەرێکی ئازا و فیداکار و کارزان.
بە داخێکی گرانەوە بەخشندەیی ئەو بنەماڵەیە بە حەمەعەزیز کۆتایی نەهات و چەند ساڵ دواتر لە ساڵی ١٣٧٠ (١٩٩١) دا فەرماندەی قارەمان ڕەسووڵ عەزیزییش شەهید بوو و داخێکی گرانی بە دڵی دڵسۆزانی کوردەوە نا. لێرەدا بوو کە ئازایەتی و دڵسۆزیی بنەماڵەی عەزیزی گوڵی کرد و ڕێز و سەرسوڕمانی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەو بنەماڵە سەربەرزە بەتایبەتی مام عەزیز و ئامۆژنە مریەم کە هەموو ماڵ و مڵکیان بەجێ هێشتبوو تا لەنیزیکەوە خزمەتی مەسەلەی ڕەوای گەلەکەیان بکەن، وەک چیایەکی سەربەرز خۆیان لەبەر غەمی لەدەستدانی دوو جگەرگۆشەی قارەمانیان ڕاگرت و ورە و باوەڕیان بە هاوسەنگەرانی ڕۆڵەکانیان بەخشی. نووسەری ئەم دێڕانە قەت لەبیری ناچێ کە لە پرسەی شەهید ڕەسووڵدا پێشمەرگەکان بۆ سەرەخۆشی دەستی دایە مریەمیان ماچ دەکرد، هەموویانی ماچ دەکرد و دەیگوت ڕۆڵە گیان! شوکرانە بە سەری ئێوە دەبژێڕم، چاک نیە ڕێگاکەی کوێر نەبۆتەوە؟ هەرکام لە ئێوە بۆمە ڕەسوویەکن.
دێمە سەر باسی گەورەژنی کورد خوشکە خەجیج دایکی جوانەمەرگی لەدەستچوومان. ئەو نموونەی پاکی و ڕاستی و دڵسۆزییە، دوای شەهیدبوونی باب و مامی نەسیم، شێرە ژنانە شەش منداڵە شەهیدی لە ژێر سێبەری پشتیوانیی دایک و بابی شەهیدەکاندا بە خوێنی دڵ و فرمێسکی چاو وەک گوڵ بەخێو کردن و پێیگەیاندن بێئەوەی بێڵێ لە هیچ بوارێکی خوێندن و ژیانی کۆمەڵایەتیدا لە هاوتەمەن و هاودەورەکانیان دوا بکەون. پتر لە سێ ساڵ بوو یەکەمنەمامی دەستپەروەردەی خوشکە خەجیج بە دەست نەخۆشیی بێئەمانی شێرپەنجەوە دەیناڵاند. بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا کە مۆمی تەمەنی ئەو نەونەمامە ساوایە بە شۆڵەیەکی کزەوە داییسا و بەرەبەرە دەتوایەوە، خوشکە خەجیج باغەوانی ئەو باغە پڕنەمامە بەدەم ئازارەوە دەتلایەوە، هەتا دوو ڕۆژ لەمەوبەر کە مۆمی تەمەنی نەسیم بە زەبری ڕەشەبای ئەجەل کوژایەوە و «داخێکی نا بە جەرگی گوڵ و لالەزارەوە».
چۆن بوێرم باسی نەسیم بکەم و چبڵێم کە بایی مستێک لە خاکی سەر گڵکۆکەی بێ؟ نەسیم ئەو ڕۆژەی ڕۆیشتیش لەبەر چاوی هەموو ئازیزانی و تەنانەت هەموو ئەوانەی دەیانناسی هەر منداڵ بوو. بەڵام هەر لەوکاتەوە کە فامی کردبۆوە نموونەی مرۆڤێکی ناسک، میهرەبان، بەئەخلاق و بەشەخسیەت بوو. ئەو کە ببوو بە دایک و دوو منداڵی لەدوای خۆی بەجێ هێشتوون دایکێکی فریشتەئاسا بۆ منداڵەکانی و هاوسەرێکی نموونە بۆ کاک موحەممەدی بایەزیدی باوکی منداڵەکانی بوو. چەند ساڵ بوو بەدەست ئەو نەخۆشییە دڕندەیەوە دەیناڵاند. دەگەڵ ئەو هەموو ئازارە کە دەیچاشت، هەروەخت خۆشەویستێک سەری دەدا و ئەحواڵی دەپرسی، ددانی بەجەرگی خۆیدا دەگرت و وای نیشان دەدا کە وەزعی باشە تا ئازیزەکانی غەمبار نەکا. هەر ئەوندە دەتوانم بڵێم کە لە ژیانی خۆمدا کەسم نەدیوە کە وەک نەسیمی جوانەمەرگ ئەوەی ناسیبیەتی بۆی بە پەرۆش بێ. سڵاو لە ژینێکی وا جوان و داخ لە مەرگێکی وا بەژان.
لە کۆتایی ئەم بابەتە لاوازەدا سەرەخۆشی لە هەموو بنەماڵەی گەورەی عەزیزی، بەتایبەتی لە خوشکە خەجیج دایکی جگەرسووتاو، لە هاژە و هێما دوو جگەرگۆشەی نازشێواو و لە کاک موحەممەدی بایەزیدی هاوسەری ئازیزلەدەستداوی نەسیمی جوانەمەرگ دەکەم. بۆ هەمووان سێبووری و خۆڕاگری و بۆ گیانی نەسیمی کچ و خوشکەزام بەهەشتی بەرین و باوەشی بەزەیی خوا ئارەزوو دەکەم. نەسیم گیان خوات لەگەڵ و ئۆغرت خێر، بەڵام دەزانی بە مەرگت برینێکی قەتماغەبەستووشمت کولاندەوە؟