نامیلکەی (ڕاپرسی گشتی ئامرازێک بۆ سەربەخۆی گەلان) نووسینی: مافناس بارام ئیبراهیم

خواستی ئازادی سه‌ربه‌خۆیی لای نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی بن ده‌ست له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ بێبه‌ش كردنیان له‌ مافی رامیاری و ئابووری و كاڕگێڕی و كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتوری، فه‌رهه‌نگی، دینی، رۆشنبیری و‌ تێكڕای مافه‌كانی تر، كه‌ له‌ كایه‌ جیاجیاكانی ژیاندا نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست په‌یره‌وی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر تۆزێك قوڵتر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناسینی ئازادی، سه‌ربه‌خۆی، مافی چاره‌نووسین، مافی گه‌لان، بڕیاردان له‌مافی ‌چاره‌نوس، و سه‌ربه‌ستی و زۆر له‌ ده‌سته‌واژه‌كانی تر. هه‌مان واتایان هه‌یه‌ یان له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ یه‌ك خه‌یاڵدانه‌وه‌ هاتوون و ده‌ربڕی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یی و نابه‌رانبه‌رییه‌ و یه‌ك واتایان هه‌یه‌، یان زۆرلێك نزیكن و زاده‌ی بیرو هزری بیرمه‌ندانی سیاسی و‌ فه‌یله‌سوفه‌كانی رابردوون و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی، كه‌چه‌مكی نه‌ته‌وه ‌و گه‌ل باوبووه‌ و هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو شۆرشی ئه‌مریكا ساڵی 1776ز و شۆڕشی فه‌ره‌نسی ساڵی 1789ز به‌ئامانجی پاڵپشتی نه‌ته‌وه‌ و گه‌لان بۆ رزگاربوون له‌ده‌ست سیسته‌مه‌ ئیستبدادیه‌كان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌كاتی ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌وروپاییه‌كان بۆكاروباری ناوخۆیی ئه‌مریكا، كه‌ له‌ 1823ز له‌لایه‌ن (جێمس مۆنرۆ) پێنجه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌ ئه‌م چه‌مكانه‌ ده‌ركه‌وت.
دواتر له‌لایه‌ن سیاسیه‌كانی نه‌ته‌وه‌وگه‌لانی ژێرده‌سته‌وه‌ ته‌به‌نی كراوه‌ به‌دنیای سیاسی دا بڵاوبوه‌یه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ی بڵاوبونه‌وه‌كه‌شی (بڕگه‌ی پێنجه‌می پێشنیاره‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكی (تۆماس ودروو ویڵسۆن)ی بیست و هه‌شته‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 1918ز بۆ چاره‌سه‌ركردنی بارودۆخی ناله‌باری ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ژێرهه‌ژموونی وڵاتانی بیانی دا بوون جه‌ختی له‌سه‌ركرایه‌وه‌.