کۆچی دوایی کچی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سۆئێد

خاتوو نەسیم عەزیزی، کچی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی (بەرانبەر بە ٦ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ی زایینی) خاتوو نەسیم عەزیزی، یادگاری شەهید حەمەعەزیز عەزیزی یەكێک لە فەرماندە بەوەجەکانی حیزبی دێموکرات پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە لە وێسترۆسی سوئێد بە جوانەمەرگی سەری نایەوە.
خاتوو نەسیم وەکوو زۆربەی مندالانی نازشێواو پاش شەهیدبوونی باوکی بە چەرمەسەری و هەنیسک و فرمێسکی دایکی گەورە ببوو. ئەو خاتوونە بەڕێزە لە بنەماڵەیەکی نیشتمان‌دۆست و کوردپەروەردا لەدایک ببوو. بنەماڵەی عەزیزی هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تێکەڵ بە شۆڕشی ڕەوای گەلەکەمان بوون و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە.
خاتوو نەسیم عەزیزی هەم باوکی شەهیدی حیزبی دێموکرات و هەم مامیشی لە سەنگەری خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم کۆماری ئیسلامیدا گیانی پیشکەش بە ئازادی نیشتمان کردوە.
خاتوو نەسیم وەکوو ژنێکی چالاک و خەمخۆری کوردایەتی و حیزبی دێموکرات بەو نەخوشییەوەش تا دواساتی ژیانی هۆگری خەباتی گەلەکەی و سەرکەوتنی نیشتمانەکەی بوو.
لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانەوە، پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی عەزیزی دەکەین و لەو کۆستە غەمگینەدا خۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین و هیوادارین کە دوا خەم و ناخۆشیتان بێ.
دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرڕاتی کوردستان
۱٥ی ڕەزبەری ۱۳۹۹هەتاوی